خوێندكارێك به‌ فیشه‌ك برینداركرا

هەواڵ / کوردستان :: 13/06/2019‌ :: 995‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك

له‌ به‌رده‌م قوتابخانه‌یه‌كى شارى دهۆك چه‌ند كه‌سێك ته‌قه‌یان له‌ خوێندكارێك كرد و به‌سه‌ختى برینداریانكرد و پۆلیسى شاره‌كه‌ش ده‌ڵێت: له‌سه‌ر كێشه‌ى دوژمندارى بووه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى دهۆك (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 13ى حوزه‌یرانى 2019) له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد: پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ له‌ به‌رده‌م قوتابخانه‌ى مێردین له‌ گه‌ڕه‌كى سه‌رهه‌ڵدان له‌ دهۆك چه‌ند كه‌سێك به‌هۆى دوژمندارێتى ته‌قه‌یان له‌ قوتابیه‌ك كرد و برینداریانكرد‌.

هاوكات وه‌لید هه‌ركى، كه‌سى نزیكى ئه‌و خوێندكاره‌ بۆ دواڕۆژ وتى: قوربانیه‌كه‌ خوێندكارى پۆلى 12 ئاماده‌یی-یه‌ و پاش ئه‌نجامدانى تاقیكردنه‌وه‌ له‌و قوتابخانه‌یه‌ هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌وكاته‌دا له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ له‌ دوژمنداره‌كانى ته‌قه‌ی لێكراوه‌ و به‌سه‌ختى برینداركرا.

وتیشى: "ئێستا ئه‌و گه‌نجه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى دهۆكه‌ و دۆخى ته‌ندروستى زۆر خراپه‌".

كێشه‌ى دوژمندارێتى بنه‌ماڵه‌ى ئه‌و گه‌نجه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى ته‌قه‌یان لێكردووه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سێ ساڵ پێش ئێستا كه‌ له‌ قه‌زاى ئاكرێ له‌نێوان دوو كه‌س له‌ بنه‌ماڵه‌ى ئه‌و گه‌نجه‌ و بنه‌ماڵه‌ى‌ عه‌شیره‌تێكى دیكه‌ دروستبوو و به‌هۆیه‌وه‌ دوو كه‌س له‌ هه‌ردوولا كوژران.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure