ئاماده‌كارى بۆ كۆبوونه‌وه‌ى یه‌كێتی و پارتى ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 13/06/2019‌ :: 1113‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

به‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتى له‌باره‌ى دیاریكردنى ناوى كاندیده‌كانى پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان، وابڕیارە له‌ باره‌ى پرسى كه‌ركوك كۆببنه‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ: پارتى دیموكراتى كوردستان داواى له‌ یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان كردوه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ى ناكۆكییه‌كانى نێوانیان ئه‌نجامبدرێت و بڕیاریشوایە هەفتەی داهاتوو وەفدێكی پارتی له‌باره‌ى پرسى كه‌ركوك له‌ گه‌ڵ شاندى یەکێتی كۆبێته‌وه‌ و له‌ ئێستاشدا مونه‌سیقى هه‌ردوو حزب ده‌ستیان كردووه‌ به‌ ئاماده‌كارى و دیاریكردنى رۆژى كۆبوونه‌وه‌كه‌.

هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كانیش كۆبوونه‌وه‌ى شاندى پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان تایبه‌ت نابێت به‌ ناوى كاندیده‌كان، چونكه‌ یه‌كێتیى ده‌یه‌وێ به‌ر له‌ ڕاده‌ستكردنى ناوى كاندیده‌كانى بۆ پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان، پرسى كه‌ركوك و وه‌زیرى داد له‌ حكومه‌تى عێراقى یه‌كلابكرێته‌وه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش له‌ هه‌فته‌ى رابوردوودا ناوى دوو كاندید بۆ پارێزگارى كه‌ركوك و كاندیدێكیش بۆ پۆستى وه‌زیرى داد پێشكه‌شى پارتى كردوه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ دڵشاد شه‌هاب، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "له‌ دوو هه‌فته‌ى داهاتوودا كۆبوونه‌وه‌كان له‌باره‌ى پرسى پێكهێنانى حكومه‌ت له‌ نێویشیان پرسى كه‌ركوك له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ده‌ستپێده‌كات، گه‌شبینین كه‌ ده‌گه‌ینه‌ رێككه‌وتن، چونكه‌ له‌ ڕابوردوودا له‌سه‌ر كۆى پرسه‌كان دوو رێككه‌وتن واژۆكراوه‌".

رۆژى 12ى حوزه‌یران بە فەرمانی هەرێمی ژمارە یەكی ساڵی 2019 سەرۆكی هەرێم، مەسرور بارزانی راسپارد لە ماوەی یەك مانگدا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنێت.

داڕشتنەوە: چ.ع

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure