"كرێی خانووم پێنادرێت"
تاران 7 مانگە مووچەی کارمەندانی شارەوانی نەداوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 15/06/2019‌ :: 1887‌ جار بینراوە

تاگ :: ئێران موچە

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو

سەرباری پاک و خاوێنکردنەوەی کوچە و شەقامەکانی ئێران، بەڵام حەوت مانگە حکومەتی تاران مووچەی کارمەندانی شارەوانی نەداوە، تائێستا تەنیا لە تاران زیاتر لە 200 کرێکاری شارەوانی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.


مەجید محەمەدی، خەڵکی تارانە و فارسە، ماوەی 18 ساڵە کاری پاککردنەوەی شەقامەکانی پایتەختی ئێرانە، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "پێش سزاکانی ئەمریکا هەموو مانگێک مووچەکەمان کە دوو ملیۆن و 500 هەزار تمەن بوو لەکاتی خۆی وەردەگرت، بەڵام حەوت مانگە بەبێ مووچە بەناچاریی لە کارەکەم بەردەوامم، نامەوێ خزمەتی ئەو هەموو ساڵەم لەدەستبدەم".

مەجید محەمەدی، دەشڵێت: "حەوت مانگە لەسەر قەرز دەژیم، خاوەنی دوو منداڵم و هه‌ردووكیان کاردەکەن و یارمەتیم دەدەن، بەڵام ئەوەش واینەکردووە ژیانێکی خۆش و بێ کێشەمان هەبێت".

محەمەدی، ڕاشیگەیاند: مانگانە خەرجی کارەبا و ئاو و خواردنی ڕۆژانە و پێویستییەکان زۆر بە کەمیی دابین دەکەین، چونکە پارەی ئێران هیچ بەهای نەماوە.

زیندانیکردن و لەسێدارەدانی خەڵک لە ئێران وایکردووە خەڵکی ناڕازی نەتوانن بێنەسەر شەقام و ناڕەزایەتی دەرببڕن، ناشتوانن دەست لەکارەکانیان هەڵگرن.

ئەمیر نەژادی، کارمەندێکی دیکەی شارەوانییە لە تەورێز کە مووچەکەی دوو ملیۆن تمەنە کە دەکاتە نزیکەی 200 دۆلاری ئه‌مریكی، دەڵێت: "ئێمە داوای زیادکردنی مووچەمان نەکردووە، تەنیا دەمانەوێت ڕەنجی کارمان وەربگرین، چونکە خەریکە لە بێ پارەیی شیرازەی خێزانمان تێکدەچێت".

ئەمیر نەژادی، دەشڵێت: "لە کۆی حەوت مانگ، چوار مانگ کرێی خانووم داوە، کە مانگانە ملیۆنێک دەدەم بە کرێی خانوو، بەڵام ئێستا ناتوانم بیدەم، خاوەن خانووش هەر ئەم مانگە ئەگەر بێدەنگ بێت مانگێکی دیکە دەرمدەکات".

سەرچاوەیەکیش له‌ شارەوانی تارانه‌وه‌ بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: حکومەت و سەرۆکی شارەوانی لەبارەی ناڕەزایەتی کرێکاران ئاگادارە، بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوون بەکاروباری تێکچوونی نێوانیان لەگەڵ ئەمریکا زۆر کاری دیکەی حکومەت فەرامۆش کراوە.

ڕێکخراوەکانی بەرگریکار لە مافی کرێکاران لە ئێران هاوشێوەی کارمەندان نەیانتوانیوە کاریگەری و فشار بخەنەسەر حکومەت بۆ پێدانی پارەی مانگانەی کرێکارانی شارەوانی.

حەمید ڕەزایی، ناوی خوازراوی سەرۆکی یەکێک لە ڕێکخراوەکانی بەرگریکار لە مافی کرێکارانە لە ئێران کە بەهۆی ترسی زیندان نەیتوانی ناوی خۆی و ڕێکخراوەکەی بدرکێنێت، بۆ دواڕۆژ باس لەوەدەکات:  حکومەت هێندەی سەرقاڵی کاری وڵاتانی دیکەیە هێندە باکی بە کاری ناوخۆ نەماوە.

سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە دەشڵێت: "لەماوەی ئەو حەوت مانگەدا، چەند جارێک بەشێوازی هێمنانە حکومەتمان ئاگادارکردووەتەوە کە مافی کرێکاران بدات، بەڵام گوێمان لێناگرن".

بەپێی ئامارەکانی حکومەتی تاران، ژمارەی کرێکارانی شارەوانی لە ئێران زیاتر لە 300 هەزار کرێکارە، لەو ڕێژەیە 130 هەزاری لە تاراندایە.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure