بڕی تێچووی حەج دیاریکرا

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 1886‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار 


به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێم راده‌گه‌یه‌نێت: پاره‌ی تێچووی سه‌فه‌ری حه‌ج بڕه‌كه‌ی چوار هه‌زار و 200 سه‌د دۆلاره‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی بۆ جاری دووه‌م یان زیاتر حه‌ج ده‌كه‌ن، بڕی 2100 ریاڵی لێوه‌رده‌گیرێت، هه‌ر هاوڵاتییه‌كش تاوه‌كو 16ی حوزه‌یران پاسپۆرته‌كه‌ی راده‌ستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حه‌جی پارێزگاكان نه‌كات، مافی حه‌جكردنی نابێت.

 قاسم ره‌سول به‌رزنجی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: پێویسته‌ هه‌ر كه‌سێك كه‌ ناوی ده‌رچووبێت بۆ حه‌ج سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حه‌جی پارێزگاكانی خۆیان بكه‌ن، بۆ راده‌ستكردنی بڕه‌ پاره‌ی تێچووی سه‌فه‌ری حه‌ج كه‌ بۆ ئه‌مساڵ به‌ چوار هه‌زار و 200 دۆلار دیاریكراوه‌.

وتیشی: "ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی هه‌رێم پاسه‌پۆرتەکانیان واده‌ی به‌سه‌رچوونیان تا 31ی كانوونی دووه‌می 2020_ه‌، پێویسته‌ تازه‌ بكرێنه‌وه‌و هه‌ر پاسپۆرتێك له‌ پێش ئه‌و واده‌یه‌ به‌سه‌ربچێت ئه‌وا وه‌رناگیرێت".

 

به‌پێی رێنماییه‌كانی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێم، هه‌ر ئافره‌تێك كه‌ ته‌مه‌نی بچوكتر بێت له‌ 30ی نیسانی 1974، ئه‌وا ناتوانێت به‌بێ كه‌سێكی نزیكی خۆی سه‌فه‌ری حه‌ج بكات، ده‌شڵێت: "هه‌ر هاووڵاتییه‌كیش ئه‌گه‌ر بۆ جاری دووه‌م یان زیاتر سه‌فه‌ری حه‌ج بكات، ئه‌وا له‌لایه‌ن حكومه‌تی سعودیه‌وه‌ بڕی دوو هه‌زار و 100 ریالیان لێ وه‌رده‌گیرێت و ده‌بێت له‌گه‌ڵ راده‌ستكردنی تێچووی حه‌ج ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش راده‌ستبكات".

هاوكات له‌ راگه‌یاندراوێكدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 11ی حوزه‌یرانی 2019) ئاگاداری سه‌رجه‌م ئەو هاووڵاتیانە دەکاتەوە کە ناویان بۆ سەفەری حەجی ئەمساڵ 2019 دەرچووە، لەبەر هەر هۆکارێک پاسپۆرتەکانیان رادەستی بەڕێوەبەرایەتی حەجی پارێزگاکانیان نەکردووە، ئه‌وا بە زووترین کات سەردانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیانە بکەن و دواین وادە بۆ رادەستکردنی پاسەپۆرتەکانیان رۆژی 16ی حوزه‌یرانی 2019یەو، هەر کەسێک لەو وادەیە دوابکەوێت مافی سەفەرکردن لەدەست دەدات.

هاوكات نه‌به‌ز ئیسماعیل، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی هه‌رێم بۆ دواڕۆژ، ره‌تیكرده‌وه‌ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی ناویان بۆ حه‌ج ده‌رچووه‌، بتوانن گه‌شته‌كه‌یان بۆ ساڵی داهاتوو دوابخه‌ن.

به‌وته‌ی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف، چوار هه‌زار و 880 كه‌س له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم فه‌یزه‌ی حه‌ج ئه‌نجامده‌ده‌ن، كه‌ بڕیاره‌ له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی داهاتوو گه‌شتی حاجیان بۆ سعودیه‌ ده‌ستپێبكات.

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure