لێدوانى پێچه‌وانه‌ ده‌رباره‌ى رووداوه‌كه‌ى به‌رده‌م مه‌كۆى گۆران له‌ سلێمانى ده‌درێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 11/06/2019‌ :: 3762‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و شایه‌تحاڵان لێدوانى پێچه‌وانه‌ ده‌رباره‌ى رووداوه‌كه‌ى شه‌وى رابردووى سلێمانى له‌ نزیك مه‌كۆى سه‌ره‌كى گۆڕان ده‌ده‌ن، بریندارێكى رووداوه‌كه‌ ده‌ڵێت: هێزێكی چەكداری دەمامكدار هه‌ڵیانكوتایه‌سه‌رمان و پۆلیسیش به‌ رووداوێكى نێوان پاسه‌وانانى مه‌كۆكه‌ و كارمه‌ندى ئه‌منى نه‌خۆشخانه‌یه‌ك ناوى ده‌به‌ن و باوكى پاسه‌وانه‌ كوژراوه‌كه‌ش داواى هه‌قى كوڕه‌كه‌ى ده‌كات.

 
درەنگانی شەوی رابردوو 11/10ی حوزەیرانی 2019 بەهۆی دروستبوونی تەقە لەنزیك مەكۆی سەرەكی گۆڕان لەگەڕەكی ئاشتی لە سلێمانی، پاسەوانێكی مەكۆكه‌ بەناوی (رێبەند فەرهاد- تەمەن 28 ساڵ) كوژرا كە خێزاندارە و باوكی منداڵێكە، بەوتەی باوكی، كوڕەكەی زاوا و پاسەوانی (حەمەی مریەم بەگ) بووە و دەوامیشی لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان بووە.

یه‌كێك له‌ پاسه‌وانه‌كان وردەكاری باس دەكات
گەرمیان محەمەد، گەنجێكی دیكەیە كە شەوی رابردوو لەگەڵ رێبەند لەئەركدا بوون بۆ پاراستنی مەكۆی سەرەكی گۆڕان و لەو رووداوەشدا فیشەكێك بەر قاچی كەوتووە، بە دواڕۆژی وت: لە كاتژمێر 11.30 خولەك ئاگاداركراونەتەوە كە گوایە هێرش دەكرێتەسەر گردەكە، ئەوانیش كاتژمێر 12ی شەو وەكو هێزێكی ئەمنی گردەكە گەیشتونه‌ته‌ شوێنی خۆیان، تەشكیلیان كردوون كە بەرامبەر نەخۆشخانە ئەهلییەكەی ئەنوەر شێخە بۆ ئەركی خۆیان وەستاون.

ناوبراو وتیشی: "لەماوەی 20 خولەكدا هێزێكی چەكداری دەمامكدار كە نزیكەی 60 كەس دەبوون هەڵیانكوتایە سەرمان بەمەبەستی هێرشكردنەسەر گردەكە، بەڵام ئێمە هەوڵی خۆڕزگاركردنمان دەدا بۆ ئەوەی خوێنی كەس نەڕێژرێت، ئەوانیش پەلاماریانداین و دەستیان بە تەقەكردن كرد، لەوكاتەدا رێبەند هەوڵی خۆڕزگاركردنی لەدەست ئەو هێزە دەدا، لەدواوە دەستڕێژی گولـلەیان لێكرد و شەهیدیان كرد، بەڵام ئێمە لای هێزەكە بووین و پاشان ئازادیان كردین".

ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى ده‌وترێت هێزه‌كه‌ى گۆڕان ویستویانه‌ بچنه‌ ناو نه‌خۆشخانه‌كه‌وه‌ گەرمیان وتی: "ئەوە دوورە لە راستییەوە و ئیشمان بەموڵكی كەس نییە، ئێمە بۆ پارێزگاری لە گردەكە و بۆ ئەركی خۆمان چووینەتە ئەو شوێنە، نەچووینەتە نێو نەخۆشخانەكە".

باوكی كوژراوەكە داوای هەقی خۆیان دەكات
خانەوادەی كوژراوەكە داوا لە بزووتنەوەی گۆڕان و حكومەت دەكەن هەقیان بسەنن، فەرهاد ئیبراهیم، باوكی كوژراوەكە بە دواڕۆژی راگەیاند: "داوای هەقی خۆمان دەكەین، كوڕەكەمان لەكاتی دەوامی خۆیدا لەوێ بووە، ئایا گۆڕان هەقمان بۆ دەكات؟ یان نایكات؟".

سەبارەت بەوەی ئایا دەزانن بكوژی كوڕەكەیان كێیە؟، ناوبراو وتی: "ئێمە نازانین بە دیاریكراوی بكوژەكەی كێیە، چاوەڕێی دادگا دەكەین".

پێچه‌وانه‌ى ئه‌و لێدوانانه‌ پۆلیسى سلێمانى رووداوه‌كه‌ به‌ رووداوێكى ئاسایى و ناسیاسى ناوده‌بات و ده‌ڵێت: كێشەكە لەنێوان چەكدارەكانى گۆڕان و سكیورتی نەخۆشخانەكەدا بووە.

پۆلیس: تەقە لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان نەكراوە
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەی بۆ دواڕۆژ نێردراوە رایگەیاندووە: كاتژمێر (1:30)ی خولەكی شەوی رابردوو گرژی و ئاڵۆزی دەكەوێتە نێوان كۆمەڵێك چەكدار و پاسەوان (سكیورتی) نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە كە چەكدارەكان ویستویانە بەزۆر بچنە ناو نەخۆشخانەكەوە و چەكدارەكان هێرشیان كردۆتەسەر سكیورتیەكان و تەقە دروستبووە لە بەردەم نەخۆشخانەكە و دور لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان، بەهۆیەوە هاوڵاتی (ڕ، ف) برینداربووە و دەستبەجێ‌ هێزەكانی پۆلیس گەیشتونەتە شوێنی روداوەكە و بریندارەكەیان بۆ نەخۆشخانە گواستۆتەوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لە دەستداوە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە: "بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی پۆلیس دەركەوتووە كە بەهیچ جۆرێك تەقە لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان نەكراوە و تەنها كێشەكە لەنێوان چەكدارەكان و سكیورتی نەخۆشخانەكەدا بووە، لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن".

گۆڕان: ‎ئەم جۆرە رەفتارانە ئاسایشی ناوچەكە و سلێمانی تێكدەدات
بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێكدا پێچەوانەی راگەیەندراوەكەی پۆلیس رایگەیاندووە: "‎لە ئەنجامی هەڕەشەی بەر‌پرسێكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە هەڵسوڕاوان و مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لەسلێمانی، ھێزێكی زۆر لە ھەڵسوڕاوانی خۆبەخش كۆبونەوە. دوای ئەوە‌ بەھۆی دروستبوونی ئاڵۆزی لەگەڵ گروپێكی چەكداری بەناو سكیوریتی، كاكە (رێبەند فەرهاد) شەهید دەبێت و چەند كەسێك دەستگیردەكرێن و پاش ماوەیەك ئازاد دەكرێن".

گۆڕان ئاماژەی بەوەشكردووە: "‎ئەم جۆرە رەفتارە نابەرپرسیارانە ئاسایشی ناوچەكە و شاری سلێمانی تێكدەدات. بزوتنەوەی گۆڕان بە توندی ئیدانەی دەكات و ئۆباڵی هەر روداوێكی نەخوازراو دەخاتە ئەستۆی ئەوانەی كە رێز بۆ ئارامی و ئاسایش و ژیان و كەرامەتی هاوڵاتیانی كوردستان دانانێن".

‎بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوەكەدا داوای لێكۆڵینەوە لە كۆی هەڕەشە و روداوەكە دەكات.

لاهور شێخ جەنگی چی دەڵێت؟
بەڵام لاهور شێخ جەنگی، سەركردەی دیاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری- زانیاری، دوای بەشداری لە پرسەی رێبەند فەرهاد، سەبارەت بەوەی هەستدەكەن ئەو رووداوە پەیوەندی بەململانێی سیاسی یەكێتی و گۆڕانەوە هه‌یە بە دواڕۆژی راگەیاند: "نەخێر باوەڕناكەم ئەوە رووداوێكە و روویداوە و دەبێت لەگەڵ پۆلیس قسە بكەن".

پارێزگاری سلێمانی: دۆخەكە ئارامە
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی دوای بەشداری لەپرسەی رێبەند تەنها ئەوەندەی بە دواڕۆژی وت: لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە و دۆخی ئەمنی سلێمانیش ئارامە.

پەرلەمان بەدواداچوون دەكات
ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ لەپەرلەمانی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: چالاكی حیزبی و كاری سیاسی لەكوردستان بەیاسا رێكخراوە، ئەو رووداوە پێشهاتێكی مەترسیدارە كە لەدەرەوەی یاسا هێزێكی چەكدار هەڵبكوتێتە سەر بارەگای حیزبێكی سیاسی.

وتیشى: "لە رۆژانی داهاتوودا بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوە دەكەن".

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure