خاڵە لاوازەکانی ئەم کابینەیە!

هەواڵ / چاوی تۆ :: 11/06/2019‌ :: 261‌ جار بینراوە

تاگ :: چاوى تۆ

جوانڕۆ مستەفا

دوای ململانێیەکی زۆری لایەنەکان، دواجار کابینەی نۆیەم بەرەو  لەدایکبوون دەچێت. ئەو کابینەیەی هەر لەسەرەتاوە بە کێشەوە سەریهەڵدا، هەر لە دەنگدانەوە تا جیاکردنەوەی دەگ و دواتر پێکهێنانی، وەک هەموو کابینەکانی تر ئەم کابینەیەش خاڵی لاوازی هەیە و دەتوانم  لەم چەند خاڵانەی خوارەوە کورتی بکەمەوە:


1ـ هەندێ لایەن پشکی زیاد لە خۆیان پێدراوە و دەسەڵاتەکان یەکسان دابەشنەکراون، هەروەها هەندێک لایەنی تری تێدا  پشتگوێخراوە. دەکرا هەموو لایەنەکان لەسەر یەک مێز دابنیشن و هەرلایەنە و بەپێی سەنگ و قورسایی خۆی پشکی پێبدرایە.
2- هەندێک لایەن لەبەر یاسایەک گرژیی خستووەتە ناو لایەنەکان و تەنانەت دەنگدەرەکانی خۆیشیان و بووەتە هۆی پشێوینانەوە لە ناو حکومەت و لاوازکردنی ئەم کابینە، کەچی یاساکەش هەمان یاسای پێشووە و بەهەمان  دەسەڵات دەتوانێ تەعامول بکات.
3- نەبوونی شەفافیەت لە سێکتەرەکانی داهاتی نەوت و ناوخۆ سەرەڕای هێنانی کۆمپانیای DNO  بەڵام ناڕوونی هەیە لە داهاتەکەیدا هەتا داهاتەکان شەفاف نەکرێن ئەگەر ئەو بودجەیەی لەبەردەستدایە دوو ئەوەندەش بکرێ ئەوا کێشەکان  چارەسەر ناکات.
4- قەرزە کەڵەکەبووەکانی ناوخۆ و دەرەوە، کە حکومەت قەرزێکی زۆری لە دەرەوە وەرگرتووە و هەروەها قەرزداری بەڵێندەران و مووچەخۆرانیشە، ئەمەش بە 4 ساڵ چارەسەر ناکرێ ئەگەر پلانێکی تۆکمەی بۆ دانەنرێت.
5- یەکنەگرتنی لایەنەکان لە ناوخۆ و بەغدا کە وایکردووە لە بەغدا لاواز دەربکەوین و هەر لایەنە و بەجیا وەفد بنێرن، ئەمەش خاڵی لاوازە بۆ کورد و مەترسییە بۆ سەر بودجەمان کە هەركات بێت بیبڕن.
6- نەبوونی هەلی کار کە وایکردووە ئەو هەموو خوێندکارانە ساڵانە خوێندن تەواو دەکەن و کاریان دەستناکەوێت، ئەمەش پێویستی بەوەیە کۆمپانیا بیانیەکان جارێکی تر بانگێشت بکەنەوە و پەرە بە کەرتی تایبەت بدرێت  بۆ ئەوەی رێگەنەدرێ گەنجەکانمان رووبکەنە دەرەوەی وڵات.
ئەمانە و چەندین خاڵی تر کە ئەگەر چارەسەر نەکرێن بەدەردی کابینەکانی تر دەچێت. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure