160 كه‌یسی گه‌نده‌ڵی دراوه‌ته‌ دادگاكان و كار له‌سه‌ر زۆربه‌یان نه‌كراوه‌

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 396‌ جار بینراوە

تاگ :: داد

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

سه‌رۆكى رێكخراوێكى دژه‌ گه‌نده‌ڵى رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌كۆى 160 كه‌یسى گه‌نده‌ڵى ته‌نیا كار له‌سه‌ر 35 كه‌یس كراوه‌و دادگاكان وه‌ك پێویست كار له‌سه‌ر دۆسیه‌كانى گه‌نده‌ڵى ناكه‌ن، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمیش داواده‌كات دادگایه‌كى تایبه‌ت به‌ كه‌یسه‌كانى گه‌نده‌ڵى له‌ هه‌رێم دابمه‌زرێندرێت.


فه‌رمان ره‌شاد، سه‌رۆكى رێكخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ماوه‌ى زیاتر له‌ سێ ساڵه‌ زیاتر له‌ 160 كه‌یسى گه‌نده‌ڵیان داوه‌ته‌ ده‌سته‌ى ده‌سپاكى و دیوانى چاودێرى دارایى و داواكارى گشتى، به‌ڵام ته‌نیا 35 كه‌یسیان كارى له‌سه‌ر كراوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى بڕیارى كۆتاییان له‌باره‌وه‌ بدرێت.

وتیشى: "ئه‌و كه‌یسانه‌ى دراونه‌ته‌ دادگاكان، كه‌یسى دزینى نه‌وت و زێده‌ڕۆیى كردنه‌سه‌ر زه‌وى و زارو موڵكى گشتییه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچ به‌رپرسێك له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسانه‌ نه‌دراونه‌ته‌ دادگا، ته‌نانه‌ت له‌ دادگاكان بڕیارى كۆتاییان له‌باره‌وه‌ نه‌دراوه‌".

له‌باره‌ى هۆكارى یه‌كلایینه‌كردنه‌وه‌ى كه‌یسه‌كان، فه‌رمان ره‌شاد وتى: "دادگاكانى هه‌رێم وه‌ك پێویست كار له‌سه‌ر دۆسیه‌كانى گه‌نده‌ڵى ناكه‌ن، به‌شێكیش له‌وانه‌ى تۆمه‌تبارن به‌ زێده‌ڕۆیى كردنه‌سه‌ر موڵكى گشتى، به‌ر لێبوردنى گشتى كه‌وتوون".

له‌ 2018دا، به‌ به‌هاى نزیكه‌ى 280 ملیار دینار گه‌نده‌ڵى كراوه‌ كه‌ نزیكه‌ى 180 كه‌یسى گه‌نده‌ڵى تۆماركراون، له‌نێویاندا چه‌ند به‌رپرسێكى باڵا و دوو وه‌زیرى پێشووى حكومه‌تى هه‌رێمن، به‌ڵام كه‌یسه‌كانیان له‌ دادگاكان نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌نجام.

له‌به‌رامبه‌ردا حاكم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌هۆى كه‌مى دادوه‌ر و نه‌بوونى دادگایه‌كى تایبه‌ت به‌ كه‌یسه‌كانى گه‌نده‌ڵى، دۆسیه‌كانى گه‌نده‌ڵى له‌ دادگاكانى هه‌رێم دوادكه‌ون.

وتیشى: "داوامان كردووه‌ هاوشێوه‌ى عێراق له‌ كوردستانیش داداگایه‌كى تایبه‌ت به‌ كه‌یسه‌كانى گه‌نده‌ڵى دابمه‌زرێندرێت، به‌ڵام گوێ به‌ داواكارییه‌كانمان نه‌دراوه‌".

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure