دواڕۆژ پلانی پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ ئاشکرا دەکات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 1756‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

وابڕیاره‌ ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ مه‌رسومێك، مه‌سرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت رابسپێرێت، دواڕۆژ زانیویه‌تى پلانى پارتى ئه‌وه‌یه‌ له‌ماوه‌ى 20 رۆژدا، لیستى ناوى وه‌زیره‌كانى كابینه‌ى نوێ پێشكه‌شى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بكرێت.


دوای دەرکردنی مه‌رسومى هه‌رێمیى بۆ كاندیدى ناوزه‌ندكراو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى كوردستانەوە، هه‌فته‌ى داهاتوو كاندیدى ڕاسپێردراو داواى ناوى كاندیدى لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كان بۆ پێکهێنانی کابینەکە ده‌كات.

(رۆژى سێشه‌ممه‌ 11ى حوزه‌یران)، پەرلەمانی کوردستان کۆبوەوە، دوای خوێندنەوەی بەرنامەی کاری کۆبونەوەکە، سەرۆکی پەرلەمان داوای لە فراکسیۆنی زۆرینەی پەرلەمان کرد کاندیدی خۆیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەستنیشان بکەن تا لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ ئەو پۆستە ناوزەند بکرێت، دواتر بە دەنگی (87) پەرلەمانتار، مەسرور بارزانی لەلایەن پەرلەمانەوە ناوزەندکرا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ هه‌فته‌ى داهاتوو مه‌سرور بارزانى، كاندیدى ڕاسپێدراو سه‌ردانى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى به‌شدار له‌ حكومه‌ت ده‌كات، به‌مه‌به‌ستى داواكردنى پێشكه‌شكردنى لیستى ناوى كاندیده‌كانیان بۆ پۆسته‌ وەزارییەكانى كابینه‌ى داهاتوو.

دواڕۆژ زانیویه‌تى له‌به‌رئه‌وه‌ى دانوستانه‌كان ته‌واوبووه‌، پلانى پارتى ئه‌وه‌یه‌ له‌ماوه‌ى 20 رۆژدا، لیستى ناوى وه‌زیره‌كانى كابینه‌ى نوێ پێشكه‌شى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بكرێت.

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان به‌ دواڕۆژى  راگه‌یاند: چاوەڕوان دەکرێت دوای راسپاردنی مەسرور بارزانی پێش وادەی دیاریکراو کەمتر لە 30 رۆژ کابینەی حکومەت پێکبهێنرێت، چونكه‌ پۆستەكان لەنێوان لایەنە بەشدارەکانی حکومەت دابەشکراوە.

ئاشكراشیكرد: ئه‌مڕۆ چوارشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رادەسپێرێت.

داڕشتنەوە: چ.ع
بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure