ماوه‌ی ساڵێکە سامانه‌ سروشتییه‌کان هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌کی (پترۆدۆلار)ی نه‌خستووەتە سه‌ر حسابی چه‌مچه‌ماڵ

هەواڵ / ئابوری :: 12/06/2019‌ :: 207‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌ختیار شه‌ریف

لەماوەی رابوردوودا دانیشتوانی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ و دەوروبه‌ری خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا، دواتریش له‌داهاتی غازی سروشتی سنوره‌که‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ک وه‌کو پترۆدۆلار بۆ پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌کان دیاریکرا و یه‌که‌یه‌کی ژمێریاری له‌چه‌مچه‌ماڵ و (سندوق)ێکی له‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌سروشتییه‌کان بۆ کرایه‌وه‌، قایمقامیش ده‌ڵێت: "ماوه‌ی ساڵێکه‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ک نه‌خراوه‌ته‌ ئه‌و سندوقه‌وه‌".


ره‌مک ره‌مه‌زان، قایمقامی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌کاتی دامه‌زراندنیه‌وه‌ تائێستا 7 ملیۆن دۆلار خراوەتە سندوقی (پترۆدۆلار)ی چەمچەماڵەوە، به‌ڵام ساڵێكە له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌کانه‌وه‌ هیچ بڕە پارەیەك نەخراوەتە ئه‌و سندوقه‌ و یه‌که‌ ژمێریارییه‌که‌ی چەمچەماڵەوە، تا پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی پێ جێبەجێ بكرێت".

وتیشی: "پێشتر لەڕێگه‌ی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت، چەندینجار هەوڵی گواستنەوەی پارە بۆ ناو سندوقی (پترۆدۆلار)ی تایبەت بەچەمچەماڵ دراوە، بەڵام لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەنجامی نەبووە".

سه‌باره‌ت به‌ خه‌رجکردنی 7 ملیۆن دۆلاری پێشوو، قایمقامی چه‌مچه‌ماڵ روونیکرده‌وه‌: له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی پێشوو 3 ملیۆن دۆلار بۆ قیرتاوكردنی رێگه‌ی گوندەكانی بناری گل له‌ سنوری ناحیه‌ی قادرکه‌ره‌م خەرجكراوە كە كێڵگەی كۆرمۆری تێدایە، 2 ملیۆن دۆلاریش بۆ قیرتاوكردنی رێگه‌ی چەمچەماڵ - شوان، هەروەها 2 ملیۆن دۆلاری دیکه‌ش بۆ راكێشانی كارەبای 27 گوند لەسنووری ناحیەكانی قادر كەرەم، جەباری و سەنگاو خه‌رجکراوه‌، له‌گه‌ڵ بڕی 116 هەزار دۆلار بۆ یەكەی پاڵاوتنی ئاوی خواردنەوەی چه‌مچه‌ماڵ، لەگوندی كانی شەیتان و به‌ستنه‌وه‌ی به‌ هێڵی سه‌ره‌کی ئاوی سلێمانی-چه‌مچه‌ماڵ.

سه‌باره‌ت به‌داواکردنی پاره‌ بۆ پرۆژه‌کانی سنوره‌که‌ ده‌ڵێت: "له‌ئێستادا چەندین پڕۆژەمان پێشكەشكردوە و رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانیشی بۆ وەرگیراوە، وەك قیرتاوكردنی رێگه‌ی ئاغجەلەر - كانی شەیتان كە زیاتر لە 70 گوند و ناحیەیەك لێی سوودمەند دەبن، له‌گه‌ڵ قیرتاوكردنی رێگه‌ی ئاغجەلەر- تەكیە و تەواوكردنی قوتابخانەیەكی 18 پۆلی لە ناحیەی تەكیە و قیرتاوكردنی گەڕەكی مامۆستایان لە چەمچەماڵ كە پرۆژه‌ی هه‌نوکه‌یی و پێویستن، بەڵام تائێستا لەوەزارەتی دارایی پارەیان بۆ خەرج نەكراوە".

قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ له‌ڕووی سامانی سروشتییه‌وه‌ ناوچه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و له‌ ئێستادا دوو کێڵگه‌ی غازی سروشتی هه‌یه‌ به‌ناوه‌کانی (کۆرمۆر و توڕکه‌) له‌لایه‌ن کۆمپانیای (دانه‌غاز و هاوپشکه‌کانیان) وه‌به‌رهێنانی تێدا ده‌کرێت و له‌ کێلگه‌ی کۆرمۆره‌وه‌ و بە بۆری غازی سروشتی بۆ وێستگه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی کاره‌بای (کارۆغازی) دابین ده‌که‌ن و له‌گوندی توڕکه‌ی نزیک قه‌زاکه‌‌ش بیری نوێ لێدراوه‌.

داڕشتنەوە: چ. ع

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure