چه‌په‌كانی كوردستان خۆیان كۆدەكەنەوە

هەواڵ / کوردستان :: 15/06/2019‌ :: 222‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر


ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: چه‌پەكانی كوردستان به‌ته‌واوی خۆیان رێكخسۆته‌وه‌ و له‌مه‌ودا كاری سیاسی به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌كه‌ن و هه‌ڵوێسته‌كانیان بۆ پرسه‌كانی هه‌رێم رێكده‌خه‌ن.

(ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 15ی حوزه‌یرانی 2019) دووه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی حزب و لایه‌نه‌كانی چه‌پ له‌ كوردستان (حزبی شیوعی كوردستان، زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، بزوتنه‌وه‌ی دیموكراتی كوردستان و حزبی كۆمۆنیست) له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامدراوه ‌و چه‌ند بڕیارێك درا.

هیوا عومه‌ر، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان و رێكخه‌ری كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ زۆر گرنگ بوو، كه‌ جگه‌ له‌ چه‌ندین حزب، سه‌ركرده ‌و مامۆستایانی زانكۆ و هه‌ڵگرانی بیری چه‌پ به‌شدارییانكرد".

وتیشی: "كۆمیته‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌نێوان چه‌په‌كانی كوردستان دروستكراوه‌ و له‌مه‌ودوا كاری هاوبه‌ش و بڕیاری سیاسی هاوبه‌ش ده‌درێت، واته‌ به‌و رێكخستنه‌وه‌یه‌ چه‌په‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ كاری سیاسی ده‌كه‌ن".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبی شیوعی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا، جه‌خت له‌ داكۆكی له‌ چین و توێژه‌ په‌راوێزخراوه‌كانی ئه‌مڕۆی كوردستان كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ پێشێلكاری زۆر به‌رامبه‌ر هاوڵاتیانی هه‌رێم ده‌كرێت و له‌م روووه‌وه‌ چه‌په‌كان چیتر بێده‌نگ نابن.
 
ناوبراو راشیگه‌یاند: بە ئه‌جێندای ته‌سكی حیزبی له‌ چوارچێوه‌ی ده‌سكه‌وتی حیزبی مامه‌ڵه‌ له‌ په‌یوه‌ندی هه‌رێم و به‌غدا ده‌كرێت كه‌متر سیاسه‌تێكی نیشتیمانی و جودی هه‌یه‌، بۆیه‌ چه‌په‌كان له‌مه‌ودوا هه‌ڵوێستی جددیان ده‌بێت.

له‌باره‌ی دابه‌زینی چه‌په‌كان به‌ یه‌ك لیست له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێم و به‌غدا، هیوا عومه‌ر وتی: "ئه‌و باسه‌ خراوه‌ته‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌كانی داهاتووی چه‌په‌كان و له‌وێ بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر ده‌درێت".

هەر لەسەر كۆبوونەوەی ئەمڕۆی چەپەكان، كاوه‌ مەحمود، سكرتێری حیزبی شیوعی كوردستان به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 15ی حوزه‌یران دوای چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی ڕابوردوو دێت له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی ئاماده‌كاری بۆ رێكخستنه‌وه‌ی كاری چه‌په‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ئامانج لێی داڕشتنه‌وه‌ی چۆنیه‌تی به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش بوو بۆ  ئه‌و سێ حیزبه ‌و كه‌سایه‌یتییه‌ چه‌په‌كان و چۆنیه‌تی میكانیزمی كاركردن له‌ قۆناغی داهاتوو.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ به‌كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و ناوه‌ند و سه‌نته‌ره‌  هاوبه‌شه‌ی كه‌ بۆی دانراوه‌ به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی.

ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد: ئامانج له‌و پڕۆژه‌و ناوه‌نده‌ ته‌نها به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن نییه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو، به‌ڵكو زیاتر په‌یوه‌سته‌ به‌ چۆنیه‌تی گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی لەلایه‌ن چه‌په‌كان  له‌نێو كۆمه‌ڵگە و چۆنیه‌تی رێكخستنه‌وه‌ی كاری چه‌په‌كانه بۆ قۆناغی نوێی كاركردن.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure