عەبدولمەهدی سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 15/06/2019‌ :: 305‌ جار بینراوە
عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

وابڕیاره‌ له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان بكات و سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتیش له‌ په‌رله‌مانى عێراق هه‌واڵه‌كه‌ پشتڕاستده‌كاته‌وه‌.


هه‌رچه‌نده‌ وابڕیاربوو له‌ رۆژى 10ى حوزه‌یران عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان بكات به‌مه‌به‌ستى ئاماده‌بوون له‌ رێوڕه‌سمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێم، به‌ڵام به‌هۆى سه‌رقاڵبوونى سه‌ردانه‌كه‌ى دواخست.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژیش، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق به‌ به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان راگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌دواى مه‌راسیمى سوێندخواردنه‌كه‌ به‌پێى ده‌رفه‌ت و به‌مزوانه‌ سه‌ردانى هه‌رێم ده‌كات.

له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ده‌نگۆیه‌ك ده‌رباره‌ى به‌نهێنى سه‌ردانكردنى بۆ هه‌رێم له‌ رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو بڵاوبوه‌وه‌.

به‌ڵام سه‌فین دزه‌یى، وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌و ده‌نگۆیه‌ى ره‌تیكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: "سه‌ردانه‌كه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ و هه‌ردوولاش گفتوگۆیان كردووه‌".

هاوكات ڤیان سەبری، سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق بۆ دواڕۆژ وتى: بڕیار لەسه‌ر سەردانەكەى سه‌رۆك وه‌زیران دراوه‌ و ته‌نها كاتى سەردانەكە دیارینه‌كراوه‌.

وتیشى: "هاتنه‌كه‌شى به‌مه‌به‌ستى پیرۆزبایكردنه‌ له‌ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و  گفتوگۆكردنه‌ له‌باره‌ى كێشە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا".

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure