مەسرور بارزانى له‌گه‌ڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 13/06/2019‌ :: 4997‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

كاندیدى پارتى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كۆده‌بێته‌وه‌ و داواى راده‌ستكردنى ناوى كاندیدانی پۆستەکانیان لێده‌كات.

به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ: سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو مەسرور بارزانى، كاندیدى راسپێردراوى پارتى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت سه‌ردانى سلێمانى ده‌كات و له‌گه‌ڵ گۆڕان كۆده‌بێته‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مەسرور بارزانى به‌ڕه‌سمى داوا له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌كات ناوى كاندیدانیان بۆ پۆسته‌ وەزارییه‌كان راده‌ست بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ماوه‌یه‌كى نزیكدا پێكهاته‌ى كابینه‌كه‌ راده‌ستى په‌رله‌مان بكرێت.

چالاكى موهه‌ندیس، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى گۆڕان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو ده‌بێت و تیایدا دید و بۆچوونى مەسرور بارزانى و شێوازى به‌ڕێوه‌بردنى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ گۆڕان و لایه‌نه‌كانى دیكه‌ تاوتوێ ده‌كرێت.

له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمدا، گۆڕان وه‌زارەته‌كانى (دارایى و ئابورى، كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى، بازرگانى و پیشه‌سازى و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن) وه‌رده‌گرێت.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ: پارتى ده‌یه‌وێت له‌ماوه‌ى كه‌متر له‌ مانگێكدا پێكهاته‌ى كابینه‌كه‌ى راده‌ستى په‌رله‌مان بكات و حكومه‌ت پێكبێنێت، بۆ ئه‌مه‌ش داواده‌كات له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌ك تاوه‌كو 10 رۆژدا، لایه‌نه‌كان ناوى كاندیدانیان راده‌ست بكه‌ن.

(سێشەممەى رابوردوو 11ى حوزه‌یرانى 2019) له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ به‌ ده‌نگی 87 په‌رله‌مانتار مەسرور بارزانی وەک کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن ناوزه‌ند كرا و دوێنى له‌لایه‌ن سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت راسپێردرا.

داڕشتنەوە: چ.ع

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure