ئه‌زمڕ-ى خه‌تات، خۆشنووسه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى سلێمانى

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 15/06/2019‌ :: 568‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، چاوپێكه‌وتنى سامان قوبادى

ساڵانێكى زۆره‌ (ئه‌زمڕى خه‌تات) ناوێكى دیارى بوارى خۆشنووسییه‌ و جێده‌ستى به‌ رابوردووى ئه‌م پیشه‌یه‌وه‌ له‌ شارى سلێمانیدا دیاره‌. ئه‌زمڕ، كه‌ جێگرى سه‌رۆكى رێكخراوێكى تایبه‌ت به‌ خۆشنووسییه‌، له‌م دیداره‌ى دواڕۆژدا باس له‌ خۆى و پیشه‌كه‌ى و كۆمه‌ڵه‌-كه‌یشى ده‌كات.



دواڕۆژ: سه‌ره‌تاى كاركردنت وه‌ك خۆشنووس بۆ كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟
ئه‌زمڕى خه‌تات: باپیره‌ گه‌وره‌م، حاجى فه‌ره‌جى نه‌قشبه‌ندى، له‌به‌رده‌م تاپۆى سلێمانى-دا خه‌تات بووه‌، به‌ ئوچ یان به‌ په‌ڕى قه‌ل نووسیویه‌تى، حیبریان له‌ توێكڵى پاقله‌ و ئاوى شاتوو له‌گه‌ڵ زه‌ڕنیخ تێكه‌ڵكردووه‌ و كردویانه‌ته‌ ناو گۆزه‌وه‌، كاتێك به‌ وڵاخ باریان بردووه‌ بۆ سنه‌ و هاتوونه‌ته‌وه‌ ئه‌و ماددانه‌ له‌ناو گۆزه‌كه‌دا جووڵاوه‌ و تێكه‌ڵ بوون، باشترین حیبرى لێده‌رچووه‌، دواتر به‌ پێنج مانگ قورئانى به‌ خه‌تاتى پێنووسیوه‌ته‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ردا زه‌خیره‌ى ساڵێكیان پێداوه‌، بۆیه‌ ئه‌م كاره‌یش له‌ باپیرم-انه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ ماوه‌ته‌وه‌، ئێستا نزیكه‌ى 15 كه‌سمان له‌ بنه‌ماڵه‌ خه‌تاتین، منیش له‌ ساڵى 1974وه‌ به‌هاوكاریى سمكۆ-ى براگه‌وره‌م ده‌ستم به‌م كاره‌ كردووه‌.

دواڕۆژ: بۆچى نه‌وه‌ى ئێستا به‌تایبه‌ت زۆربه‌ى خوێندكارانى زانكۆ ده‌ستوخه‌تى نووسینیان جوان نییه‌؟
ئه‌زمڕى خه‌تات: جاران خۆشنووسى له‌ قۆناغى سه‌ره‌تایى خوێندندا ده‌خوێنرا، مامۆستاكه‌ ده‌بوایه‌ خه‌تات بوایه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م لایه‌نه‌ زۆر په‌راوێز خراوه‌. له‌ ئێران له‌سه‌ره‌تاییه‌وه‌ ده‌رسى خه‌ت ده‌خوێنن، كه‌ نووسینێكى فارسیى ده‌نووسم بۆ ئێرانییه‌كان ده‌زانن كه‌ ئه‌مه‌ قوه‌تى تێدایه‌ یان نا، به‌ڵام له‌ خه‌ته‌كانى تر كه‌ بۆیان ده‌نووسم زۆر به‌لایانه‌وه‌ جوانه‌، چه‌ندین خولى خه‌تاتیم بۆ فه‌رمانگه‌ى جنسیه‌ و ئیقامه‌ كردووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ماوه‌یه‌ك پێناسى بارى شارستانى به‌ ده‌ستوخه‌تێكى زۆر ناشرین ده‌نووسرا. جگه‌ له‌وه‌ به‌داخه‌وه‌ نووسین به‌ كۆمپیوته‌ر تامى خه‌تى نه‌هێشتووه‌، ته‌نانه‌ت ئێستاش له‌ ئه‌وروپا حه‌زیان له‌ كارى كۆمپیوته‌ر نییه‌، به‌ڵكو ئاره‌زووى نوسین به‌ ده‌ست ده‌كه‌ن.

دواڕۆژ: ئایا بوونى فلێكس واى نه‌كردووه‌ ئه‌م هونه‌ره‌ به‌ره‌و نه‌مان بڕوات؟
ئه‌زمڕى خه‌تات: كاریگه‌ریى زۆر خراپى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر كاره‌كه‌مان، جاران كه‌ دوكانێك ده‌كرایه‌وه‌ جامخانه‌كه‌یمان به‌ بۆیاخ ده‌نووسى، شوێنم هه‌یه‌ هى زیاتر له‌ 20 ساڵ پێش ئێستایه‌ و ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا فلێكس ئه‌و تام و زه‌وقه‌ى هونه‌ره‌كه‌ى نه‌هێشتووه‌.

دواڕۆژ: له‌سه‌ر ڕێنووسى تابلۆكان كه‌ وشه‌ى عه‌ره‌بى تێكه‌ڵ ده‌كرێت، یان پیتى زیاده‌ به‌كار ده‌هێنرێت، ده‌ڵێیت چی؟
ئه‌زمڕى خه‌تات: زۆرجار تووشى كێشه‌ بووین كه‌ تێكستمان بۆ خه‌ڵك نووسیوه‌، بۆ نموونه‌ ده‌نووسرێت اعلاناتى زه‌وئى، لێپرسینه‌وه‌ نییه‌ له‌وه‌ى بۆچى به‌ عه‌ره‌بى ده‌نووسرێت، ئێمه‌ بۆ زۆربه‌ى تێكسته‌كان پرس و راوێژ به‌ مامۆستا و پسپۆڕانى زمانى كوردى ده‌كه‌ین.

دواڕۆژ: ئایا كردنه‌وه‌ى ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى دوكانى خۆشنووسى به‌ مۆڵه‌تى ئێوه‌ بووه‌؟
ئه‌زمڕى خه‌تات: نه‌خێر زۆربه‌یان مۆڵه‌تیان نییه‌، بێسه‌روبه‌ره‌یى پێوه‌دیاره‌، دار و به‌ردى دیواره‌كانى سلێمانییان نووسیوه‌ به‌ لافیته‌ى پرسه‌، خه‌تاتییه‌كه‌یان وه‌ها ناشرین كردووه‌ هه‌ر كه‌سه‌ و به‌ ئاره‌زووى خۆى له‌سه‌ر دیوار و شوێنه‌ گشتییه‌كان شت ده‌نووسێ، لێپرسینه‌وه‌ نییه‌، كه‌ نووسینێك ده‌نووسرێت پێویسته‌ گونجاندن له‌نێوان ره‌نگه‌كان و تێكسته‌كه‌دا هه‌بێت.

دواڕۆژ: حاڵى كۆمه‌ڵه‌ى خۆشنووسان چۆنه‌؟ بۆچى هیچ چالاكییه‌كتان نییه‌؟  
ئه‌زمڕى خه‌تات: به‌داخه‌وه‌ بووه‌ به‌ دوو لق، حه‌زده‌كه‌ین یه‌كبگرینه‌وه‌، هیچ پشتگیرییه‌ك ناكرێین له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، من جێگیرى كۆمه‌ڵه‌ى خۆشنووسانم، به‌ پاره‌ى خۆمان كرێى باره‌گاكه‌مان ده‌ده‌ین، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت پشتیوانیمان بكات، هه‌ر جارێك 20 كه‌س ده‌به‌م بۆ ئیمارات بۆ بینینى خول و شوێنى خه‌تاته‌كان، یان له‌وحه‌ى خۆمان ده‌به‌ین بۆ ئه‌وه‌ى نمایشى بكه‌ین. 15 خه‌ڵاتم وه‌رگرتووه‌ زۆربه‌یان له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات بووه‌، حه‌ز ده‌كه‌م پێشانگایه‌ك بكه‌مه‌وه‌ به‌ڵام تێچوویه‌كى زۆرى ده‌وێت به‌تایبه‌ت له‌ وڵاتانى خلیج، حكومه‌تى هه‌رێمیش هیچ پشتیوانییه‌كمان ناكات. 

دواڕۆژ: به‌شێك له‌ كاره‌كانت له‌ وڵاتانى كه‌نداو بووه‌، ده‌كرێت باسێك له‌وه‌ بكه‌یت؟
ئه‌زمڕى خه‌تات: له‌ ساڵى 2000 وه‌ ئیقامه‌ى دوبه‌ی-م هه‌یه‌، له‌وێ كارى نووسینمان له‌سه‌ر به‌رد ده‌كرد، زیاتر كاره‌كانمان بۆ مزگه‌وت و بینا بوو، له‌ ئیمارات توانیومه‌ ناوبانگێكى باش به‌ده‌ستبهێنم، له‌ماوه‌ى 7 ساڵى رابوردوودا زۆرترین كاره‌كانم له‌وێ بووه‌.

دواڕۆژ: له‌ وڵاتانى كه‌نداو سه‌رقاڵى كارى نووسینى گه‌وره‌یت بۆ شوێنه‌ دیاره‌كان، كه‌واته‌ بۆچى له‌ سلێمانى لافیته‌ى پرسه‌ ده‌نووسیت؟
ئه‌زمڕى خه‌تات: كاره‌كه‌ وه‌كو جاران نه‌ماوه‌، بۆ بێتاقه‌تى ده‌مه‌وێت كاته‌كه‌ى پێ به‌ڕێ بكه‌م، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌و پاره‌ كه‌مه‌، نووسینى لافیته‌ وا ده‌كات ده‌ستم بجووڵێت و رۆح بكه‌مه‌وه‌ به‌ به‌ر كاره‌كه‌دا.

دواڕۆژ: ده‌ڵێن له‌ ماڵى ئه‌میرى كوه‌یت چه‌ند تابلۆیه‌كت هه‌ڵگرتووه‌ته‌وه‌، وایه‌؟
ئه‌زمڕى خه‌تات: ئه‌وكات عه‌سكه‌ر بووم له‌ سوپاى عێراق، له‌ ماڵى سوعاد سه‌باح له‌ كوه‌یت په‌یكه‌رێكى فیل و له‌وحه‌یه‌كم هێنایه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا نه‌ماون، ته‌نانه‌ت له‌ عه‌سكه‌ریشدا كارى خۆشنووسى و خه‌تاتیم ده‌كرد، به‌هۆى خۆشنووسیه‌كه‌مه‌وه‌ له‌ باشترین شوێن بووم به‌تایبه‌ت له‌ به‌شى قه‌ڵه‌م بووم، وه‌كو پله‌به‌رزێك مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كرا.

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure