جیهان به‌كورتى: مارین لو پێن له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌ى كوشتاره‌كانى داعش له‌ تویته‌ر بانگهێشتى دادگا ده‌كرێت

هەواڵ / جیهان :: 13/06/2019‌ :: 4799‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ئیندیپێنده‌نت – مارین لو پێن له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌ى كوشتاره‌كانى داعش له‌ تویته‌ر بانگهێشتى دادگا ده‌كرێت 
به‌پێى هه‌واڵێكى سایتى ئیندیپێنده‌نتى بریتانى، دادگاى فڕه‌نسا فه‌رمانیكردووه‌ به‌ ئاماده‌بوونى مارین لوپێن سه‌رۆكى به‌ره‌ى نیشتمانى فڕه‌نسا به‌تۆمه‌تى بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌ى توندوتیژى و نه‌شیاو كه‌ گوزارشتن له‌ تیرۆر و ئابڕووچوون و ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر كه‌رامه‌تى مرۆڤ".
هۆكارى بانگهێشتكردنى مارین لو پێن بۆ دادگا بڵاوكردنه‌وه‌ى چه‌ند وێنه‌یه‌كى كوشتن و بڕینى داعشه‌ له‌ تویته‌ر كه‌ له‌ناویاندا وێنه‌ى سه‌ربڕینى جه‌یمس فۆڵى رۆژنامه‌نووسى ئه‌مریكى تێدایه‌.



سى ئێن ئێن – به‌هۆى خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ پشكه‌كانى هۆنگ كۆنگ روو لە دابه‌زین ده‌كه‌ن
(رۆژى چوارشه‌ممه‌ 12ى حوزه‌یرانى 2019) به‌هۆى خۆپیشاندانى ده‌یان هه‌زار هاوڵاتییه‌وه‌ له‌ هۆنگ كۆنگ دژى پڕۆژه‌یاساى راده‌ستكردنه‌وه‌ نرخى پشكه‌كانى هۆنگ كۆنگ زۆر دابه‌زیوه‌.


گاردیان – پزیشكه‌كانى سودان ده‌ڵێن: ده‌یان سودانى له‌كاتى هێرشكردنه‌ سه‌ر  خۆپیشانده‌راندا ده‌ستدرێژى سێكسییان كراوه‌ته‌سه‌ر
به‌پێى هه‌واڵێكى سایتى گاردیانى بریتانى، له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا نه‌خۆشخانه‌كانى خه‌رتومى پایته‌ختى سودان 70 حاڵه‌تى ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر خۆپیشانده‌رانیان تۆمار كردووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ كراوه‌ته‌ سه‌ریان.



دیموكراسى ناو – فایله‌ نهێنییه‌كان ئاشكرایده‌كه‌ن كه‌ چۆن نوخبه‌یه‌ك له‌ برازیل داسیلڤای سه‌رۆكى پێشوویان ده‌ستگیر كردووه‌ و رێگه‌كه‌یان بۆ بۆلسۆنارۆ پاككردووه‌ته‌وه‌
قه‌یرانه‌ سیاسییه‌كانى برازیل تادێت روو له‌زیادبوون ده‌كات و به‌پێى چه‌ند فایلێكى نهێنى، ئه‌و دادوه‌ره‌ى فه‌رمانى ده‌ستگیركردنى لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤاى سه‌رۆكى پێشووى برازیلى ده‌ركردووه‌، یارمه‌تى داواكاره‌ فیدراڵییه‌كانى داوه‌ له‌ كه‌یسى تێوه‌گلانیان له‌ گه‌نده‌ڵى، وه‌كو هه‌وڵێك بۆ رێگریكردن له‌ پارته‌كه‌ى داسیلڤا كه‌ پارتى كرێكارانه‌ بۆئه‌وه‌ى له‌ سه‌ركه‌وتن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا.



سپوتنیك – دۆناڵد تره‌مپ ده‌ڵێت: بیر له‌ دانانى سزا بۆ سه‌ر نۆرد ستریم 2 ده‌كاته‌وه‌
(رۆژى چوارشه‌ممه‌ 12ى حوزه‌یرانى 2019) دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا رایگه‌یاند: "بیر له‌ دانانى پلانێك ده‌كاته‌وه‌ بۆ سه‌پاندنى سزا به‌سه‌ر پرۆژه‌ى هێڵى بۆرى گواستنه‌وه‌ى نۆرد ستریم 2".



نیوز ویك – جه‌نگه‌ ئابوورییه‌كانى دۆناڵد ترامپ روسیا و چین كۆده‌كاته‌وه‌، ته‌حه‌داكردنى ئه‌مریكایان بۆ ئاسانتر ده‌كات
له‌كاتێكدا ئیداره‌كه‌ى تره‌مپ جه‌نگێكى ئابوورى به‌ ملیاران دۆلار له‌گه‌ڵ به‌یجینگ هه‌ڵگیرساندووه‌ و سزاكانى بۆ سه‌ر مۆسكۆ كردووه‌ته‌ دوو هێنده‌، شى جین پینگ سه‌رۆكى چین و ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكى روسیا له‌ كۆڕبه‌ندى ئابوورى نێوده‌وڵه‌تى كه‌ رۆژى هه‌ینى له‌ سان پیته‌رسبێرگ به‌ڕێوه‌ده‌چێت گفتوگۆ له‌باره‌ى كێشه‌ هاوبه‌شه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ده‌كه‌ن.

 

رەئى ئەلیەوم- کۆشکى سپى: میسر و ئوردن و مەغریب بەشدارى لە کۆنگرەى بەحرەین دەکەن کە تایبەتە بەلایەنى ئابوورى گرێبەستى سەدە.. مەغریب-یش بێئاگایی حکومەتەکەى رادەگەێنێت.

دوێنێ چوارشەممە 12ى حوزەیرانى 2019 کۆشکى سپى رایگەیاند: کە میسر و ئوردن و مەغریب وەک هاوپەیمانییه‌ک رەزامەندی خۆیان نیشانداوە کە بەشدارى لە کۆنگرەى مەنامە بکەن کە تایبەتە بەلایەنى ئابوورى گریبەستى سەدە، کە وەک پلانێکى ئاشتى لە نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل جێبەجێ بکرێت.

لەوبارەیەوە سەعدەدین عوسمانى سەرۆکى حکومەتى مەغریب، بێئاگایی حکومەتەکەى نیشاندا لە ئامادەبوونى لەو کۆنگرەیە، کە وا چاواڕواندەکرێت لە رۆژانى 25 و 26ى حوزەیران لە مەنامەی پایتەختى بەحرەین ئەنجامبدرێت.

 

ئەلبەیان- ئەمساڵ ئوتێلێک لەسەر شێوەى گیتار لە باشوورى فلۆریدا دەکرێتەوە

بڕاندى بازرگانى جیهانى هاڕدڕۆک، ئوتێلێکى بە درێژایی 400 پێ لە باشوورى فلۆریدا لەسەر شێوەى گیتار دروستکردووەو لەمانگى تشرینى یەکەمى ئەمساڵ دەکرێتەوە.

ئەو ئۆتێلە ناوى (سیمنۆڵ هاردرۆک)ە و لەسەر شێوەى گیتار دیزاین کراوە لە باشوورى فلۆریدا و بە یەکێک لەو ئۆتێلانە دادەنرێت کە بڕاندى بازرگانى هاڕدڕۆک دروستى کردووە، ئوتێلەکەش بە درێژایی 400 پێ لە هۆڵیود لە فلۆریدا بە گوژمەى 1.5 ملیار دۆلار دروستکراوەو شانۆیەکى گەورە لەخۆدەگرێت، واچاوەڕوان دەکرێت لە 24ى تشرینى یەکەمى 2019 بکرێتەوە.



ئەلبەیان- فڕۆکەى بۆینگ 737 لە مانگى کانونى یەکەمى داهاتوو دەست بەگەشتەکانى دەکاتەوە

دواى چاککردنى هەڵە تەکنیکییەکانى فڕۆکەى 737 ماکس، چاوەڕوان دەکرێت لە مانگى کانونى یەکەمى داهاتوو بفڕێت و دەست بەگەشتەکانى بکاتەوە.

لێپرسراوێکى دیارى ئیدارەى فڕینى فیدراڵى ئەمریکى ئاشکرای کرد کە فڕۆکەى گەشتیارى 737 ماکس، دواى ئەوەى لەمانگى ئازارى رابوردوو بەهۆى هەڵەیەکى تەکنیکییەوە تووشى چەند رووداوێکى ترسناک بوو و فڕینى هەڵپەسێردرابوو، توانرا چارەسەرى کێشەکانى بکرێت و چاوەڕواندەکرێت لە مانگى کانونى یەکەمى داهاتوو بفڕێت و لەگەشتەکانى بەردەوام بێت.


ئەلبەیان- سەرۆکى کۆریاى باشوور چاوەڕوانى چاوپێکەوتنى سێیەم لە ترامپ دەکات

دوێنێ چوارشەممە 12ى ئایارى 2019، مۆن جاى ئان سەرۆکى کۆریاى باشوور ئاشکرای کرد، کە چاوەڕوان دەکات بۆ جارى سێیەم چاوى بە ترامپ بکەوێت بۆ ئەنجامدانى کۆبوونەوەیەکى نوێ لەگەڵ کیم جۆن ئون سەرۆکى کۆریاى باکوور، لەترسى ئەوەى دانوستانەکانى رابردوویان درێژەی کێشاوە و ڕەنگە هیچ بەهایەکى نەمێنێت.

لەوبارەیەوە سەرۆکى کۆریاى باشوور لە سەردانێکیدا بۆ ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج وتى: "واباشترە ترامپ سەرۆکى ئەمریکا هەوڵێکى تر بدات کە لە نزیکترین کاتدا چاوى بە کیم جۆن ئون سەرۆکى کۆریاى باکوور بکەوێت، چونکە ماوەى ساڵێکە دواى لوتکەى سەنگافورا، هیچ جۆرە چاوپێکەوتنێکى دیکە ئەنجام نەدراوە و ترسى ئەوەى لێدەکرێت بەدرێژایی کات ئەو دانوستانە بەهاى خۆى لەدەستبدات و لەناوبچێت.

وه‌رگێڕانى: هونه‌ر كه‌مال، ئاکۆ زەنگەنە



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure