دهۆك: هه‌ردوو عه‌شیره‌تى زێبارى و هه‌ركى رێككه‌وتن

هەواڵ / کوردستان :: 14/06/2019‌ :: 9387‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 14ى حوه‌زیران، هه‌ردوو عه‌شیره‌تى هه‌ركى و زێبارى پاش ئه‌و شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌ى كه‌ دوێنێ له‌نێوانیاندا دروستبوو و رێككه‌وتن و كۆتایى به‌ ئاڵۆزییه‌كانى نێوانیان هات.

ئیدریس هه‌ركى، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى دهۆك به‌ دواڕۆژ-ى راگه‌یاند: "دواى ئه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و كه‌سایه‌تیه‌كان و پیاوماقوڵانى هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ به‌جیا و له‌گه‌ڵ یه‌كترى كۆبوونه‌وه‌، رێككه‌وتنى سه‌ره‌تایى له‌نێوانیاندا ئه‌نجامدرا، بڕیاریشدرا شه‌ڕه‌ته‌قه‌ راگیرێت و گوندى (باژێڕه‌) له‌ دانیشتووانه‌كه‌ى چۆڵبكرێت، هیچ یه‌ك له‌ ماڵى هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌كه‌ له‌ناو گونده‌كه‌ نه‌مێنن، تاوه‌كو چاره‌سه‌رى كۆتایى بۆ كێشه‌كه‌ بدۆزرێته‌وه‌".

وتیشى: "ئێستا هێزى چه‌كدارى ته‌نیا پۆلیس، ئاسایش و هێزێكى پێشمه‌رگه‌ى زێره‌ڤانى له‌ناو گوندى باژێڕه‌ له‌ ئاكرێ دان و ره‌وشه‌كه‌ ئارامه‌".

دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ 13ى حوزه‌یران، دوای برینداركردنی قوتابییه‌كى پۆلى 12ى ئاماده‌ی له‌ سه‌نته‌ری شاری دهۆك، به‌ ده‌یان پیاوی هه‌ر دوو عه‌شیره‌تی زێباری و هه‌ركی چه‌كیان هه‌ڵگرت له‌دژى یه‌كتر ‌و ئێواره‌ى دوێنێش له‌ گوندی (باژێڕه‌) له‌ قه‌زای ئاكرێ شه‌ڕه‌ ته‌قه‌ به‌ چه‌كی جۆراوجۆر روویداوه‌ و منداڵێك بریندار بوو.

كێشه‌ى دوژمندارێتى بنه‌ماڵه‌ى ئه‌و گه‌نجه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى ته‌قه‌یانلێكردووه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سێ ساڵ پێش ئێستا كه‌ له‌ قه‌زاى ئاكرێ له‌نێوان دوو كه‌س له‌ بنه‌ماڵه‌ى ئه‌و گه‌نجه‌ و بنه‌ماڵه‌كەى دیكه‌ دروستبووە، به‌هۆیه‌وه‌ دوو كه‌س له‌ هه‌ردوولا كوژراون.

سه‌باح زوهێر، به‌رپرسی راگه‌یاندنى به‌ڕێوبه‌راتى ته‌ندروستى ئاكرێ بۆ دواڕۆژ وتى: "لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکان پێنج كه‌س بریندار بوون كه‌ ژنێك و منداڵێك و سێ پیاون".

شه‌وى رابردوو هێزێكى پێشمه‌رگه‌ى زێره‌ڤانى ویستی بۆ كۆنترۆڵكردنى ره‌وشه‌كه‌ بچێته‌ ناو گونده‌كه‌، به‌ڵام له‌ لایه‌ن چه‌كداره‌كانه‌وه‌ ته‌قه‌ى لێكرا و لە ئەنجامدا پێشمه‌رگه‌یه‌ك برینداربوو.

 

پ: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure