چیرۆکی کچە ڕزگاربووەیەکی دەستی داعش
"سەرەڕای ئەوەی 4 ژنی هەبوو دەستدرێژی كردە سەرم"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 15/06/2019‌ :: 31020‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رەڤەند گوھەرزی

کچێکی رزگاربووی ئێزدی چیرۆکی رفاندنی خۆی بۆ دواڕۆژ دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "لەبەرامبەر ئۆتۆمبێلێک كە نرخەکەی سێ ھەزار دۆلار بوو، مێردەکەم منی گۆڕییەوە".


ھەدار تەلەعفەری چەكدارێكی داعش بووە، كچە ئێزدییەكەی بە عەزیز روسی فرۆشتۆتەوە کە چوار ژنی ھەبووە و سێ جار دەستدرێژی کردۆتە سەر و پاش ئەوەی دوو مانگ لەگەڵیدا بووە، کوژراوە".

ئاسیا ئلیاس قاسم، لەساڵی ٢٠١٤ لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا لەسەرەتای ھێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر شنگال لەگەڵ خێزانەکەی دەستگیر کراوە، ئەو بۆ دواڕۆژ وتی: "ئێمە لە گوندی زومان بووین، كە زانیمان داعش داخڵی شنگال بووە، پەنامان بردە بەر ماڵی پورمان لەناوچەی کورا عەبد و دواتر لەوێ دەستگیر کراین".

ئاسیا كە ئێستا تەمەنی 15 ساڵە، دەشڵێت: "دوای ئەوەی داعش دەستگیری كردین، ئەوانەی بەتەمەنبوون لێمانیان جیاکردەوە و بردیانینە گوندی سیبا شێخ خدر".

وتیشی: "دوو رۆژ لە قوتابخانەیەکی سیبا شێخ خدر ماینەوە، لەوێش کوڕ و کچ لێک جیاکرانەوە، دواتر براینە گرتوخانەی بادۆش، دوای ئەوەی پاش ھەشت رۆژ گرتوخانەکە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردومانکرا، بە چوار ئۆتۆمبێل کچانی گەنج و ژن و منداڵ گواسترانەوە و من و خوشكەكەم خراینە یەكێك لەئۆتۆمبێلەكانەوە".

 

یەکەم کەس کێ بوو لە خێزانی ئاسیا كە چەکدارانی داعش بۆخۆیان بردیان؟

ئەو کچەی ئێزدییە وتی: "یەکەم کەس لە نزیکەکانم خوشکەکەم بوو لە قەزای تەلەعفەر چەکدارێکی داعش بۆ خۆیی برد و تەنیا من و سێ کچی تر ماینەوە كە تەمەنیان لەنێوان نۆ بۆ دە ساڵ دەبوو".

وتیشی: "چەکدارانی داعش بردیانینە ماڵێک لە تەلەعفەر وتیان ئێوە فێری ئایین دەکەین، وتیان نیشانی ئێوە دەدەین چۆن دەستنوێژ دەگرن و نوێژ دەکەن و قورئان دەخوێنن، دوو مانگ لەوێ ماینەوە و رۆژانە ھەر پێنج فەرزەكەی نوێژمان پێدەكرا، دوو کچی تریش بران و من و کچێکیتر ماینەوە منداڵبوون تەمەنیان ١٢ و ١٣ ساڵ بوو.


ئاسیا وتیشی: "من و کچێکی لەخۆم بچوکتر ماینەوە بە ئێمەیان وت "دەتانبەینە گوندی کەسر میحراب كە خەڵكەكەی ھەموویا ئێزدین، ھەردوو براکەم (مەجدالی تەمەن ١٣ ساڵ و قاسمی تەمەن ١٧ ساڵ) لەوێ بوون".

باسی لەوەشکرد: رۆژێک ھەموویان لە قوتابخانەی گوندی کەسر میحرابدا کۆکراونەتەوە و لێکجیاکراونەتەوە، كە ئەو رۆژە دوا جار بووە براکانی بینیوە.

"من و دوو کچی تر براینە بارەگایەکی داعش و داوی ماوەیەک چەکدارێک بەناوی (تەیسیر موسڵی) تەمەنی ٢٨ ساڵ بوو منی بۆخۆی برد". (ئاسیا وتی). 

ئەو دەڵێت: "برامە شاری موسڵ، لەگەڵ دەیان کچی دیکە لە بارەگایەکی ئەوان بووین، ئەو چەکدارەی داعش بەمنی وت "تۆ بچوکی و لەگەڵ خۆم ناتبەم، بە چەکدارێکی تر بەناوی (ئەبو حەبیب تەلەعفەری) فرۆشرام کە پاسەوانی بارەگایەک بوو، بۆ ماوەی دە رۆژ لەلای ئەو مامەوە، برامە رەوزەیەکی منداڵانی ئێزدی کە نزیکەی ١٥٠ منداڵ لەوێبوون لەگەڵ ئەوان وانەی ئایینمان دەخوێند".

ئاسیا ٣٠ رۆژ بەڕۆژوو بوو
ئەو کچە ئیزدییە وتی: "دوو مانگ لەگەڵ ئەو منداڵە ئێزدییانە مامەوە و لەبیرمە مانگی رەمەزان بوو بە رۆژوو بووین، بەشێک لەو منداڵانە کچ بوون تەمەنیان لەنێوان ١٢ بۆ ١٣ ساڵ بووە چەکدارانی داعش دەھاتن و بۆخۆیانیان دەبردن، رۆژێک ئەمیرێکی ئەو رێکخراوە ھاتە لامان بەناوی (ئەبو عەلی تەلەعفەری) لەگەڵ (دکتۆر خالد تەلەعفەری) کە ئەمیری منداڵان بووە لەناو ئەو رێکخراوەدا، دواتر وەکو دیاری بە چەکدارێکی تەلەعفەری دام بەناوی (ئەبو عەبدوڵا) کە ئەمیرێکی نوێ بوو بەمنی وت "دەتکەمە منداڵی خۆم".

ئاسیا دەڵێت: "دوای ساڵێک لەمانەوە لای ئەو پیاوە، ئەو ئەمیرەی داعش تووشی رووداوی ھاتۆچۆ بوو گیانی لە دەستدا، دوای دوو مانگ خێزانەکەی بە منیان وت "تۆ بە چەکدارێکی داعش دەدەین، دواتر درام بە (ھەدار تەلەعفەری) تەمەنی ٢٢ ساڵ، لەو کاتە تەمەنم ١٢ ساڵ بوو، چووینە دادگا و (عەقد زەواج) مان کرد و چووینە ماڵیان و دوای ساڵێک سوپای عێراق ھێرشیانکردە سەر تەلەعفەر ئینجا بۆ سوریا هەڵاتین".

پێنج رۆژ بە رێگاوەبووین تا گەیشتینە سوریا
لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا باسی لەوەشکرد "دوای ئەوە پاش پێنج رۆژ گەیشتینە شاری تەبقا، ئەو چەکدارە لە بەرامبەر ئۆتۆمبێلێك کە نرخەکەی سێ ھەزار دۆلار بوو، دامی بە چەکدارێکی بە رەگەز روسی بەناوی (عەزیز روسی) ناسرابوو بە ئەبو عەلی روسی، تەمەنی چل ساڵ بوو چوار ژنی تری ھەبوو، یەکێکیان تەلەعفەری بوو یەکێکیش ئۆزبەکی و دوانی تریش روسی بوون".

چەکدارێکی خاوەن چوار ژن سێ جار دەستدرێژی دەکاتە سەر
ئاسیا وتی: "نزیکەی ساڵێک لەلای ئەو چەکدارە روسییە مامەوە، دوای چوار ساڵ یەکەم چەکداری ئەو رێکخراوە بوو دەستدرێژی کردە سەرم، تەنیا سێ جار دەستدرێژی کردە سەرم و پاش ئەوە لە شەڕێکدا کوژرا، لە مانگەکانی کوتایی ساڵی ٢٠١٧ دوای کوشتنیشی بڕیارماندا خۆمان بگەیەنینە کەمپی ھۆڵی".


ئەو کچە ئێزدییە دەڵێت: "دوای کوشتنی ئەو چەکدارە ھەر چوار ژنەکەی مووچەیان وەردەگرت، بەڵام من مووچەم نەبوو، لەبەرئەوەی مارە نەکرابووم، ھەر چوار ژنەکەی تری مارە کرابوون، قاچاغچییەکمان گرت بۆ ھەر یەکێک ٥٠٠ دۆلارمان دا و گەیشتینە کەمپی ھۆلێ".

لە تەمەنی 13 ساڵیدا ئاسیا لە ١\١١\٢٠١٧ هاتە کەمپی خانکێ لە سنوری قەزای سێمێل، تا ئێستا سێ کەس لە خێزانەکەی لەبندەستی داعشدا ماون كە خوشکێكی و دوو براین".

ئاسیا كە دووگیان بوو، كۆرپەكەی چی لێھات؟
ئاسیا وتی: "پێشئەوەی بێینە کەمپی ھۆلێ دوای دوو مانگ لە کوشتنی ئەو چەکدارە روسییە، دووگیان بووم، بەڵام منداڵەکەم لەمانگی دووەمیدا مرد، نەمزانی چۆن مرد، دواتر بڕیارماندا چووینە کەمپەکە و لەوکاتەی کە پشکنین بۆ ئێمە دەکرا، بەو لیژنەیەم وت كە ئێزدیم، منیان بردە لای خۆیان و رۆژی دواتر لە ٢٧\١٠\٢٠١٧ گەیشتینە شنگال".

 

داڕشتنەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure