شه‌مۆ قاسم: 7 بنه‌ماڵه‌ رێگرن لە هه‌ڵبژاردنی میرێك بۆ ئیزدییان

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 13/06/2019‌ :: 370‌ جار بینراوە
شه‌مۆ قاسم

دواڕۆژ، دهۆك


له‌ چاوپێكه‌وتنێكی دواڕۆژدا شه‌مۆ قاسم، شاره‌زای ئێزدییان و به‌رپرسی لیژنه‌ی رۆشنبیری له‌ بنكه‌ی لالش، سه‌باره‌ت هه‌ڵنه‌بژاردنی میری ئێزدییان دەڵێت: "لەناو ئێزدییه‌كان، 7 بنه‌ماڵه‌ هه‌ڵبژاردنی میر به‌ مافی خۆی ده‌زانێت و له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ ناكۆكی جددی هه‌یه"‌.

دواڕۆژ: بۆچی تا ئێستا ئێزدییه‌كان كه‌سێكیان وه‌ك میری خۆیان هه‌ڵنه‌بژاردووه‌؟
شه‌مۆ قاسم:
له‌ناو ئێزدییه‌كان 7 بنه‌ماڵه‌ هه‌ن، ئێمه‌ پێیانده‌ڵێین "بنه‌ماڵه‌ی به‌گ كه‌ ئەوانیش (فاروق به‌گ، خه‌یری به‌گ، ته‌حسین به‌گ، جه‌لال به‌گ، مه‌عاویه‌ به‌گ، سه‌عید به‌گ، جاسم به‌گ)ن ئێستا هەریەك لەم بنه‌ماڵانه‌ هه‌ڵبژاردنی میری ئێزدییان به‌ مافی خۆی ده‌زانێت و له‌سه‌ر دیاریكردنی میر ناكۆكی جددی له‌نێوانیاندا دروستبووه‌".

دواڕۆژ: هه‌ڵبژاردنی میر له‌ناو ئێزدییه‌كان سیسته‌مه‌، یان ئه‌ركێكی ئاینییه‌؟
شه‌مۆ قاسم: دانانی میر سیسته‌مه‌، شێخ مهه‌مه‌د باتنی، له‌ساڵی (1413ز) سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی میری بۆ ئێزدییه‌كان داناوه‌.

دواڕۆژ: بۆچی میر ته‌حسین به‌گ پێش مردنی خۆی كه‌سێكی وه‌ك میری ئێزدییه‌كان ده‌ستنیشان نه‌كرد كه‌ مافی خۆی بوو كه‌سێك هه‌ڵبژێرێت؟
شه‌مۆ قاسم: له‌سه‌رده‌می میر ته‌حسین به‌گ و پێش ئه‌ویش، بنه‌ماڵه‌ی به‌گه‌كان هه‌موو كاتێك ناكۆكییان له‌گه‌ڵ میری ئێزدییان هه‌بووه‌، بۆیه‌ میر ته‌حسین به‌گ، ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ كه‌سێك دوای خۆی ده‌ستنیشان بكات، ئێزدییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ ناكۆكبن و له‌ ئه‌نجامدا شه‌ڕ دروستببێت، بۆیه‌ میر ته‌حسین كارێكی باشی كرد كە هیچ كه‌سێكی بۆ دوای خۆی وه‌ك میر هه‌ڵنه‌بژارد.

دواڕۆژ: دەگونجێت ئێزدییه‌كان به‌یه‌ك جاری میر-یان نه‌بێت؟
شه‌مۆ قاسم: نه‌خێر، چونكه‌ چه‌ندین كار هه‌ن پێویسته‌ میر بڕیاریان له‌سه‌ر بدات، ئه‌نجومه‌نی رۆحانی ئێزدییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر كارێك پابه‌نده‌ به‌ بڕیاری میر، له‌هه‌مانكاتدا میر ده‌توانێت زۆرێك له‌ كێشه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی ئێزدییه‌كان له‌سه‌ر  ئاستی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و دره‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكات.

دواڕۆژ: ئێستا رۆشنبیر و كه‌سایه‌تییه‌كانی ئێزدی بۆ هه‌ڵبژاردنی میر رێگا چاره‌یەكیان هه‌یه‌ یان نا؟
شه‌مۆ قاسم: زۆر له‌ كاسایه‌تی و زانایانی ئێزدیی له‌ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌رمه‌نستان و روسیا و جۆرجیا، داوایان له‌ بنه‌ماڵه‌ی به‌گه‌كانی ئێزدی كردووه‌ ئه‌نجومه‌نێك به‌ناوی (ئه‌نجومه‌نی ماڵی میران) له‌ هه‌ر 7 بنه‌ماڵه‌ دامه‌زرێنن و یه‌ك كه‌س سه‌رۆكی ئه‌و ئه‌نجومه‌نە بێت ئه‌ویش (حازم ته‌حسین به‌گ)ە به‌ڵام ئه‌م پێشنیازه‌ سه‌رنه‌كه‌وت، چونكە حازم ته‌حسین به‌گ قبوڵی نه‌كرد دوو جێگری هه‌بێت، له‌هه‌مانكاتدا بنه‌ماڵه‌ی (فاروق به‌گ و معاویه‌ به‌گ) ئه‌م پێشنیازەیان‌ به‌یه‌كجاریی ره‌تكردەوە و هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ ده‌ڵێن "پێویسته‌ میر له‌ بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌ بێت و پێویستیان به‌و‌ ئه‌نجومه‌نه‌ نییه"‌.

دواڕۆژ: زۆربه‌ی ئێزدییه‌كان ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئایا پارتی هاتووه‌تە ناو ئه‌م پرسەوە؟
شه‌مۆ قاسم: پارتی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌هاتووه‌تە ناو ئه‌م مژاره‌، چونكه‌ هه‌ر له‌سه‌رەتاوه‌، ئێمه‌ وه‌كو ئێزدییه‌كان دوامان له‌ پارتی كرد ده‌ست نه‌خاته‌ ناو ئه‌م مژاره‌، چونكه‌ گرفته‌كانی ئێمه‌ گه‌وره‌تر ده‌كات.

دواڕۆژ: زۆربه‌ی ئێزدییه‌كان حه‌زده‌كه‌ن كێ ببێته‌ میری ئه‌وان، ئایا ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوو ده‌بێته‌ میر ده‌توانێت شوێنی میر ته‌حسین به‌گ پڕبكاته‌وه‌؟
شه‌مۆ قاسم: ئێستا زۆربه‌ی ئێزدییه‌كان حه‌زده‌كه‌ن عیسمه‌ت ته‌حسین به‌گ ببێته‌ میری نوێی ئێزدییه‌كان، به‌ڵام عیسمه‌ت و هیچ كه‌سێكی دیكه‌ ناتوانن شوێنی میر ته‌حسین به‌گ پڕبكەنەوە، چونكه‌ له‌هه‌موو روویەكه‌وه‌ میر ته‌حسین به‌گ خاوه‌ن كاریگه‌ری بووه‌، ئیزدییه‌كان گوێ رایه‌ڵی بڕیاره‌كانی میر ته‌حسین به‌گ بوون. 

دواڕۆژ: بیستوومانە ده‌نگی ناڕەزایی لەناو گه‌نجانی ئێزدی له‌ میری ئێزدییان هەیە، بۆچی به‌شێك له‌ ئێزدییه‌كان ره‌خنه‌ی توند له‌ میر و بنه‌ماڵه‌كەی ده‌گرن؟
شه‌مۆ قاسم: راسته‌، به‌شێك له‌ ئێزدییه‌كان به‌تایبه‌تی گه‌نجه‌كان، ره‌خنه‌ی توند ئاڕاسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی میر ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن "بۆچی هه‌موو جارێك میری ئێزدییان له‌ یه‌ك بنه‌ماڵه‌ بێت؟ پێویسته‌ هه‌ر جاره ‌و میر له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌ك بێت، نابێت میری ئێزدییان لە ناوی یه‌ك بنه‌ماڵه‌ بێت و پێگەكەی لا بمێنێتەوە.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure