نرخى هێلكه‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 574‌ جار بینراوە
خواستى هاووڵاتیانى هه‌رێم له‌سه‌ر هێلكه‌ى سپییه‌

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

پاش بڕیارێكى حكومه‌تى ناوه‌ند نرخى هێلكه‌ به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو به‌رزده‌بێته‌وه‌ و به‌رپرسێكى كشتوكاڵى هه‌ولێریش ده‌ڵێت: "ناتوانرێت بڕیاره‌كه‌ى به‌غدا جێبه‌جێنه‌كرێت".


"به‌هۆى ئه‌وه‌ى رێگه‌نادرێت هێلكه‌ى توركى و وڵاتانى دیكه‌ هاورده‌ى هه‌رێمى كوردستان بكرێت، نرخى یه‌ك كارتۆن هێلكه‌ نزیكه‌ى پێنج هه‌زار دینارى چۆته‌سه‌ر و گرانبووه‌، ناچار ئێمه‌ش به‌ گران ده‌یفرۆشینه‌وه‌"، وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌حمه‌د مسته‌فا، بازرگانى هێلكه‌ به‌ دواڕۆژى وت.

پێشتر بازرگانانى هه‌رێم و توركیا رێككه‌وتبوون كه‌ بۆ ئه‌وه‌ى نرخى هێلكه‌ به‌رزنه‌بێته‌وه‌ قازانجى ته‌نیا 1% بێت، به‌ڵام رێگرى له‌ هاورده‌كردنى هێلكه‌ ئه‌و رێككه‌وتنەى تێكداوه‌.

ئه‌مین ره‌ئوف، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كشتوكاڵى هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌مینداریه‌تى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق رێگه‌نادات به‌رهه‌مى هێلكه‌ له‌ وڵاتانى دیكه‌وه‌ هاورده‌ى عێراق بكرێت، نرخى هێلكه‌ به‌رزبۆته‌وه‌.

وتیشى: "ئێمه‌ ناچارین بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێ بكه‌ین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆى بڕیاره‌كه‌وە نرخى هێلكه‌ له‌ هه‌ولێر و هه‌ندێك شوێنى دیكه‌ش گرانبووه‌".

به‌پێى ئامارێكى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاوى هه‌رێم، قەبارەی بەرهەمی ناوخۆیی هێلکە ساڵانه‌ نزیکەی ملیارێك و 200  ملیۆنە، به‌ڵام له‌و رێژه‌یه‌ ته‌نیا 850 ملیۆن هێلكه‌ له‌ ناوخۆى هه‌رێم ده‌خورێت و به‌شه‌كه‌ى دیكه‌ى بۆ پارێزگاكانى دیكه‌ى عێراق ده‌نێردرێت.

به‌پێى ئاماره‌كه‌، له‌ هه‌رێم هه‌ردوو جۆرى هێلكه‌ى سپى و قاوه‌یى له‌ 9 پڕۆژه‌ى به‌رهه‌مهێنانى هه‌ولێر و پڕۆژه‌یه‌كى دهۆك به‌رهه‌مدێت، به‌ڵام خواستى هاووڵاتیانى هه‌رێم له‌سه‌ر هێلكه‌ى سپییه‌.

به‌پێى مه‌رجه‌كانى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ، هه‌ر هێلکەیەک ده‌بێت قه‌باره‌ى له‌نێوان ٥٥ تا ٦٠ گرام بێت و کارتۆنی لە سەرو 22 کیلۆ بێت و مێژووى به‌سه‌رچوونى هێلكه‌كان له‌ یه‌ك مانگ زیاتر نه‌بێت.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure