لەهەرێم چارەسەری فەوتانی (تۆو)ی پیاوان دەکرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 7084‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

ماوەی چەند ساڵێكە بانكی تۆو لەشارەكانی هەولێر و سلێمانی كراونەتەوە، وەكو فریادڕەسێك بۆ ئەو نەخۆشانەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن تا بتوانن لەحاڵەتی چاكبوونەوەیان و پڕۆسەی پێكهێنانی خێزاندا، توانای دروستكردنی منداڵیان هەبێت.


لەكوردستان وا باوە كە دەوترێت مرۆڤێك تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە، ئیدی هیچ هیوایەك بۆ ژیانی ئەو كەسە نامێنێت، بەڵام چەند ساڵێكە بانكی تۆو كراوەتەوە بۆ تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە لەڕەگەزی نێر تا بتوانن پێش وەرگرتنی چارەسەری شێرپەنجە، بەشێك لەتۆوەكەیان هەڵبگرن بۆ ئەوەی لەحاڵەتی چاكبوونەوەیان بۆ دروستكردنی منداڵ سوودی لێوەربگرن.

د.شیاو مەحمود، پسپۆڕی نەزۆكی پیاوان بەدواڕۆژی راگەیاند: لەسەر ئاستی جیهان بانكی تۆو ساڵانێكی زۆرە هەیە، چونكە تۆوی پیاو ئەگەر تاقیگەی باش هەبێت دەتوانرێت تا نزیكەی 10 ساڵ هەڵبگیرێت و بهێڵدرێتەوە، بۆ نموونە كەسێك دەیەوێت تا 10 ساڵی دیكە منداڵیان نەبێت مەنع دەكات و ئەو تۆوەی لەنێو نایترۆجینی شل هەڵدەگیرێت و پاشان بەكاردەهێنرێتەوە، بەڵام لەكاتی دەرهێنانەوەی لەتاقیگە و توانەوەی، كوالێتی پێشتری نامێنێت و تەنیا منداڵی بلوریشی پێ دروست دەكرێت.

لەهەرێمی كوردستان نزیكەی 14 ساڵە بانكی تۆو لەچەند سەنتەرێكی منداڵی بلوری لەشارەكانی هەولێر و سلێمانی كراونەتەوە و وەكو د.شیاو روونیكردەوە: تائێستا تۆو هەڵگرتن تەنیا وەكو حاڵەتە و نەبوەتە دیاردە.

بەوتەی د.شیاو: چەند كەسێك دەتوانن ئەو تۆوەیان لەتاقیگەدا هەڵبگرن، كەسێك تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووبێت، یان كەسێك چارەسەری نەخۆشی بەتیشك بكات و وتی: "ئەو كەسانەی نەزۆكن كاتێك پشكنینی تۆویان بۆ دەكرێت، لەنێو ئاوەكەیاندا تۆوی تێدا نییە، بەڵام لەگونەكانیان تۆو هەیە ئەوەش چارەسەریان هەر منداڵی بلورییە".

هەروەها دەڵێت: "حاڵەتێكی دیكەش ئەو كەسانەی كە منداڵی بلوری دەكەن لەڕۆژی پڕۆسەی منداڵی بلورییەكەدا دەتوانن لەڕێگەی (ئاوهاتنەوە بەدەست) تۆو بدەن، بەڵام رەنگە لەو كاتەدا حاڵەتی دەروونی ئەو كەسە باش نەبێت و بۆی نەكرێت، بۆیە دەتوانێت هەفتەیەك پێشتر تۆوەكەمان پێبدات بۆی هەڵدەگرین و هەڵبگیرێت بۆ كاتی پڕۆسەكە".

وەكو ناوبراو باسیكرد: ئەو نەخۆشانەی زەرعی گورچیلەیان بۆ دەكەن لەبەرئەوەی دەرمانەكان زۆر بەهێزن و مەناعەیان دادەبەزێنێت، ئەو دەرمانەش كاریگەری بۆ نەهێشتنی تۆوەكەیان هەیە، بۆ نموونە زۆربەی ئەو پزیشكانەش كە زەرعی گورچیلە دەكەن خەیاڵی ئەو مەسەلەیەیان نییە.

بەوتەی پزیشكانی بواری شێرپەنجە ساڵانە ژمارەی نەخۆشانی شێرپەنجە روو لەزیادبوون دەكەن، بۆیە ئەو پسپۆرەی نەزۆكی جەخت دەكاتەوە كە بانكی تۆو بەپلەی یەكەم بۆ ئەو نەخۆشانە گونجاوە و بۆ ئەو مەبەستەش ئەوان (واتە لەو نەخۆشخانە ئەهلییەی كاردەكات) هەماهەنگییان بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ نەخۆشخانەی هیوا هەیە.

د.شیاو روونیكردەوە: ئەو نەخۆشانەی كە گەنجن و سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەكەن هەماهەنگییان لەگەڵدا كردوون كە پێش ئەوەی چارەسەری كیمیایی وەربگرن، سەردانیان دەكەن و دوو تا سێ سامپڵ لەتۆوەكەیان وەردەگرن.

وتیشی: "كاتێك كەسێك تووشی شێرپەنجە دەبێت خانەكانی تۆو وەكو هەموو خانەكانی لەش نامێنن، دوای ئەوەی چارەسەری كیمیایی تەواو دەكات و كە پشكنینی تۆوی بۆ دەكرێت دەردەكەوێت تۆوەكەی سفرە".

ئەوەشی وت: "ئێستا لەهەندێك لەو گەنجانە پێش وەرگرتنی چارەسەری كیمیایی، یەك تا دوو سامپڵ لەتۆوەكەیان وەردەگیرێت و پاش تەواوبوونی چارەسەری كیمیایی، پشكنینی بۆ دەكرێتەوە ئەگەر تۆوی مابوو ئەوا كێشەی نابێت، بەڵام ئەگەر تۆوی نەمابوو ئەو كاتە سوود لەو تۆوەی وەردەگرێتەوە بۆ كاتی ژنهێنانی، نموونەی لەو شێوەیە هەیە كە تۆویان هەڵگرتووە، بەڵام هێشتا ژنیان نەهێناوە، پیاویش هەیە منداڵێكیان هەیە و تووشی شێرپەنجە بووە، بەڵام تۆوەكەی هەڵگرتووە، دەتوانێت بۆ منداڵی دواتر بەكاری بێنێتەوە".

ناوبراو باسی لایەنی دارایی ئەو پڕۆسەیەی كرد كە هەڵگرتنی ئەو تۆوە بۆ هەر ساڵێك نزیكەی 200 دۆلارە، لەگەڵ هەندێك خەرجی دیكەی رۆتینات كە ئەوانە زۆر نین.

سەبارەت بەوەی لەكاتی وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشی شێرپەنجە، ئەو كەسە دەستبەجێ تۆوی نامێنێت، د.شیاو دەڵێت: "مەرج نییە، نەخۆش لە سێ مانگی یەكەمی نەخۆشییەكەیدا رۆژ بەڕۆژ تۆوەكەی دێتە خوارەوە، واتە ئەگەر لە سێ مانگی یەكەمدا پشكنینی بۆ بكرێت رەنگە تۆوەكەی زۆر دابەزیبێت، بەڵام هێشتا نەگەیشتبێتە سفر".

د.شیاو زیاتر روونیكردەوە: "بۆیە لێرەدا ئەو خاڵە زۆر گرنگە، كاتێك نەخۆشی شێرپەنجە لەسەرەتای وەرگرتنی چارەسەردا گرنگە سەردان بۆ پشكنینی تۆوەكەی بكات، چونكە رەنگە لەكۆرسی یەكەمی چارەسەردا زۆر كاریگەری بۆ تۆوەكەی نەبووبێت، بەڵام تا پێش چارەسەری كیمیاییەكە بكرێت باشترە، چونكە ئەو كەسانەی كە چارەسەری كیمیایی وەردەگرن ئاویان هەیە، بەڵام تۆوی تێدا نییە".

تائێستا لەهەرێمی كوردستان كەمترین كەس زانیارییان سەبارەت بەهەبوونی بانكی تۆو هەیە، بەبۆچوونی د.شیاو هەڵگرتنی تۆو تائێستا تەنیا حاڵەتە، بەڵام پێیوایە كاتی ئەوە هاتووە بكرێتە دیاردە كە ئەوەش پێویستی بەهۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەیە، چونكە بۆ نموونە كوڕێكی گەنج نازانێت هەڵگرتنی تۆو هەیە و ئێستا هیچ خەمێكی نییە، بەڵام كاتێك ژن دەهێنێت و كێشەی بۆ دروست دەبێت، ئەو كاتە هەست بەو كێشەیە دەكات.

پزیشكێكی نەخۆشی شێرپەنجە رایدەگەیەنێت، هەر نەخۆشێكی نێر سەردانی ئەوان بكات پێش پێدانی هەر چارەسەرێك، رەوانەی بانكی تۆوی دەكەن.

د.یاد نەقشبەندی، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە بەدواڕۆژی راگەیاند: بانكی تۆو زۆر گرنگە، نەخۆش زۆرن تووشی شێرپەنجە دەبن و رەنگە هێشتا نەچووبێتنە ژیانی هاوسەرییەوە یان منداڵیان دروست نەكردبێت، خەڵك هەیە تووشی شێرپەنجەی گون دەبێت، بۆ داهاتووش گەرەنتی نییە ئەو كەسە منداڵی ببێت یان منداڵەكانی بێ كەموكورتی بن.

د.یاد باسی لەوەكرد: بۆ نموونە نەخۆشی شێرپەنجەی كۆم كە تێیدا تیشك (لێزەر) بەكاردێت و لەشوێنەكە دەدرێت، ئەوەش زۆرجار دەبێتەهۆی دروستبوونی ترس بۆ دروستبوونی منداڵ، بۆیە ئێستا ئەوان لەنەخۆشخانەی هیوا كاتێك كەسێك تووشی شێرپەنجە دەبێت پێش وەرگرتنی هەر چارەسەرێك رەوانەی بانكی تۆوی دەكەن بۆ هەڵگرتنی تۆوەكەی ئەوەش ئارەزوومەندانەیە، بەڵام هەر نەخۆشێك كاتێك چارەسەری كیمیایی وەرگرت ئیتر پێویست ناكات تۆوەكەی هەڵبگرێت، چونكە سوودی نییە.

تووشبویەكی نەخۆشی شێرپەنجە كە تەمەنی 35 ساڵە و مامۆستایە و چۆتە ژیانی هاوسەرییەوە، بەڵام هێشتا نەبوونەتە خاوەنی منداڵ، ئەو تووشبووە پێی باش نەبوو ناوی ئاشكرا بكرێت بەدواڕۆژی راگەیاند: لەسەرەتای ئەمساڵەوە زانیویەتی تووشی شێرپەنجە بووە، بۆیە لەنەخۆشخانەی هیوا ئەو زانیارییەیان بۆ هەڵگرتنی تۆوەكەی پێداوە و ئەویش لەبانكی نەخۆشخانەیەك تۆوەكەی هەڵگرتووە.

ئەو تووشبووە پێشتر کاری تاکسی کردوە و زانیاری لەسەر ئەو بانكە هەبووە و وتی: "هەندێکجار كە نەفەرم دەگواستەوە باسیان لەهەبوونی ئەو بانكە دەكرد و بەكارێكی باشیان دەزانی، چونكە ئەگەر كەسێك دوای تووشبونی بەشێرپەنجە و چاك ببێتەوە و بتوانێت منداڵ دروست بكات، دەتوانێت تۆوەكەی خۆی بەكاربێنێتەوە". 

كوردستان عەبدولكەریم، توێژەری كۆمەڵایەتی بەدواڕۆژی راگەیاند: بوونی ئەو بانكی تۆوە كارێكی زۆر باشە، بەڵام لێرەدا چەند خاڵێكی دیكە گرنگن بۆ ئەوەی ئەو پڕۆسەیە لای نەخۆش باشتر وەربگیرێت، یەكەمیان پەیوەندی بەخودی پزیشكەكەوە هەیە كە تا چی رادەیەك رۆشنبیری تێگەیاندنی هەیە و بەو نەخۆشە دەڵێت بڕوات تۆوەكەی لەبانك هەڵبگرێت، دواتر لەڕووی میدیاییەوە هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان دەست پێبكات تا بەو پڕۆسەیە ئاشنا بن.

لەكوردستان بانكی خوێن هەیە كە لەو بانكەدا ئاڵوگوڕی خوێن لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەكرێت، بەڵام تائێستا هیچ كەسێك نەك هەر زانیارییان سەبارەت بەهەبوونی بانكی تۆو نییە، بەڵكو پێدان لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكەش نییە.

د.شیاو پێی باشە لەڕێگەی یاساوە رێگە بدرێت بەوەرگرتن و پێدانی تۆو لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە لەو رووەشەوە باسی لایەنی باشی و خراپی بەخشەر و وەرگر دەكات.

ناوبراو وتی: "لایەنی باشی ئەوەیە خەڵك هەیە هیچ تۆوێكی نییە و تا ماوە دەبێت منداڵێك هەڵبگرێتەوە و بەخێوی بکات، بەڵام دەتوانرێت لەو رووەوە تۆوێك وەربگرن و منداڵیان ببێت، بەڵام لایەنی خراپی ئەوەیە لەڕووی دینەوە لای ئێمە قبوڵ نییە".

هەروەها دەڵێت: "لایەنەكەی دیكەشی كە منداڵ گەورە بوو بۆی هەیە داوای ئەو كەسە بكات كە ئەو تۆوەی بەدایكی بەخشیوە، بەڵام ئەگەر لەحاڵەتێكدا ئاسایی بێت بەخشینی تۆو پڕۆسەكە بەنهێنی دەكرێت واتە كەس نازانێت كێ تۆوەكەی بەخشیوە و كەسیش نازانێت كێ وەریگرتووە، بەڵام لەهەمووی گرنگتر ئەو پڕۆسەیە پێویستی بەهۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە هەیە".

بەڵام د.محەمەد عەبدوڵا پێنجوێنی، ئەندامی لیژنەی باڵای فەتوای شاری سلێمانی بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: لەڕووی ئاینییەوە دروست نییە تۆوی كەسێكی دیكە بۆ منداڵبوونی خێزانێكی دیكە بەكاربهێنرێت، چونكە ئەوە پێی دەوترێت گۆڕینی (رەچەڵەك- نەسەب) و نابێت دەستكاری بكرێت.

وتیشی: "چونكە كاتێك منداڵێك لەدایك دەبێت پێویستە باوك و دایكی دیار بن، بەڵام كاتێك تۆوی كەسێك بەژنێكی دیكە دەدرێت لەو حاڵەتەدا رەچەڵەكی ژنەكە تێكەڵی رەچەڵەكی پیاوێكی دیكە دەكرێت، بۆیە دروست نییە، ئەگەریش بكرێت دەچێتە چوارچێوەی (تاوانی گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی و خێزانییەوە)".

داڕشتنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure