ئاگر له‌ خانه‌قین و كه‌لار باخ و به‌رهه‌مى جوتیاران ده‌سوتێنێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 363‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

له‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆوه‌ له‌ سنورى كه‌لار و خانه‌قین ئاگر له‌ باخ و به‌رهه‌مى جوتیاران له‌ ناو شار و چه‌ند گوندێك كه‌وتووه‌ته‌وه‌ و زیانى زۆرى هه‌بووه‌ و تائێستاش كۆنترۆڵ نه‌كراون. 


دیار شه‌كه‌وت، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى خانه‌قین (ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌ گه‌ڕه‌كى داره‌ كوناره‌ى خانه‌قین ئاگر له‌ چوار باخ و ره‌زى هاووڵاتیان كه‌وته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ به‌ سه‌دان دارى جۆراوجۆر له‌ نێو ئه‌و باخانه‌ سوتان و زیانى زۆرى هەبووە. 

وتیشى: "تیمه‌كانى ئاگركوژێنه‌وه‌ سه‌رقاڵى كوژاندنه‌وه‌ى ئه‌و ئاگرانه‌ن، به‌ڵام له‌به‌ر چڕى باخه‌كان و فراوانیان كۆنتڕۆڵكردنیان ئاسان نییه‌ و تائێستاش سه‌رچاوه‌ى ئاگره‌كان نادیارن". 

لاى خۆیه‌وه‌ نیعمه‌ت عه‌لى، وته‌بێژى به‌رگرى شارستانى گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆوه‌ له‌ سنورى گونده‌كانى شێره‌وه‌ن و پشت په‌نگ و ئاوایى گه‌وره‌ و چه‌ند گوندێكى دیكه‌ى سنورى نێوان كه‌لار - خانەقین ئاگر كه‌وتووه‌ته‌وه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ناوچه‌یه‌كى فراوان سوتاون. 

ئەوەشی خستەڕوو: ئاگره‌كه‌ زیانى له‌ به‌شێكى كه‌مى به‌رهه‌مى گه‌نمى جوتیاران داوه‌ و پوش و پاوانێكى زۆریشى سوتاندووه‌.

وتیشى: "گومان ده‌كه‌ین جوتیاران خۆیان ئه‌و ئاگرانه‌ بكه‌نه‌وه‌ ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌مساڵ گژوگیا و دڕكى زۆر به‌رزبوه‌ته‌وه‌ و ده‌یانه‌وێت به‌ سوتاندن زه‌وییه‌كانیان پاك بكه‌نه‌وه‌".

پ: ن. ر
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure