کەسوکاری دلین دوایین بڕیاری خۆیاندا

هەواڵ / کوردستان :: 10/06/2019‌ :: 6384‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا

دوای کۆبوونەوەی كه‌سوكاری دلینی 10 ساڵ بڕیاریانداوه‌ ته‌رمه‌كه‌ی له‌ پزیشكی دادوەری وه‌ربگرنەوە و سبه‌ی سیشەممە به‌ خاكی بسپێرن.


قادر سه‌یداوایی مامی دلین ئه‌و كچه‌ 10 ساڵه‌ی له‌ لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ كوژرا (ئه‌مڕۆ دووشه‌مە 10 حوزه‌یران 2019) بۆ دواڕۆژ وتی: "وه‌كو كه‌سوكاری دلین دوای كۆبوونه‌وه‌ و راوێژ له‌ نێوانماندا بڕیارمانداوه‌ ته‌رمه‌كه‌ی دلین وه‌ربگرین و له‌ رێوڕه‌سمێكی شایسته‌دا له‌ دهۆك بینێژین، بڕیاریشمانداوه‌ جارێ پرسه‌ی بۆ دانەنێین".

وتیشی: "زۆر رێكخراوی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی لە ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وە کردووە و پشتگیریی خۆیانیان بۆ ئێمه‌ را‌گەیاندووە‌، بۆئه‌وه‌ی یاسا رێكاری دروستی خۆی وه‌ربگرێت و بكوژی دلینی 10 ساڵ بگه‌یەنێته‌ سزای خۆی".

هه‌ر ئه‌مڕۆش كه‌سوكاری دلین و زۆرێك له‌ خه‌ڵكی دهۆك گردبوونه‌وەیە‌كیان له‌ به‌رده‌م بینای پارێزگای دهۆك رێكخست و داوای مافی دلینیان كرد.

دلین وەلید (تەمەن 10 ساڵ) چوارشه‌ممه‌ی رابردوو لە دهۆک بێسەروشوێنبوو و سێ رۆژ دواتر ته‌رمه‌كه‌ی لە نزیک یاریگای شاره‌كه‌ دۆزرایه‌وه‌ و دواتریش هاوڕێیه‌كی باوكی وه‌ك تۆمه‌تباری رووداوه‌كه‌ دیاریكرا كه‌ پێشتر له‌ موسڵ ژیاوه.

داڕشتنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure