زانیارى نوێ له‌باره‌ى دۆسیه‌ى ده‌ستگیركردنى نه‌جمه‌دین كه‌ریم ئاشكراده‌كرێت

هەواڵ / عێراق :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 2105‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

به‌رپرسێكى پۆلیسى ئینته‌رپوڵ له‌ عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: 653 هاوڵاتى عێراقى ئاماژه‌ى ده‌ستگیركردنیان له‌سه‌ره‌ و رونكردنه‌وه‌ش له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ى نه‌جمه‌دین كه‌ریم ده‌دات.


لیوا سادق فه‌ره‌ج عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى ئینته‌رپوڵ له‌ عێراق (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 10ى حوزه‌یرانى 2019) له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: 653 هاوڵاتى عێراقى هه‌یه‌ كه‌ ئاماژه‌ى سورى نێوده‌وڵه‌تیان بۆ ده‌رچووه‌ و چاوه‌ڕوانى ته‌واوكردنى ئه‌ودواى رێوشوێنه‌ یاساییه‌ پێویسته‌كان ده‌كه‌ین ده‌رباره‌ى دۆسیه‌ى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى داواكراوان.

وتیشى: "نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگارى پێشووى كه‌ركوك كه‌ له‌لایه‌ن دادگاى عێراقه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تى جیاجیا داواكراوه‌ ئازادنه‌كراوه‌، به‌ڵكو یاساى لوبنان رێگه‌ به‌ داواكراوان ده‌دات به‌ كه‌فاله‌ت له‌ زیندان ده‌ربچن پاش ده‌ست به‌سه‌راگرتنى پاسپۆرت و به‌ڵگه‌ تایبه‌ته‌كانیان تا ته‌واوكردنى دۆسیه‌ى تایبه‌ت".

له‌ 21ى ئایار ده‌ستگیركردنى نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگارى پێشووى كه‌ركوك له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى به‌یروت له‌ لوبنان ئاشكراكرا پاش ئه‌وه‌ى له‌ نه‌مساوه‌ به‌ره‌و ئه‌و وڵاته‌ گه‌ڕابووه‌وه‌.

ده‌رباره‌ى ئه‌میندارى پێشووى به‌غدادیش به‌رپرسه‌كه‌ى ئینته‌رپوڵ له‌ عێراق وتى: "ئینته‌رپوڵى سورى له‌باره‌ى ده‌ستگیركردنی ئه‌ندازیار نه‌عیم عبعوب، ئه‌میندارى پێشووى به‌غداى پایته‌خت ئاگادارى كردوینه‌ته‌وه‌، دۆسیه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌شى له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ عێراقییه‌كان ئاماده‌ده‌كرێت".

پێشتر دادگا بڕیارى ده‌ستگیركردنى بۆ نه‌جمه‌دین كه‌ریم ده‌كرد به‌هۆى تۆمه‌تباركردنى له‌ چه‌ند دۆسیه‌یه‌كى "گه‌نده‌ڵى و به‌فیڕۆدانى پاره‌ى گشتى".

لەدواى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 و هێرشى سوپاى عێراق بۆ سەر کەرکوک نەجمەدین کەریم شاره‌كه‌ى جێهێشت و لە هەولێر نیشتەجێبوو.

ئینته‌رپوڵ یان رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى بۆ پۆلیسى تاوان باره‌گاكه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ى له‌ لیۆن-ه‌ له‌ فره‌نسا و 181 وڵات ئه‌ندامن تیایدا.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure