زۆربەی تاوانەکانی ناو کۆمەڵگه‌ دەرهاویشتەی ناو خێزانن

هەواڵ / چاوی تۆ :: 15/06/2019‌ :: 123‌ جار بینراوە

جومعە عەبدوڵـڵا

لەم ڕۆژگارەدا ئەرک و بەرپرسیاریەتی سەرۆکی خێزان لەنێو کۆمەڵگه‌ی کوردیدا گەلێک قورس و ئەستەمە لەسەر شانی سەرۆکی خێزان، باوک یان دایک جیا لە ئەرک و پەروەردەی و ژیان و گوزەرانی ئەندامانی خێزانی، ئەرک و بارگرانی ده‌وربەر و هاوسێ و کۆمەڵگه‌شی کەوتووه‌تە سەر شان، چونکە خێزانی کوردی زیاتر خێزانێکی لاساییە.
سەرۆک خێزان، واتا باوک یان دایک، گەر نەیتوانی ئاسایشێکی ڕاست بۆ خێزانەکەی دابین بکات، دواجار دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی تاوان، وەک:دزی، رێگریی، کوشتن، پەیوەندیکردن بە کەسانی خراپی ناو کۆمەڵگه‌، دەستبردن بۆ مادە زیان بەخشەکان و ئاکاری خراپ و....هتد.
لەگەڵ ئەوه‌شدا ئەو کاتە ئاسایشێکی ڕاست و دروست و ئاکار و رەفتار و رەوشتێکی بەرز فەراهەم دەکرێت كه‌ بەر لە دەستپێکی پێکهێنانی خێزان خود یان کەسەکە خۆی شیاوی پێکهێنانی خێزان بێت، زۆر جار ئەو کەسەی هەڵدەستێت بۆ پێکهێنانی خێزان خۆی کەسێکی فاشل و دواکەتووی کۆمەڵگەیه‌، لە خاڵی دەستپێکی پێکهێنانی خێزان پلانیان تەنها بۆ هەندێ پێدوایستی لاوەکی و وەهمیی ژیانە کە دەلالەت لە ئێستای ژیانیان دەكات، پلانیان بۆ داهاتوو نییە.
كۆمه‌ڵگه‌ چییه‌؟:خێزان، بنەماڵە، خانەوادە، یان بە دەستەیه‌ک خەڵک دەوترێت کە پێکەوە ژیان دەکەن، لەڕێگای خوێن و پەیوەندیی ژن و شوو یان شوێن و ژیانی هاوبەشیان، پێکەوە دەبەستێتەوە. بۆیە گەر خێزان شەڕانگیز و خۆبەزلزان و ئیهمال و دەمارگیر بوو ئەوا کۆمەڵگه‌یەکی هاوشێوە ڕەنگدەداتەوە.
هۆکاری سەرەکی بۆ سەرهەڵدانی تاوان، نەبوونی پەروەردە و وشیاریی تاکە، دواجار هەر ئەو تاکەیە خێزان بنیات دەنێ، ناوشیاریی تاکیش هەمیشە خزمەتدەکات بە کۆمەڵگه‌یەکی دواکەوتوو و عەشیرەتگەری و مەزەهبگەرایی و دەسەڵاتێکی بنەماڵەیی و پاشاگەردانی. سەرهەڵدانی تاوانی بەکۆمەڵ وادەکات گشت جومگە و پایەکانی گرنگی کۆمەڵگه‌ و ژیانی هاوبەش دابەشبێت بەسەر چین و دەستە و گروپدا، یاسا رۆڵی سەرەکیی خۆی لەدەستدەدات و دادپەروەریی کزدەبێ، چونکە دادوەر خۆی وەچەی ئەم کۆمەڵگه‌یه‌یە، حەق و ناحەق ون دەبێت، ئەنجامدەری تاوان سەردەکەوێ و تاوانلێکراو مافی دەخورێت. ژینگەیه‌کی بێسەروبەر سەرتاپای ژیان دەگرێت، جیابوونەوەی و لێکترازانی خێزان زۆر دەبێ، (ڕەشوە) زۆر دەبێت، هاوسەرگیریی کەم دەبێت، داوێنپیسی و زینا زۆر دەبێت، کە هەموو ئەمانە سەریهەڵدا، ئینجا دەسەڵات بۆ مانەوەی خۆی گوێی چارەسەر کەڕ دەکات، خەڵک بۆ یەکتری کوشتن هاندەدات، هەروەک چۆن لە رۆمانی کۆندا دەسەڵاتداران و دەوڵەمەندەکان ئاژەڵی دڕندەیان بەردەدایە ناو خەڵک و بە چەپڵەڕێزان خەڵکیان دەکوشت، یان لە هۆڵه‌ندا 20 کەسیان دەهێنا هەریەکە و دەمانچەیەکیان دەدایەدەست و بۆ هەر دەمانچەیەکیش فیشەکێکیان دەخستە سەری، میلی دەمانچەکەیان دادەگرت تا لەکۆتایی تەنها دوو کەس دەمانەوە ئینجا لە دوانەکەش یەکێكیان دەکوژرا.

زۆر بەداخەوە واقیعێکی تاڵە، بەڵام بوونی چەک لە ناو خێزاندا وەک ئەوەیە کە ئەمڕۆ کۆمەڵگه‌ی کوردی لەسەردەمی رۆمانیە کۆنەکاندا دەژی، وێڕای هەبوونی چەندین ناوەندی ڕۆشنبیری و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و قوتابخانەکان و ناوەندە ئایینیه‌کان و سەنتەری پێگەیاندنی توانای مرۆیی و کتێب و تەکنۆلۆجیای سەردەم و دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی چوارەم!!

ئەسەف لەئێساتدا بواری کۆمەڵگه‌کەمان هاوشێوەی بواری کۆمەڵگه‌ی سەردەمی کیسرا و دەوڵەتی فارس-ە، کە بەم شێوەیە دابەشبوو بەسەر حەوت چیندا:

 یەکەم: چینی کیسراکان، کە راقیترین خەڵک بوون.
دووەم: ئەشراف، بریتیبوون لە خێزانی شەریف ژمارەیان 7 خێزان بوو لە دەوڵەتی فارسدا.
سێیەم: رجال دین، پیاوانی ئاین.
چوارەم: هێز و سوپا و پیاوانی جەنگ.
پێنجەم: نوخبەی ڕۆشنبیرەکان وەک پزیشک و نووسەر و ئەدیب.....
شەشەم: چینی دەهاقین ئەو چینە لە گوند و شارەکان دەگەڕان بۆ کۆکردنەوەی باج و سەرانە.
حەوتەم: چینی هەژاران.

ئیتر کۆمەڵگه‌کەمان بەڕواڵەت کۆمەڵگه‌یەکی پێشکەوتووە، بەڵام بە ئیتیک و ئاکار و هەڵسوکەوتی ژیانی ڕۆژانە گەلێک لە دواوەین، کوشتن بووه‌تە کەلتور، لێرە ڕۆژانە مرۆڤ دەکوژرێت، دەسووتێندرێت!.
دەبا ببین بە کۆمەڵگه‌یەکی نموونەیی ئەم ژیانە جاڵجاڵۆکەیە کۆتای پێبهێنین و چیتر خۆخۆری یەکتر نەبین، دەست لە گیانی یەکتر هەڵبگرین..!!






  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure