ترامپ: هورمز داناخرێت
هێرشی سه‌ر كه‌شتییه‌كان دۆخه‌كه‌ى ئاڵۆزكرد

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 15/06/2019‌ :: 4968‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

هێرشه‌كردنه‌سه‌ر دوو كه‌شتى نه‌وت گوێزەره‌وه‌ له‌ كه‌نداوى عه‌مان دۆخى ناوچه‌كه‌ى گه‌رمتر كردووه‌، له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌مریكا هۆشداریى ده‌داته‌ ئێران به‌وه‌ى رێگاناده‌ن گه‌روى هورمز دابخرێت، به‌رپرسێكى واشنتن باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ دوو موشه‌كى دروستكراوى ئێرانى ئاڕاسته‌ى دوو فڕۆكه‌یان كراوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ یه‌كێكیان كه‌وتووه‌ته‌ خواره‌وه‌، هاوكات داواى ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كرێت بۆ تاوتوێكردنى ئه‌و هێرشانه‌ و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش ئاماژه‌ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ ده‌كات له‌سەر ئەو روداوه‌.

 
داواى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كرێت
پاتریك شاناهان، وه‌زیرى به‌رگرى ئه‌مریكا به‌وه‌كاله‌ت (دوێنێ هه‌ینى 14ى حوزه‌یرانى 2019) ئاشكرایكرد كه‌ ئیداره‌ى وڵاته‌كه‌ى كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجامبدات بۆ تاوتوێكردنى پرسی هێرشكردنه‌ سه‌ر دوو كه‌شتیه‌ نه‌وت گوێزه‌ره‌وه‌كه‌ى كه‌نداوى عه‌مان.
وتیشى:" پێویستمان به‌ پلانى بارى نائاساییه‌ بۆ حاڵه‌تى خراپبوونى بارودۆخى هه‌نارده‌ى نه‌وت له‌ كه‌نداوه‌وه‌ به‌پشتبه‌ستن به‌ پاڵپشتی نێوده‌وڵه‌تی".

ترامپ: گه‌روى هورمز داناخرێت
روداوى هێرشكردنه‌ سه‌ر دوو كه‌شتیه‌كه‌ ژاپۆنی و نه‌رویژییه‌كه‌ له‌ كۆتایی هه‌فته‌ى رابوردوودا كارێكى وایكرد كه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌نارده‌ى نه‌وت له‌ كه‌نداو و داخستنى گه‌روى هورمز دروست ببێت و ئه‌مریكاش له‌وباره‌یه‌وه‌ هۆشداریى ده‌دات.
دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا هۆشداریی دایه‌ ئێران له‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وت له‌و گه‌روه‌وه‌ راناوه‌ستێت. 

ترامپ وتى: "هیچ كه‌سێك ناتوانێت بۆ ماوه‌یه‌كى دوور و درێژ گه‌روى هورمز دابخات".
سه‌رۆكى ئه‌مریكا به‌رپرسیارێتى ئه‌و هێرشه‌ى خسته‌ئه‌ستۆى ئێران له‌میانه‌ى چاوپێكه‌وتنێكى كه‌ناڵى فۆكس نیوزدا و وتیشى: "خۆتان ئه‌و به‌له‌مه‌تان بینى كه‌ هێرشه‌كه‌ى ئه‌نجامداوه‌، ده‌رده‌كه‌وێت ئێران ئه‌و كاره‌ى كردووه‌"، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى له‌ گرته‌یه‌كى ڤیدیۆییدا به‌له‌مێك ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ گوایه‌ هێرش ئه‌نجام ده‌دات و له‌و به‌له‌مانه‌ ده‌چێت كه‌ سوپاى پاسدارانى ئێران به‌كاریان ده‌هێنێت.

"به‌ موشه‌كى ئێرانى هێرش كراوه‌ته‌سه‌ر دوو فڕۆكه‌ى ئه‌مریكى"
 ئاژانسى ئه‌نادۆڵى توركى له‌سه‌ر زارى به‌رپرسێكى باڵاى ئه‌مریكیه‌وه‌ ئاشكرایكردووه‌ كه‌ له‌و شوێنه‌وه‌ى هێرشه‌كان بۆ سه‌ر دوو كه‌شتیه‌كان رویداوه‌ دوو موشه‌كى دروستکراوی ئێرانی ئاڕاسته‌ى دوو فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وانى ئه‌مریكى كراوە. 
 ئه‌و به‌رپرسه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌ كه‌ به‌هۆى ئه‌و هێرشه‌وه‌ یه‌كێك له‌ فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كان له‌ ده‌ریاى سور كه‌وتووه‌ته‌ خواره‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر زۆره‌ له‌لایه‌ن حوسییه‌كانى هاوپه‌یمانى ئێرانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ كرابن و ئه‌و موشه‌كه‌ش كه‌ له‌و هێرشه‌دا به‌كارهاتووه‌ دروستكراوى ئێران بووه‌ و فڕۆكه‌كه‌ى تریش بێ زیان له‌و هێرشه‌دا ده‌رچووه‌.
هاوكات كه‌ناڵى سێ ئێن ئێنى ئه‌مریكا ئاشكرایكرد كه‌ فڕۆكه‌یه‌كى بێ فڕۆكه‌وانى ئه‌مریكى دیمه‌نى نزیكبوونه‌وه‌ى چه‌ند به‌له‌مێكى ئێرانى له‌و دوو كه‌شتییه‌ تۆماركردووه‌ كه‌ هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ریان.

ئێران: ئه‌مریكا به‌ڵگه‌ى نییه‌ 
كۆمارى ئیسلامى ئێران ئه‌و تۆمه‌تانه‌ى ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا ئاڕاسته‌ى كردبوون سه‌باره‌ت به‌وه‌ى له‌پشت هێرشه‌كانه‌وه‌ بوون بۆ سه‌ر ئه‌و دوو كه‌شتیه‌. 
نێرده‌ى ئێران له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان راگه‌یاند:" ئه‌و تۆمه‌تانه‌ى ئه‌مریكا سه‌باره‌ت یه‌تێوه‌گلانمان له‌و هێرشه‌ى سه‌ر دوو كه‌شتیه‌وه‌ باسیكردووه‌ بنه‌ماى راستى نییه‌".
هاوكات محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له‌ ئه‌كاونتى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى تویته‌ر نوسیوێتى: تۆمه‌تباركردنمان له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ده‌ستمان له‌و هێرشانه‌ى سه‌ر كه‌شتیه‌كاندا هه‌بووه‌ به‌شێكه‌ له‌ دبلۆماسی تێكدان.

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووكان: لێكۆڵینه‌وه‌ بكرێت
ئه‌نتۆنیۆ گۆتیرێش سكرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووكان به‌پێویستى زانی لێكۆڵینه‌وه‌ بكرێت تا بزانرێت كێ به‌رپرسه‌ له‌و هێرشانه‌ى كراونه‌ته‌ سه‌ر كه‌شتیه‌كانى نه‌وتهه‌ڵگر له‌ ئاوى كه‌نداودا.
وتیشى:" گرنگه‌ راستى ئه‌و روداوه‌ بزانین له‌رێگه‌ى ده‌سته‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆیه‌وه‌ و ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایشه‌وه‌".

فڕۆكه‌یه‌ك پێش هێرشه‌كه‌ بینراوه‌ 
یۆتاكا كاتادا، سه‌رۆكى كۆمپانیاى كۆكۆكا كه‌ خاوه‌نى یه‌كێك له‌و كه‌شتیانه‌ بوو كه‌ پێنجشه‌ممه‌ى رابوردوو هێرشكرایه‌ سه‌ریان رایگه‌یاند كارمه‌ندانى كه‌شتیه‌كه‌ به‌ر له‌هێرشه‌كه‌ فڕۆكه‌یه‌كیان بینیوه‌ كه‌ به‌ره‌و رویان هاتووه‌.
وتیشی: "دوو هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر كه‌شتیه‌كه‌مان".

داڕشتنه‌وه‌: هـ.ق
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure