سه‌رۆكی هه‌رێم مه‌سرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت راده‌سپێرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 4005‌ جار بینراوە

تاگ :: حکومەت

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

بڕیاره‌ سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ 12ی حوزه‌یران، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌رسومی هه‌رێميی بۆ مه‌سرور بارزانی كاندیدی ناوزه‌ندكراو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربكات و هه‌فته‌ی داهاتووش كاندیدی ڕاسپێردراو داوای ناوی كاندیدی وەزارەتەکان ده‌كات بۆ كابینه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى.


پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، 11ی حوزه‌یران به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌رله‌مان مه‌سرور بارزانی ده‌ستنیشانكرا وه‌ك كاندیدی ناوزه‌ندكراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت.

دوای پڕۆسه‌ی ده‌نگدانه‌كه‌ش ڤالا فه‌رید سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: هه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌و بڕیاره‌ ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی كاندیدی ناوزه‌ندكراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم راسپێردرێت".

ئومێد خۆشناو، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی ڕایگه‌یاند :" دوای ئه‌وه‌ی له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستان كاندیدی پارتی و لایه‌نه‌كان ناوزه‌ندكرا بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، له‌ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێری داهاتوو نێچیرڤان بارزانی مه‌رسومی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌ مه‌به‌ستی ڕاسپاردنی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ ده‌رده‌كات."

 وتیشى :"به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، دوای راسپاردنی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌، پێویسته‌ كاندیدی راسپێردراو، له‌ماوه‌ی (30) رۆژدا كابینه‌كه‌ی پێشكه‌شی په‌رله‌مان بكات بۆ په‌سه‌ندكردنی."

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ هه‌فته‌ی داهاتوو مه‌سرور بارزانی، كاندیدی ڕاسپێدراو بۆ سەرۆکی حکومەت، سه‌ردانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی به‌شدار له‌ حكومه‌ت ده‌كات و تیایدا داوا له‌و لایه‌نانه‌ ده‌كات لیستی ناوی كاندیده‌كانیان بۆ پۆسته‌كانی كابینه‌ی داهاتووى حكومه‌ته‌كه‌ى پێشكه‌شبكه‌ن.

 هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان پلانی پارتی ئه‌وه‌یه‌ له‌ماوه‌ی 20 ڕۆژدا، لیستی ناوی وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی نوێ  پێشكه‌ش به‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بكات.

پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق
دارشتنه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure