پارتی له‌ هه‌ولێر و دهۆك چه‌ندین پۆست به‌ گۆڕان ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 13/06/2019‌ :: 1384‌ جار بینراوە
ده‌كه‌وێته‌ دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نوێ

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم، گۆڕان كۆمه‌ڵێك پۆست له‌ هه‌ردوو حكومه‌تی خۆجێی هه‌ولێر و دهۆك له‌ پارتی وه‌رده‌گرێت.


به‌پێی رێككه‌وتنی نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان، گۆڕان له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم، وه‌زارەته‌كانی (دارایی و ئابووری، كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، بارزگانی و پیشه‌سازی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن) وه‌رده‌گرێت، دوای پێكهێنانی حكومه‌تیش، بەگوێرەی رێككه‌وتنی پێشوویان، هه‌ردوو حیزب بۆ پێدانی كۆمه‌ڵێك پۆستی دیكه‌ له‌ حكومه‌تی خۆجێی هه‌ولێر وه‌رده‌گرێت.

پێش تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان گۆڕان و پارتی له‌ساڵی 2015، هه‌ردوو حیزب له‌سه‌ر پۆسته‌كانی حكومه‌تی خۆجێی هه‌ولێر رێككه‌وتبوون به‌جۆرێك ده‌بوو گۆڕان پۆسته‌كانی (قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندیی هه‌ولێر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌ولێر و چوار به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌) وه‌ربگرێت، به‌ڵام به‌هۆی تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانیان ئه‌و پۆستانه‌ به‌ گۆڕان نه‌دراوه‌.

چالاكی موهه‌ندیس، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 13ی حوزه‌یرانی 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: وه‌رگرتنی ئه‌و پۆستانه‌ ده‌كه‌وێته‌ دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم.

وتیشی: "بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆستانه‌، هیچ رێككه‌وتنێكی دیكه‌ له‌نێوانمان پێویست نییه‌، به‌ڵكو رێككه‌وتنه‌ كۆنه‌كه‌ جێبه‌جێده‌كرێن".

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، پارتی به‌ڵێنی به‌ گۆڕان داوه‌ چه‌ند پۆستێكی دیكه‌ش له‌ حكومه‌تی خۆجێی دهۆك به‌ گۆڕان بدات، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كان ده‌كه‌وێته‌ دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure