حكومه‌تی هه‌رێم داوایه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 13/06/2019‌ :: 12824‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم داوا له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری ده‌كات، پێداچوونه‌وه‌ به‌ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ بكات كه‌ به‌ده‌ر له‌ رێككاره‌ یاسایییه‌كان، پله‌یان به‌رزكراوه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ نووسراوی ژماره‌ (2840) كه‌ له‌ (15ی ئایاری 2019) ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری كردووه‌ و داواده‌كات رێككاری یاسایی به‌رامبه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ بگرێته‌به‌ر كه‌ به‌ده‌ر له‌ رێنماییه‌كانی له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی هه‌رێم، پله‌یان به‌رزكراوه‌ته‌وه‌.

له‌ نووسراوه‌كه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌: له‌داموده‌زگاكانی حكومه‌تدا (وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانی نه‌به‌ستراو به‌ وه‌زاره‌ت) پله‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌شێوه‌یه‌ك به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ره‌چاوی پله‌ی وه‌زیفی و مه‌رجه‌كان نه‌كراوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت به‌پێی رێكاره‌ یاساییه‌كان پله‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ رێكبخرێته‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، داوای له‌ وه‌زاره‌تی دارایی كردووه‌ له‌ زووترین كات رێنمایی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و پله‌ به‌رزكردنه‌وانه‌ ده‌ربكات و سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانیش ئاگاداربكاته‌وه‌.

به‌وته‌ی وه‌زیری دارایی هه‌رێم له‌ كۆتایی ئه‌مساڵ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، كه‌ پێشتر و به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ لە ساڵی 2016_وە پلەبەرزکرنەوەی فه‌رمانبه‌ران راگیرابوو.

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure