گه‌شتوگوزار، ئاماره‌كان مژده‌به‌خشن

هەواڵ / چاوی تۆ :: 12/06/2019‌ :: 66‌ جار بینراوە

سه‌ركۆ یونس* 

كه‌رتى گه‌شتوگوزار یه‌كێكه‌ له‌كه‌رته‌ گرنگ و ستراتیژییه‌كانى زۆربه‌ى ئابوریى وڵاتان و له‌ئێستادا شان به‌شانى كه‌رتى پیشه‌سازى و كشتوكاڵ و بازرگانى له‌كێبڕكێدایه‌ و له‌ هه‌ندێ وڵات ڕاده‌ى پشتبه‌ستنى بودجه‌ى گشتى له‌ڕیزبه‌ندى یه‌كه‌م و دووه‌مدایه‌. 

به‌هۆى گرنگى ئه‌م كه‌رته‌ نیشتیمانیه‌وه‌ زۆربه‌ى وڵاتان هه‌وڵى ته‌واو ده‌ده‌ن ئه‌م كه‌رته‌ به‌ پیشه‌سازیى بكه‌ن، داهاتى به‌ده‌ستهاتوو له‌ گه‌شتوگوزار به‌شێكه‌ له‌ پێكهێنه‌ره‌كانى بودجه‌ى گشتى وڵاتان، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و كه‌ڵك و سوودانه‌ى له‌م بواره‌دا ده‌ستده‌كه‌وێ زیاتر بۆ كه‌رتى تایبه‌ت و كۆمپانیاكان و خاوه‌ن ئوتێل و مۆتێل و چێشتخانه‌كان ده‌بێت و له‌م ناوه‌نده‌یشدا تاكه‌كان به‌هۆى كاركردنیانه‌وه‌ له‌و شوێنانه‌ داهاتیان ده‌ستده‌كه‌وێت به‌گشتى و چینى گه‌نجان به‌تایبه‌تى.

رێكخراوى گه‌شتوگوزارى جیهانى پێشبینى ده‌كات له‌ ساڵى (2030)ه‌وه‌ ساڵانه‌ نزیكه‌ى (1.8) ملیار گه‌شتیار گه‌شته‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن و له‌ئێستادا فره‌نسا پله‌ى یه‌كه‌مى هه‌یه‌ له‌ڕیزبه‌ندى جیهانیدا بۆ سه‌ردانیكردنى گه‌شتیاران، ته‌نها له‌ ساڵى (2017)دا ژماره‌ى گه‌شتیارانى جیهانى كه‌ روویان له‌ شاره‌كانى فره‌نسا كردووه‌ نزیكه‌ى (86.9) ملیۆن گه‌شتیار بووه‌، هه‌ر بۆیه‌ گه‌شتوگوزار به‌ یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌كانى پاڵپشت بۆ ئابوریى فره‌نسا داده‌نرێت و نزیكه‌ى (7.9%) به‌رهه‌مى ناوخۆیى فره‌نسا له‌ كه‌رتى گه‌شتوگوزاره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ده‌گرێت. شایانى باسه‌ به‌پێى راپۆرته‌كان هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئیسپانیا و ئه‌مه‌ریكا و چین و ئیتالیا و مه‌كسیك و بریتانیا و توركیا و ئه‌ڵمانیا و تایله‌ند له‌ڕیزبه‌ندى یه‌كه‌مه‌كانى وڵاتان داده‌نرێن له‌ڕووى ژماره‌ى گه‌شتیاره‌وه‌.

ـ گه‌شتوگوزار له‌ هه‌رێم

خۆشبه‌ختانه‌ هه‌رێمى كوردستان خاوه‌نى سه‌رجه‌م جۆره‌كانى گه‌شتوگوزاره‌ و كه‌رتى گه‌شتوگوزارى به‌سه‌رجه‌م جۆره‌كانیه‌وه‌ له‌بره‌ودایه‌ و جێگاى ئومێده‌ ئه‌م كه‌رته‌ له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ببێته‌ هۆكارى بووژانه‌وه‌ى ئابوریى هه‌رێم و دارایى هه‌رێم له‌ تاكجه‌مسه‌رى و ته‌نها یه‌ك سه‌رچاوه‌ى داهات ده‌رباز بكات. 

له‌ هه‌رێمى كوردستاندا سه‌رجه‌م جۆره‌كانى گه‌شتوگوزار بوونى هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌و گه‌شتوگوزاره‌ى ئێستا هه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ گه‌شتوگوزارى هاوینه‌ و پشووه‌كانى هاوین و جه‌ژنه‌كان.

ـ ئاماره‌كان مژده‌به‌خشن 

ساڵانه‌ هه‌رێمى كوردستان ژماره‌ى پێوانه‌یى تۆمار ده‌كات له‌ راكێشانى گه‌شتیارانى ناوخۆى هه‌رێم و عێراق و ده‌ره‌كى، ئه‌وه‌تا به‌پێى ئامارێك له‌ سێ مانگى یه‌كه‌مى (2019) نزیكه‌ى (900) هه‌زار گه‌شتیار هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمه‌وه‌. ئاماره‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ساڵى (2018) نزیكه‌ى (3 ملیۆن و 57 هه‌زار) گه‌شتیار هاتوونه‌ته‌ پارێزگاكانى هه‌رێمه‌وه‌ كه‌ زۆربه‌یان گه‌شتیارى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق بوون و پێشبینى ده‌كرێت بۆ بۆنه‌ و یاده‌كان له‌ ساڵى (2019)دا ژماره‌ى گه‌شتیاران بۆ هه‌رێم بگاته‌ نزیكه‌ى (3 ملیۆن و500 هه‌زار كه‌س) چونكه‌ له‌ئێستادا هه‌رێم به‌تایبه‌تى و عێراق به‌گشتى به‌ بارودۆخێكى تاڕاده‌یه‌ك جێگیر له‌ڕووى ئاسایش و سیاسیه‌وه‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت و به‌ره‌و پێشچوونى ئابوریى له‌ هه‌رێم پێدانى مووچه‌ به‌بێ پاشه‌كه‌وت به‌خۆوه‌ بینیوه‌. 

خۆشبه‌ختانه‌ له‌ پشووى جه‌ژنى ره‌مه‌زاندا نزیكه‌ى (250) هه‌زار گه‌شتیار هاتوونه‌ته‌ پارێزگاكانى هه‌رێم و سه‌ردانى شوێن و جێگه‌ گه‌شتیارى و هاوینه‌هه‌واره‌كانیان كردوه‌ و به‌شێكى زۆریان زیاتر له‌ شه‌وێك ماونه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ خۆى گرنگى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌ و ماناى خه‌رجكردنى بڕێكى زیاترى پاره‌یه‌ له‌لایه‌ن گه‌شتیارانه‌وه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ داتاكان مژده‌به‌خشن له‌م بارودۆخه‌دا ژماره‌ى گه‌شتیاران ڕوو له‌ زیاد بون بووه‌. 

ـ ئاسته‌نگه‌كانى گه‌شتوگوزار

به‌داخه‌وه‌ كه‌رتى گه‌شتوگوزاریى هه‌رێم چه‌ندین ئاسته‌نگ و به‌ربه‌رستى ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌وڵى ته‌واویان داوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردن و كه‌مكردنه‌وه‌ى كێشه‌ و گرفته‌كان، له‌ گرنگترین ئه‌و گرفتانه‌ نه‌بوونى بودجه‌یه‌كى تایبه‌ته‌ بۆ بووژانه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانى ئه‌م كه‌رته‌ گرنگ و ستراتیژه‌ و بێ بایه‌خ سه‌یركردنى له‌لایه‌ن زۆربه‌ى هاونیشتیمانیانه‌وه‌ و به‌ چاوێكى دوژمنكارانه‌ له‌ گه‌شتیارى بیانى و عه‌ره‌ب ده‌ڕوانن و وا هه‌ست ده‌كه‌ن داگیركه‌رن، پێویسته‌ خه‌ڵكى هه‌رێم به‌ رێزه‌وه‌ له‌ گه‌شتیار بڕوانن چونكه‌ هاتنى گه‌شتیار راسته‌وخۆ كاریگه‌ریى له‌سه‌ر داهات و بودجه‌ى تاك و خێزانه‌كان ده‌بێت. تێبینى ده‌كه‌ین پاره‌ و خه‌رجیى گه‌شتیار ده‌چێته‌ گیرفانى هاووڵاتیانه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ واز له‌و كه‌لتووره‌ بهێنین و رێزى تایبه‌ت دابنرێت بۆ گه‌شتیاران به‌ جیاوازیى ئایین و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و زمان و نه‌ته‌وه‌كانه‌وه‌.

به‌داخه‌وه‌ هۆشیارى گه‌شتیاریى نه‌بووه‌ته‌ كه‌لتوور و هێشتا ره‌نگینه‌داوه‌ته‌وه‌ له‌ ژیانى رۆژانه‌ماندا، له‌لایه‌ك خودى گه‌شتیاران به‌پێى پێویست رێنماییه‌كانى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار په‌یڕه‌و ناكه‌ن و ته‌نها ئامانجیان به‌سه‌ربردنى كاتێكى خۆشه‌ بۆ خودى كه‌سه‌كه‌ خۆى، پێویسته‌ وا له‌ گه‌شتیار تێبگه‌یه‌نین كه‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانى هه‌رێم سه‌روه‌تى نیشتیمانى گه‌لن و په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ كه‌س و لایه‌ن و ته‌نانه‌ت حكومه‌تیشه‌وه‌.

لاوازیى كه‌رتى تایبه‌ت له‌م بواره‌دا به‌داخه‌وه‌ كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كان له‌ هه‌رێمدا زیاتر هه‌وڵه‌كانیان بۆ بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى هاونیشتیمانیانه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ و به‌ده‌گمه‌ن ده‌بینین كۆمپانیایه‌ك هه‌ستێت به‌ هێنانى گه‌شتیارانى بیانى بۆ كوردستان. تێبینى ده‌كه‌ین كۆمپانیاكان و كه‌رتى تایبه‌ت له‌هه‌رێمدا خۆیان به‌ دوورده‌گرن له‌ وه‌به‌رهێنان له‌م كه‌رته‌ گرنگه‌دا و زیاتر كار و چالاكیه‌كانیان بۆ ئه‌و بوارانه‌یه‌ كه‌ داهاتى خێرا و مسۆگه‌رى تێدا به‌ده‌ستده‌هێنرێت، وه‌ك بازرگانى  به‌ هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌.

له‌پێناو راكێشانى گه‌شتیارانى بیانى، به‌ تایبه‌ت گه‌شتیارانى ئێرانى و توركی و وڵاتانى عه‌ره‌بى، پێویسته‌ حكومه‌تى هه‌رێم ئاسانكاریى زیاتر بكات بۆ گه‌شتیاران و ئه‌و رسوماته‌ى هه‌یه‌ كه‌مى بكاته‌وه‌ یا هه‌ر نه‌یهێڵێت، بۆ ئه‌وه‌ى هانى گه‌شتیارانى بیانى بدرێت روو بكه‌نه‌ هه‌رێم و پاره‌كانیان له‌ كوردستان خه‌رج بكه‌ن.

هیوادارین له‌ساڵانى ئاینده‌دا كه‌رتى گه‌شتوگوزار ببێته‌ سه‌رچاوه‌ى گرنگى داهات بۆ تاكه‌كان و خێزان. له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ ببێته‌ یارمه‌تیده‌ر بۆ بودجه‌ى گشتى هه‌رێم و چیتر ئابوریى هه‌رێم ته‌نها پشت به‌ داهاتى فرۆشى نه‌وت و به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌ نه‌به‌ستێت كه‌ هه‌میشه‌ له‌ مه‌ترسیدایه‌ و له‌ هه‌ر بارودۆخێكى نه‌خوازراوى سیاسى و ئابورى، هه‌رێم تووشى قه‌یران ده‌بێت، به‌و پێیه‌ى له‌ ساڵانى رابوردوودا هه‌رێم به‌ ده‌ست قه‌یرانى دارایى و ئابورییه‌وه‌ ناڵاندویه‌تى و ئومێده‌وارین ئه‌و بارودۆخه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.

* ئابوریناس



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure