کێ دەبێتە ئه‌میرى داهاتووی كۆمه‌ڵى ئیسلامى؟

هەواڵ / کوردستان :: 12/06/2019‌ :: 805‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

به‌ر له‌ كۆتایى ئه‌مساڵ كۆمه‌ڵى ئیسلامى كۆنگره‌ى پێنجه‌مى خۆى ده‌به‌ستێت، به‌پێى رێككه‌وتنێكى پێشوه‌خته‌ش عەلى باپیر جارێكى دیكه‌ به‌ ئه‌میرى كۆمه‌ڵی ئیسلامى ده‌مێنێته‌وه‌.


وابڕیاربوو له‌ (31ى مانگى رابوردوو)، كۆمه‌ڵى ئیسلامى كۆنگره‌ى ئاسایى خۆى ببەستێت، به‌ڵام به‌هۆى مانگى ره‌مه‌زانەوە كۆنگره‌ بۆ كۆتایییه‌كانى ئه‌مساڵ دواخراوه‌ و له‌ دانیشتنى داهاتووى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیدا بڕیار له‌سه‌ر رۆژى ئه‌نجامدانى كۆنگره‌ ده‌دات.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژیش كه‌ له‌سه‌ركرده‌یه‌كى كۆمه‌ڵ-ەوە ده‌ستیكه‌وتووه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌میرى کۆمەڵی ئیسلامى داواى كردبوو خۆى هه‌ڵنه‌بژێرێته‌وه‌، به‌ڵام رێككه‌وتنێكى پێشوه‌خته‌ كراوه‌ خۆى هه‌ڵبژێرێته‌وه‌، به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانیشى دەدرێت به‌ ئه‌نجومه‌نى سیاسى ئه‌و حیزبه‌ و گۆڕانكارى له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانیدا دەكرێت.

شوان رابه‌ر، بڕیارده‌رى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵ له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "جه‌ماوه‌ر و ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵى ئیسلامى رازینه‌بوون به‌ خۆ هه‌ڵنه‌بژاردنه‌وه‌ى ئه‌میرى كۆمه‌ڵى ئیسلامى، ئه‌گه‌ر له‌ كۆنگره‌ش بێت به‌زۆر داواده‌كرێت جارێكى دیكه‌ مامۆستا على باپیر ببێته‌وه‌ ئه‌میر".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "ئه‌مساڵ كۆنگره‌ ئه‌نجامده‌درێـت و ده‌مانه‌وێت زه‌مینه‌یه‌كى باشى بۆ بڕەخسێنین و هه‌ندێ گۆڕانگارى گه‌وره‌ و وه‌رچه‌رخان ئه‌نجامده‌ده‌ین".

داڕشتنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure