ده‌رمانی نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان له‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كاندا نه‌ماوه‌

هەواڵ / کوردستان :: 13/06/2019‌ :: 187‌ جار بینراوە
لیژنه‌ی ته‌ندروستی په‌رله‌مان داواده‌كات حكومه‌ت به‌په‌له‌ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ربكات

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

له‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌رمانی نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان نامێنێت و وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی-ش ده‌ڵێت: "به‌غدا ده‌رمانی ئەو نەخۆشییانە  وه‌ك پێویست ره‌وانه‌ی هه‌رێم ناكات".


ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سوكاری ئه‌وانه‌ی‌ مانگانه‌ ده‌رمانی نه‌خۆشی درێژخایه‌ن له‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان وه‌رده‌گرن، له‌ یاداشتێكدا كه‌ (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 13ی ئایاری 2019) وێنه‌یه‌كی بۆ دواڕۆژ نێردراوه‌ رایانگەیاندووە: "ده‌رمانی پێویست بۆ نه‌خۆشانی درێژخایه‌ن له‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان نه‌ماوه"‌.

كه‌سوكاری نه‌خۆشانی درێژخایه‌ن ده‌ڵێن: "به‌هۆی نه‌مانی ده‌رمانی درێژخایه‌ن له‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان، ناچار به‌ نرخێكی زۆر گرانتر له‌ بازاڕ ده‌رمان ده‌كڕن، كە ئه‌مه‌ش ئه‌ركێكی زۆر قورسی خستۆته‌ سه‌ر شانیان".

دوابه‌دوای یاداشته‌كه‌، لیژنه‌ی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: "به‌دواداچوون بۆ كێشه‌كه‌ی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ ده‌كه‌ن و داواكارن حكومه‌ت به‌په‌له‌ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ربكات".

لاى خۆیه‌وه‌ خاڵس قادر، وته‌بێژ و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: مانگانه‌ دەرمان لە بەغدا دێت، بەڵام بەبڕی پێویست نا، بۆیه‌ بۆ رێگری له‌ نه‌مانی ده‌رمان مانگانە شه‌ش ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی بۆ کڕینی ئه‌و جۆرانه‌ی دەرمان كه‌ پێویستن.

وتیشی: "راسته‌، دەرمانی نه‌خۆشانی درێژخایه‌ن وەک پێویست نییە، چونکە لە بەغدا کەم رەوانە دەکرێت، هه‌روه‌ها ئەو پارەیەش کە لەلایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایییه‌وه‌ بۆ كڕینی دەرمان تەرخانکراوە، بەشی هەموو پێویستییەکان ناکات، بۆیه‌ جار جار هه‌ندێك جۆری ده‌رمان بۆ ماوه‌یه‌ك نامێنێت، به‌ڵام هه‌وڵده‌درێت به‌هه‌ر رێگەیه‌ك بێت كێشه‌كه‌ به‌ زووترین كات چاره‌سه‌ر بكرێت".

هه‌رچه‌نده‌ پێشتر وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق راگه‌یاندبوو كه‌ 17% ده‌رمان بۆ هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌میشه‌ به‌رپرسانی ته‌ندروستی هه‌رێم ره‌خنه‌یان له‌ كه‌میی و جۆری ئه‌و ده‌رمانانه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌غدا مانگانه‌ بۆ هه‌رێمی ده‌نێرێت.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە