دواكه‌وتنى مووچه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌پۆلیسی رۆژهه‌ڵاتى كوردستان ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 12/06/2019‌ :: 1396‌ جار بینراوە

تاگ :: ئێران

دواڕۆژ: سه‌نگین خۆشناو


دوای زیادبوونی سزا ئابوورییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران، تا دێت بارودۆخی دارایی ئه‌و وڵاته‌ خراپتر ده‌بێت، به‌جۆرێك وه‌ك كارمه‌ندانى پۆلیسی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ڵێن "سێ مانگه‌ مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌".

 
حه‌مید مورادی كه‌ زیاتر له‌ 12 ساڵه‌ كارمه‌ندى پۆلیسه‌ له‌سه‌ر یه‌كێك له‌ شه‌قامه‌كانى شاری شنۆى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان و له‌گه‌ڵ هاوپیشه‌كانى ئه‌ركه‌ فه‌رمییه‌كه‌ى به‌جێده‌هێنا، ئه‌گه‌رچى وه‌ک خۆی وتى "ماوه‌ى سێ مانگه‌ مووچه‌كه‌ى وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵام ناشتوانێت ره‌خنه‌ له‌و ره‌وشه‌ بگرێت له‌ترسی سزادانی".

حه‌مید مورادی بۆ دواڕۆژ وتى: "جاران مووچه‌كه‌مان مانگانه‌ ملیۆنێك و 500 هه‌زار تمه‌ن بوو، به‌ڵام ئێستا سه‌رباری زیادبوونی مووچه‌كه‌مان كه‌ بووه‌ته‌ چوار ملیۆن تمه‌ن، به‌ڵام بێ سوده‌، چونكه‌ مووچه‌كه‌ وه‌رناگرین و پاره‌ش قیمه‌تی نه‌ماوه‌ و پێداویستییه‌كان زۆر گرانبوون".

ئه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ى له‌سه‌ر مورادى و پۆلیسه‌كانى ترى ئێران قورستر كردووه‌، ئەوەیە سه‌ره‌ڕاى دواكه‌وتنى مووچه‌كانیان رێشیان پێنادرێت كارێكى تر بكه‌ن بۆ دابینكردنى بژێوى ژیانیان.

مورادى ده‌ڵێت: "زۆر هاوڕێمان هه‌یه‌ ژیانی خێزانیان تێكچووه‌ له‌به‌ر بێكاری و بێ پاره‌یی".

سزا ئابورییه‌كانى سه‌ر ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ له‌ ساڵى رابوردووه‌وه‌ كارێكى وایكردووه‌ كه‌ هه‌ر ماوه‌یه‌ و قه‌یرانێك به‌رۆكى هاووڵاتیانى ئه‌و وڵاته‌ و رۆژهه‌ڵاتى كوردستان ده‌گرێت.

مه‌لیحه‌ مه‌ولودی، كوردێكى خه‌ڵكى شارى پیرانشاره‌ و ماوه‌ی شه‌ش مانگه‌ له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی جیابووه‌ته‌وه‌ كه‌ پۆلیس بووه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆى قورسایی بژێوى و دواكه‌وتنى مووچه‌ كه‌ ئه‌و به‌شه‌ى كوردستانى گرتووه‌ته‌وه‌.

مه‌لیحه‌ مه‌ولودی بۆ دواڕۆژ وتى: "ماوه‌ی 12 ساڵه‌ هاوسه‌رگیریم كردووه‌ خاوه‌نی دوو منداڵم له‌سه‌ره‌تای ژیانم تا دوو ساڵ پێش ئێستا هیچ كێشه‌یه‌كمان نه‌بوو، ژیانمان خۆش بوو، به‌ڵام به‌هۆی خراپیی باری دارایی هاوسه‌ره‌كه‌م كه‌ له‌م دوو ساڵه‌ی دوایی حكومه‌ت مووچه‌كه‌ی به‌ ئه‌سته‌م پێده‌داین ناكۆكی له‌نێوانمان دروست بوو به‌رده‌وام توڕه‌ و بێتاقه‌ت بوو، بۆیه‌ وای لێهات له‌یه‌كتری جیابووینه‌وه‌."

به‌پێی ناوه‌ندی ئاماری ئێران، رێژه‌ی بێكاری له‌ ئێران 12٪ یه‌ و رێژه‌ی بێكاری له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش 14٪ یه‌.

هه‌ندێك له‌ كارمه‌ندانى پۆلیس له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان ناچار بوون ده‌ست له‌ كاره‌كه‌یان هه‌ڵبگرن و روو له‌ كارێكى تر بكه‌ن كه‌ پاره‌یان تیایدا ده‌ست بكه‌وێت نه‌ك چاوه‌ڕوانى ده‌ستى حكومه‌ت بن كه‌ چه‌ند مانگێك جارێك مووچه‌یان پێبدات.

سه‌لام باپیریی ناوى خوازراوى ئه‌و پۆلیسه‌ى شارى پیرانشاره‌ كه‌ ده‌ستبه‌ردارى 16 ساڵى خزمه‌ت بووه‌ و ئێستا كارێكى تر ده‌كات، ئه‌و بۆ دواڕۆژ وتى: "بارودۆخی دارایی حكومه‌ت زۆر خراپ بووه‌ ئه‌وه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئێمه‌ هەیه‌ كه‌ زۆربه‌مان باری داراییمان به‌جۆرێك خراپه‌، توانای كڕینی كه‌لوپه‌لی ڕۆژانه‌شمان نییه‌".

باپیریى ده‌ڵێت: "سێ مانگ بێ مووچه‌ بووم له‌و ماوه‌یه‌ زیاتر له‌ 10 ملیۆن تمه‌نم قه‌رز كردووه‌، بۆیه‌ توانام نه‌ما به‌خۆڕایی كار بۆ حكومه‌ت بكه‌م و وازم له‌ كاره‌كه‌م هێنا، ئێستا سه‌رقاڵی كاری باخداریم به‌ڕۆژانه‌یه‌كی كه‌م كه‌ ته‌نیا به‌شی خواردنی ڕۆژانه‌ ده‌كات".

 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure