ماوەی مانگێک دیاری دەکرێت بۆ ئەو شوێنانەی دەرمانی گیایی دەفرۆشن

هەواڵ / ئابوری :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 554‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد 

پێداچوونەوە بە شێوازى کارکردنى هەموو ئەو شوێنانەدا دەکرێت کە تایبەتن بە چارەسەر و فرۆشتنى دەرمانى گیایى "چارەسەرى سروشتى" و لەڕێگەى لیژنەیەکى تایبەتمەندیشەوە چۆنیەتى کارکردنى ئەو شوێنانە بەپێى کۆمەڵێک مەرج و رێنمایى رێکدەخرێت و ماوەى ماگێک دەدرێت بەو شوێنانەى کە تائێستا مۆڵەتى کارکردنیان نیە.


ئاوات محەمەد، قایمقامى سلێمانى بەدواڕۆژی راگەیاند: لەگەڵ لایەنەپەیوەندیدارەکان لەپارێزگاى سلێمانى کۆبوینەوە و ئەو رێوشوێنانە تاوتوێکران کە پێویستن بگیرێنەبەر بۆ رێکخستنەوەى کارکردنى ئەو شوێنانە لە بارەى شێوازى کارکردنى دوکان و شوێنەکانى فرۆشتن و چارەسەرى دەرمانى گیایى.

راشیگەیاند: لەڕووى تەندروستییەوە سەرنج و تێبینییەکى زۆر لەسەر کارکردنى هەموو ئەو شوێنانە هەیە و بڕیاریانداوە بۆ پاراستنى تەندروستى هاووڵاتیان و چۆنیەتى کارکردنى هەموو ئەو شوێنانە بەپێى کۆمەڵێک مەرج و رێنمایى کە پێشتر لەلایەن وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمەوە پەسەند کراوە، رێکبخرێتەوە و ئەو مەرج و رێنماییانە بکرێنە بنەماى کارکردنى ئەو شوێنانە و هەموو ئەو کەسانەش کە لەو شوێنانەدا کاردەکەن".

قایمقانى سلێمانى ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد: ماوەى مانگێک دەدرێت بەهەموو ئەو شوێنانەى کە تائێستا مۆڵەتیان نیە بۆ بەدەستهێنانى مۆڵەت و پابەندبونیان بە مەرج و رێنماییەکان.

ئاوات محەمەد وتیشی: "پسپۆڕانى تەندروستى ئاماژەیان بەوەداوە کە بەشێک لەو دەرمانانەی کە دوکانەکانى گیایى دەیفرۆشن رێگەپێدراو نین و لەڕووى زانستییەوە ئەو دەرمانانە گونجاونین هاووڵاتیان بەکاریان بهێنن، بەڵکو بەکارهێنانیشیان دەبێتە هۆى زیانگەیاندن بە تەندروستیان و توشبوونیان بە هەندێک نەخۆشى ترسناک".

لەئێستادا چەند خاڵێک پەسەندکراوە بۆ رێکخستنەوەى چۆنیەتى کارکردنى شوێنەکانى دەرمانى گیایى لە سلێمانى کە بەچارەسەرى سروشتى ناسراون و لەمەودوا بەپێى ئەو رێنماییانە رێگە بەکارکردنیان دەدرێت.

1. دروستکردنى لیژنەیەکى هاوبەشى تایبەتمەند لەنوێنەرى فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کە ئەرکى بەدواداچون دەبێت بۆ چۆنیەتى کارکردنى ئەو شوێنانە.

2. جێبەجێکردنى هەموو ئەو مەرج و رێنماییانەى کە تایبەتن بە کارکردنى شوێنە گیاییەکان و لەلایەن وەزارەتى تەندروستی هەرێمەوە پەسەند کراوە.

3. ئەو دەرمانە گیاییانەى کە لە وڵاتانى دەرەوە هاوردەى هەرێم دەکرێت پێویستە لەژێر چاودێریەکى وردى کوالیتى کۆنترۆڵدا رێگە بەهاوردەکردنیان بدرێت و تەنیا رێگە بەو دەرمانانە بدرێت کە تۆمارکراون و هیچ زیانێکیان نیە.

4. ئەو دەرمانانەى کە لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان ئامادەدەکرێن پێویستە لە کارگەیەکى رەسمیدا کە لەژێر چاودێرى دامەزراوەکانى حکومەتدا بێت ئامادەبکرێن و لەڕووى زانستییەوە هەموو مەرجەکانی تێدا بێت.

5. تەنیا رێگە بە کەسانى "شارەزا و خاوەن بڕوانامە" بدرێت لەو شوێنانەدا کاربکەن و پابەندى مەرج و رێنماییەکان بن.

6. لەپاڵ شوێنە گیاییەکان بەدواداچون بۆ هەموو "دوکان و شوێنەکانى جوانکارى" بکرێت کە دەرمان و چارەسەرى سروشتى بەکاردەهێنن و دەیفرۆشن.

7. هۆشیارکردنەوەى خەڵک لەو ریکلامانەى کە لەبارەى دەرمانە گیاییەکان و چارەسەرە سروشتییەکان لەڕێگەى راگەیاندنەکانەوە بڵاودەکرێنەوە کە زۆربەیان هیچ بنەمایەکى زانستییان نیە.

داڕشتنەوە: چ.ع

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure