ته‌ندروستى سلێمانى رونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ى نه‌مانى ده‌رزى گه‌زاز له‌ نه‌خۆشخانه‌كاندا ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 14/06/2019‌ :: 1071‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال


به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى سلێمانى ئاشكراى ده‌كات: ده‌رزى گه‌زاز هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ پێوه‌دانى مار و دووپشكه‌وه‌ نیه‌ و ده‌شڵێت: "ئێستا له‌ هه‌موو نه‌خۆشخانه‌كان ئه‌و ده‌رزییه‌مان هه‌یه‌".


سه‌باح هه‌ورامى، به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى سلێمانى، به‌ دواڕۆژ-ى وت: "ده‌رزى گه‌زاز هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ پێوه‌دانى مار و دووپشكه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵكو ده‌رزى گه‌زاز بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ به‌كارده‌هێنرێت كه‌ تووشى برینێكى پیس ده‌بن، بۆ نمونه‌ كه‌سێك بزمارێكى ژه‌نگاوى ده‌چێت به‌ قاچیدا یاخود مينێكى پێدا ده‌ته‌قێته‌وه‌".

وتیشى: "له‌ هه‌موو عێراق كردنه‌وه‌ى ته‌نده‌ر بۆ كڕینى ده‌رزى گه‌زاز دواكه‌وتووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ بۆ حاڵه‌تى زۆر پێویست ده‌رزییه‌كه‌مان هه‌یه‌".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى تاچه‌ند راسته‌ كه‌ هاووڵاتیان ده‌ڵێن: رۆشتووین له‌ بازاڕ ده‌رزى گه‌زازمان كڕیووه‌، چونكه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ى حكومى نه‌بووه‌، سه‌باح هه‌ورامى وتیشى: "راست ده‌كه‌ن، چونكه‌ ماوه‌یه‌ك نه‌مان بوو، به‌پێى یاسا ده‌رزى گه‌زاز ده‌بێت له‌ رێگه‌ى حكومه‌تى عێراق-ه‌وه‌ بكڕدرێت لاى ئه‌وانیش دواكه‌وتبوو، له‌م ماوه‌یه‌دا وه‌كو خاڵه‌تى فریاگوزارى ژماره‌یه‌كیان بۆ ناردووین بۆ حاڵه‌ته‌ پێویسته‌كان و ئه‌وه‌ى دیكه‌ش دواتر ده‌نێرن بۆمان".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: "ئه‌گه‌ر حاڵه‌تێك زۆر زه‌رور بێت ده‌رزى گه‌زازى بۆ به‌كارده‌هێنین و له‌ به‌شێكى زۆرى نه‌خۆشخانه‌كان هه‌مانه‌".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئه‌گه‌ر كه‌سێك مار یان دووپشك پێوه‌ى بدات، چاره‌سه‌رى ته‌واویان هه‌یه‌، ئه‌و به‌ڕێوبه‌ره‌ وتى: "پێویسته‌ كاتێك كه‌سێك مار یان دووپشك پێوه‌ى ده‌دات به‌ زووترین كات بگه‌یه‌نرێته‌ نه‌خۆشخانه‌كانى فریاكه‌وتن، بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى پێویستى بۆ بكرێت".

به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى، جه‌ختیشى كرده‌وه‌: "هه‌موو چاره‌سه‌رێكى پێویستمان له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى فریاكه‌وتن هه‌یه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى مار و دووپشك پێیانه‌وه‌ ده‌دات".

پ: ئا.ح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure