نرخی زێڕ لەبازارەکانی هەرێمدا به‌رزده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 11/06/2019‌ :: 6091‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محه‌مه‌د

نرخی زێڕ له‌ بازاڕه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا به‌رزده‌بێته‌وه‌ ‌و هه‌ر مسقاڵێكى نرخه‌كه‌ى 10 هه‌زار دینار زیاد ده‌كات.

 
دارا سدیق، زه‌ڕه‌نگه‌ر له‌ بازاڕی شاری سلێمانی به‌دواڕۆژی وت: "نرخی زێڕ له‌ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كدا گرانبونی به‌خۆیه‌وه‌ بینی به‌ جۆرێك بۆ هه‌ر مسقاڵێك حه‌وت هه‌زار دینار تا 10 هه‌زاردینار به‌رزبووه‌ته‌وه‌".

وتیشی: "هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی زێڕ په‌یوه‌ندی به‌ ڕه‌وشی سیاسی نێوان ئه‌مریكا و ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌و ماوه‌یه‌ی هه‌واڵه‌كان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ باشبوو ئه‌وا له‌بۆرسه‌ی جیهانییه‌وه‌ نرخه‌كه‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌ له‌بازاڕه‌كانی ناوخۆشدا گران ده‌بێت".

چاودێری بازرگانی سلێمانی كه‌ ڕۆژانه‌ نرخی زێڕ بڵاوده‌كاته‌وه‌ به‌وپێیه‌ش له‌ (29ى ئایارى 2019) نرخی یه‌ك مسقاڵ زێڕى عه‌یاره‌ 24 به‌ 247 هه‌زار بووه‌، به‌ڵام دوێنێ دووشه‌ممه‌ 10ى حوزیران نرخى یه‌ك مسقاڵ زێڕی عه‌یاره‌ 24 به‌ 256 هه‌زار و 500 دینار بووه‌.

سۆران غه‌فور، به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێری بازرگانی سلێمانی به‌دواڕۆژی وت: "نرخی زێڕ له‌بازاڕه‌كاندا په‌یوه‌ندی به‌ بۆڕسه‌ی جیهانیه‌وه‌ هه‌یه‌ ‌و هه‌ركاتێك نرخ گران بێت ئه‌وا له‌بازاڕه‌كانی هه‌رێمیش گران ده‌بێت، هه‌ر بۆیه‌ بۆڕسه‌ی جیهانی كاریگه‌ری له‌سه‌ر نرخ هه‌یه‌".

داڕشتنه‌وه‌: هـ.ق

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure