کەشناسی هەرێم ئاگادارییه‌ك له‌باره‌ى پله‌كانى گه‌رما بڵاوده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 12/06/2019‌ :: 2103‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

به‌ڕێوەبه‌رایه‌تى گشتى كه‌شناسى و بومه‌له‌رزه‌زانى هه‌رێمى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌و شه‌پۆله‌ گه‌رمایه‌ى كه‌ له‌چه‌ند رۆژى رابوردوودا رووى له‌ هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌کە كردبوو له‌ ئێستادا كۆتایی پێهاتووه‌ و له‌ ئه‌مڕۆوه‌ پله‌كانى گه‌رما داده‌به‌زن.

بژار ئه‌كره‌م، لێپرسراوى به‌شى پێشبینییه‌كان له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كه‌شناسى و بومه‌له‌رزه‌زانى هه‌رێمى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌و شه‌پۆله‌ گه‌رمایه‌ى كه‌ له‌ رۆژانى رابوردوودا عێراق و ناوچه‌كه‌ى گرته‌وه‌و كاریگه‌رییه‌كى لاوازیشى له‌ هه‌رێمى كوردستان دروستكرد و پله‌كانى گه‌رماى به‌ چه‌ند پله‌یه‌ك به‌رزكرده‌وه‌، له‌ ئێستادا ئه‌و شه‌پۆله‌ كۆتایی هاتووه‌ و پله‌كانى گه‌رما روو له‌ دابه‌زین ده‌كەن".

روونیشیكرده‌وه‌: هه‌ر بەهۆی لاوازبوونەوەی ئەو تۆپەڵە هەوا گەرمەی چەند رۆژێك بوو بەشێکی هەرێمی گرته‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاتنی بارستە هەوایه‌كى فێنكى دەریای ناوه‌ڕاست پلەی گەرما دێتەخوارێ.

ئاشكراشیكرد: پێشبینی ده‌كرێت به‌رزترین ئاستى پله‌كانى گه‌رما له‌ هه‌ولێر بگاته‌ 41 پله‌ و سلێمانى و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ نێوان (39 بۆ 40) پله‌، به‌ڵام له‌ پارێزگارى كه‌ركوك به‌رزترین پله‌ى گه‌رما ده‌گاته‌ 43 پله‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: كه‌شوهه‌واى رۆژانى داهاتوو له‌گه‌ڵ پله‌كانى گه‌رما به‌جێگیریى ده‌مێننه‌وه‌و به‌ چه‌ند پله‌یه‌ك زیاد و كه‌م ده‌كات.

داڕشتنەوە: چ. ع

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure