له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ى كاره‌با رونکردنەوە ده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 568‌ جار بینراوە

تاگ :: کارەبا

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى كاره‌با رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌هۆى زۆرى خواست له‌سه‌ر كاره‌باى نیشتمانى، رێژه‌ى پێدانى كاره‌با بۆ 17 تاوه‌كو 18 كاتژمێر كه‌مده‌بێته‌وه‌ وه‌زاره‌تى كاره‌با-ش و داوایه‌ك له‌ هاووڵاتیان ده‌كات.

ئومێد محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى كۆنترۆڵى كاره‌با (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 13ى حوزه‌یرانى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌مانگه‌كانى رابوردوو بڕى 20 كاتژمێر كاره‌باى نیشتمانى به‌ هاووڵاتیان دراوه‌، به‌ڵام به‌هۆى خواستى زۆر له‌ وه‌رزى گه‌رما، رێژه‌كه‌ كه‌مده‌بێته‌وه‌.

وتیشى: "دواى ئیشپێکردنی یەکەکانی وێستگەکانی غازی بەرهەمهێنانی کارەبا و کارۆئاوی لەهەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، لە ئێستادا بەتێکڕا سێ هه‌زار و 570 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنرێت، به‌ڵام خواست له‌سه‌ر كاره‌با بۆ پێنج هه‌زار مێگاوات به‌رزبۆته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ هه‌فته‌ى داهاتوودا 17 تاوه‌كو 18 كاتژمێر كاره‌باى نیشتمانى به‌ هاووڵاتیان ده‌درێت و به‌شه‌كه‌ى دیكه‌ش له‌ڕێگه‌ی مۆلیده‌ى ئه‌هلییه‌وه‌ قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه‌".

هاوكات له‌ راگه‌یاندراوێكدا، وه‌زاره‌تى كاره‌باى هه‌رێم داوا لە هاووڵاتیان ده‌كات هاوکاریان بن لە کەمکردنەوەی زیاد بەکارهێنانی کارەبا، چونکە لە وەرزی هاوین دا بارگرانییەکی زۆر دەکەوێتە سەر وێستگە و گۆڕەر و تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا و بەهۆیەوە زۆرجار بەپێی پێویست ناتوانرێت کارەبا بگەیەنرێتە هەموو هاوبەشانی کارەبا.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure