حكومه‌تى عێراق دان به دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمانى كوردستاندا ده‌نێت

هەواڵ / کوردستان :: 15/06/2019‌ :: 224‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

له‌ دواى تێپه‌ڕبوونى چه‌ندین ساڵ حكومه‌تى عێراق دانى به‌ دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمانى كوردستان نا و له‌مه‌ودواش هه‌رجۆره‌ ده‌رمانێك له‌ كوالێتى كۆنتڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربچێت ده‌توانرێ له‌ شاره‌كانى دیكه‌ى باشوور و ناوه‌ڕاستى عێراق مامه‌ڵه‌ى پێوه‌بكرێت.


بەپێی فەرمانێکی وزاری وەزارەتی تەندروستی عێراق، كه‌ له‌ رێككه‌وتى 12ى حوزه‌یرانى 2019 ده‌رچووه‌ و بۆ سەرجەم پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق نێردراوە، ئاماژە بە پشتپێبەستن و باوەڕپێکردنی پشکنینی تاقیگەکانی دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان لە کوردستان کراوە کە لەمەودوا هەر دەرمانێک پشکنینی دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆری کوردستانی هەبێت لە سەرانسەری عێراقدا باوەڕپێکراو دەبێت.

به‌پێى راگه‌یاندراوێكى كوالێتى كۆنتڕۆڵى ده‌رمانى هه‌رێمى كوردستانیش ئه‌م ره‌زامه‌ندییه‌ دەستکەوتێکی پیشەیی و زانستی گەورەی دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمانە لە کوردستان بۆ خزمەتکردنی کەرتی دەرمان و کارئاسانکردنی زیاتر بۆ کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی دەرمان لە کوردستان و عێراق.

له‌ دواى ده‌رچوونى ئه‌م بڕیاره‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق بۆ یه‌كه‌مجار ده‌رمانى ده‌رچوو له‌ كۆنترۆڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ لایه‌ن حكومه‌تى به‌غدا باوه‌ڕپێكراودەبێت، پێشتریش هاورده‌كردنى ده‌رمان له‌ رێگه‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ له‌ لایه‌ن كوالێتى كۆنتڕۆڵى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق دووباره‌ پشكنینى بۆ ئه‌نجامده‌درا.

پ: ن.ر
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure