ده‌رچووانی زانكۆ و په‌یمانگەكان له‌ گه‌رمیان گردبوونه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 13/06/2019‌ :: 256‌ جار بینراوە

تاگ :: گەرمیان

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

ده‌رچووانی زانكۆ و په‌یمانگەكان له‌ سنووری گه‌رمیان گردبوونه‌وه‌یه‌كیان بۆ به‌رده‌م ئیداره‌ی گه‌رمیان رێكخست و داوای دامه‌رزاندنیان كرد.


دەرچووە دانەمەزراوەكان رایدەگەیەنن: "شه‌ڕی داعش و قه‌یرانی دارایی كۆتایی هاتووه‌ و پێویسته‌ دامه‌رزاندن بكرێته‌وه".

كامه‌ران هه‌مه‌وه‌ندی، له‌ ده‌سته‌ی ده‌رچووه‌ دانه‌مه‌زراوه‌كانی گه‌رمیان (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 13ى حوزه‌یرانى 2019) به‌ دواڕۆژی وت: ئه‌مڕۆ به‌ مه‌به‌ستی داواكاری بۆ دامه‌رزاندنیان، ژماره‌یه‌كی له‌ ده‌رچووانی زانكۆ و په‌یمانگە له‌ به‌رده‌م ئیداره‌ی گه‌رمیان گردبوونه‌وه‌ و ناڕه‌زایی و نیگه‌رانی خۆیان له‌باره‌ی نه‌بوونی دامه‌رزاندنه‌وه‌ خستووه‌ته‌ڕوو.

وتیشی: "پێشتر گردبوونه‌وه‌ و خۆپیشاندانیان له‌ ئاستی گه‌رمیان و سلێمانی و ته‌نانه‌ت له‌ به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیش ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم شه‌ڕی داعش و قه‌یرانی دارایی وه‌كو بیانوو بۆ نه‌بوونی دامه‌زراندن ده‌هێنایه‌وه كە ئێستا شه‌ڕ نه‌ماوه‌ و بارودۆخی داراییش باشتر بووه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم دامه‌زراندن بكاته‌وه‌ و ناكرێت ئه‌و هه‌مووه‌ ده‌رچووه‌ بێكاربن و ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كانیان بێوه‌ڵام بێت، ئه‌وا له‌ داهاتوودا هه‌ڵوێستی دیكه‌یان ده‌بێت.

لای خۆیه‌وه‌ هه‌ڤاڵ ئیبراهیم، وته‌بێژی ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ر و به‌شێك له‌ ده‌رچووه‌ دانه‌مه‌زراوه‌كان كۆبووه‌وه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی خستوه‌ته‌ڕوو كه‌ دامه‌رزاندن له‌ ئاستی هه‌رێمی كوردستان راگیراوه‌ و له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌ و به‌ڵێنی پێداون داواكارییه‌كان بگه‌یه‌نێته‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار و پشتگیری خۆی بۆ ئه‌و ده‌رچووه‌ دانه‌مه‌زراوانه‌ دووپاتكرده‌وه.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور  
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure