وه‌زاره‌تى بازرگانى عێراق له‌باره‌ى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ بڕیارێكى ده‌ركرد

هەواڵ / ئابوری :: 13/06/2019‌ :: 538‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كشتوكاڵى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكرایكرد: جیاواز له‌ ساڵانى رابوردوو ئه‌مساڵ وه‌زاره‌تى بازرگانى عێراقى بڕیاریداوه‌ به‌ كردنه‌وه‌ى بنكه‌ى وه‌رگرتنى گەنم له‌ جوتیارانى سنوره‌كه‌ و بۆ ئه‌مساڵیش بڕى 20 هه‌زار تۆن گه‌نم له‌ جوتیاران وه‌رده‌گرێت.


ستار مه‌حمود، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كشتوكاڵی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌ ساڵى رابوردوودا جوتیارانى سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ گه‌نمه‌كانیان ده‌برد بۆ سایلۆى سه‌یدسادق له‌وێ راده‌ستى وه‌زاره‌تى بازرگانى عێراقیان ده‌كرد، به‌ڵام بۆ ئه‌مساڵ وه‌زارەتى بازرگانى عێراقى بڕیاریداوه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بنكه‌یه‌كى وه‌رگرتنى گه‌نم بكاته‌وه‌ و چیتر پێویست ناكات جوتیارانى سنوره‌كه‌ گه‌نمه‌كانیان ببه‌نه‌ سایلۆى سه‌یدسادق.  

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: هه‌ر له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تى بازرگانى عێراقییه‌وه‌ بریاردراوه‌ كه‌ بۆ ئه‌مساڵ بڕى 20 هه‌زار تۆن گه‌نم له‌جوتیارانى سنوره‌كه‌ وه‌ربگیرێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ ڕێژه‌یه‌كی كه‌مه‌ به‌راورد به‌بڕی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ زۆره‌ی له‌سنوره‌كه‌ هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا  به‌راورد به‌ پاریزگاكانى دیكه‌ى هه‌رێم هێشتا ڕێژه‌یه‌كى باشه‌، به‌ڵام ئێمه‌ به‌رده‌وام جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ زیاتركردنی بڕی گه‌نمی وه‌رگیراو له‌ لایه‌ن حكومه‌تى عێراقییه‌وه‌.

لاى خۆشییه‌وه‌ نوخشه‌ ناسیح، قایمقامى ناوه‌ندى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: بۆ ئه‌مساڵ لیژنه‌یه‌كمان پێكهێناوه‌ بۆ دیاریكردنى بڕى پاره‌ى كرێى كاركردنى ده‌ڕاسه‌ له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بڕیاردراوه‌ كه‌ بۆ هه‌ر كاتژمێر كاركردنى ده‌ڕاسه‌ بڕى 40 هه‌زار دینار وه‌ربگیرێت.

داڕشتنەوە: چ.ع

بڵاوکردەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure