پۆلیسى سلێمانى 18 دز ده‌ستگیرده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 14/06/2019‌ :: 219‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

پۆلیسى نه‌هێشتنى تاوانى سلێمانى 18 كه‌س ده‌ستگیرده‌كات، كه‌ له‌ناو شاره‌كه‌دا چه‌ندین دزى جۆراوجۆریان ئه‌نجامداوه‌.


ئه‌مڕۆ هه‌ینى (14ى حوزه‌یران)، نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانى پۆلیسى سلێمانى، به‌ دواڕۆژ-ى وت: "هێزه‌كانى پۆلیسى نه‌هێشتنى تاوان شه‌ش تۆمه‌تباریان له‌ چه‌ند گه‌ڕه‌كێكى سلێمانى ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ دزییان له‌ ماڵان كردووه‌، له‌ ئێستادا ئه‌و كه‌سانه‌ به‌پێى مادده‌ى (443) له‌ یاساى سزادانى عێراقى به‌ندن".

وتیشى: "یه‌كێك له‌و تۆمه‌تبارانه‌ش پێشتر بۆ ماوه‌ى 14 ساڵ سزادراوه‌ و به‌ لێبوردنى گشتى ئازادكراوه‌، دووانى دیكه‌شیان پێشینه‌ى تاوانى دزییان هه‌بووه‌ سێ تۆمه‌تباره‌كه‌ى دیكه‌ش هه‌ستاون به‌ دزینى پاره‌ و مۆبایل و جانتاى ئافره‌تان و مۆلیده‌ى گه‌وره‌ى ماڵان".

سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، باسى له‌وه‌شكرد: "هه‌ر هێزه‌كانى پۆلیسى نه‌هێشتنى تاوان 10 تۆمه‌تبارى دیكه‌یان به‌ تۆمه‌تى دزینى (پاره‌، مۆبایل، جانتاى ئافره‌تان، مۆلیده‌ى ماڵان) ده‌ستگیركردووه‌ و به‌پێى مادده‌ى (446) له‌ یاساى سزادانى عێراقى به‌ندكراون".

به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى پۆلیسى سلێمانى، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "تۆمه‌تبارێكى دیكه‌مان به‌پێى مادده‌ى (444) له‌ یاساى سزادانى عێراق-ى ده‌ستگیركردووه‌ به‌ تۆمه‌تى دزینى ماتۆڕسكیل، هه‌روه‌ها تۆمه‌تبارێكى دیكه‌ش ده‌ستگیركراوه‌ به‌پێى مادده‌ى (21)ى چه‌ك".

پ: ئا.ح




  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure