سه‌ركردایه‌تیه‌كى یه‌كێتى مه‌رجى به‌شداریكردن له‌ حكومه‌تى نوێ ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 15/06/2019‌ :: 5103‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر کەمال

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی رایده‌گه‌یه‌نێت: ئەگەر لەسەر پرسی کەرکوک لەگەڵ پارتی نەگەن رێککەوتن و جێبەجێ نەکرێت بەشداری کابینەی نوێی حکومەت ناکەن.


سامان گەرمیانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانى كوردستان (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 15ى حوزه‌یرانى 2019) بە دواڕۆژی راگه‌یاند: کەرکوک پرسێکی گرنگە بەلای یەکێتییەوە، بەڵام بۆتە قوربانی بێمتمانەیی نێوان لایەنە سیاسییەکان.

وتیشى: "ئه‌گه‌ر پێش پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لەگەڵ پارتی نەگەینە رێککەوتن لەبارەی کەرکوک و جێبەجێ نەکرێت، بەشداری لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت ناکەین".

یه‌كێتى و پارتى دوو رێككه‌وتنیان له‌باره‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت واژۆكردووه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ بڕگه‌كانى تایبه‌ته‌ به‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك و له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ وه‌ك مه‌رجى سه‌ره‌كى رێككه‌وتنه‌كه‌ ناوزه‌ند ده‌كرێت.

سامان گەرمیانی، ئه‌وه‌شى دوپاتكرده‌وه‌: "ئەگەر پرسی کەرکوک یەکلایی بکەینەوە، لە ماوەی دوو رۆژ کاندیدەکانمان بۆ پۆستە حکومییەکان دیاری دەکەین".

دووشه‌ممه‌ى رابردوو نێچیرڤان بارزانى، وه‌ك سه‌رۆكى نوێى هه‌رێمى كوردستان له‌ دانیشتنێكى تایبه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ هه‌ولێر سوێندى یاسایى خوارد و رۆژى دواتریش له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ مه‌سرور بارزانى، كاندیدى پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌ت ناوه‌زه‌ندكرا.

چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت سبه‌ى راسپێردراو بۆ سه‌رۆك وه‌زیران سه‌ردانى لایه‌نه‌كان ده‌ستپێبكات به‌مه‌به‌ستى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كاندیدى وه‌زاره‌ته‌كان.

دوێنێ مسته‌فا چاوڕه‌ش، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى به‌ دواڕۆژى وت: رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوو مه‌سرور بارزانى سه‌ردانى سلێمانى ده‌كات و له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و گۆڕان كۆده‌بێته‌وه‌ و داواى ناوى كاندیده‌كانیان لێده‌كات بۆ پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure