بارى ناله‌بارى ئه‌نبار و ده‌رمانخانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 10/06/2019‌ :: 648‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
هه‌تا چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ریش رۆژ نه‌بوو له‌ شه‌قامێكى گه‌ڕه‌كه‌ میللییه‌كانى هه‌موو شارێكى كوردستاندا ده‌رمانخانه‌یه‌ك نه‌كرێته‌وه‌. دوكانى گه‌وره‌، دیكۆرى جوان، تابلۆى سه‌رنجڕاكێش، مژده‌ى كردنه‌وه‌ى ده‌رمانخانه‌یه‌كى تازه‌یان به‌ ئه‌هلى گه‌ڕه‌ك راده‌گه‌یاند. 

 
ده‌رچووى تازه‌ى كۆلیجه‌كانى ده‌رمانسازیى له‌ هه‌ڵپه‌یه‌كى سه‌رنجڕاكێشدا ئه‌مساڵانه‌ى رابوردوو ژماره‌ى ده‌رمانخانه‌ تازه‌كانى كوردستانیان گه‌یانده‌ ئاستى ژماره‌ى كافتریا و دوكانه‌كانى فه‌لافل.
- ئایا سیستمێك هه‌یه‌ ژماره‌ى ده‌رمانخانه‌ و ئه‌نباره‌كان دیارى بكات؟
(به‌ڵێ سه‌ندیكاى ده‌رمانسازانى كوردستان به‌رپرسى ئه‌و بابه‌ته‌یه‌ و ساڵانى پێشوو وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیى و سه‌ندیكاى ده‌رمانسازان به‌رپرسیار و ئاگادارى كردنه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌نبارێك و ده‌رمانخانه‌یه‌ك بون.) ئه‌مه‌ وه‌ڵامى ده‌رمانسازێكى ناسراوى شارى سلێمانییه‌ كه‌ له‌ درێژه‌ى قسه‌كانیدا وتى: (ئێستا كه‌س حیساب بۆ كه‌س ناكات بۆیه‌ وه‌زعه‌كه‌ واى لێهاتووه‌.)
- وه‌زعه‌كه‌ چى لێ هاتووه‌؟
ئێستا هه‌موو رۆژێك ده‌رمانخانه‌یه‌ك ده‌بینیت داده‌خرێت و ده‌بیستیت له‌تاو قه‌رزارى دایخستووه‌. به‌پێى ئاماره‌كانى دواڕۆژ ته‌نیا له‌ شارى سلێمانىدا له‌م ماوه‌یه‌ى رابوردوودا 40 ده‌رمانخانه‌ دایانخستووه‌.

- ره‌گ و ریشه‌ى ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌كوێوه‌یه‌؟
له‌ بنه‌ڕه‌تدا كردنه‌وه‌ى كۆلێجى ده‌رمانسازى مه‌سه‌له‌یه‌كى زۆر هه‌ستیاره‌ و پێویستى به‌ نه‌خشه‌كێشان و پلانى درێژخایه‌ن و به‌رچاوڕوونییه‌كى ته‌واو هه‌یه‌ چونكه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ سیاسه‌تى كۆنترۆڵى ده‌رمانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ژیانى هاووڵاتییانى له‌سه‌ربه‌نده‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى به‌رهه‌مهێنان و ئاماده‌كردنى كادیرى پزیشكى پسپۆڕه‌ كه‌ ده‌بێت به‌پێى پێویستییه‌كانى وڵات بێت. حاڵى حازر سێ كۆلێجى ده‌رمانسازى له‌هه‌ر سێ زانكۆكه‌ى هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانى كراونه‌ته‌وه‌ جگه‌ له‌و كۆلێجانه‌ى كه‌ هه‌ندێك زانكۆى ئه‌هلى كردوویانه‌ته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر به‌ ته‌زبیحیش حیسابى بكه‌یت ئه‌مه‌ زۆر له‌ پێداویستى و تواناى له‌خۆگرتن زیاتره‌ به‌تایبه‌ت كه‌ ره‌چاوى دابه‌شكردنێكى هاوسه‌نگی ده‌رمانسازه‌كان نه‌كراوه‌ به‌پێى پسپۆڕى و پێداویستى شار و شارۆچكه‌كان كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش بكرێت هێشتا ژماره‌ى ده‌رمانسازه‌كان زۆر له‌ پێویستى داموده‌زگا ته‌ندروستییه‌كانى هه‌رێم زۆرترن.

- كێ به‌رپرسه‌؟
ئه‌مه‌ پرسیارى ئێمه‌ بوو له‌ لێپرسراوێكى باڵاى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى كه‌ له‌ وه‌ڵامدا پێى وتین: (خۆى ده‌بێت كۆلێج و په‌یمانگا پزیشك و ته‌ندروستییه‌كان كه‌ ده‌كرێنه‌وه‌ پێشتر وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و ته‌نانه‌ت وه‌زاره‌تى پلاندانانیش گفتوگۆى له‌سه‌ر بكه‌ن. ئه‌مه‌ له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا هه‌رگیز په‌یڕه‌و نه‌كراوه‌ هه‌ر وه‌زاره‌ته‌ و به‌پێى بۆچوون و مه‌زاجى خۆى بڕیار له‌ كردنه‌وه‌ و نه‌كردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ فێركارییه‌كان ده‌دات.) هه‌ندێك شتیش بووه‌ته‌ چاولێكه‌رى. كه‌ كۆلێجى ده‌رمانسازى له‌ هه‌ولێر هه‌بێت، ئۆتۆماتیكییه‌ن ده‌بێت له‌ دهۆك و سلێمانیش هه‌بن.

- ئه‌مه‌ چى لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌؟
دیاره‌ ده‌رمانساز وه‌ك پزیشك خاوه‌نى پیشه‌یه‌. بازرگانیى ده‌رمانیش له‌ كوردستان و زۆر ناوچه‌ى ترى جیهاندا یه‌كێكه‌ له‌ بازرگانییه‌ هه‌ره‌ پڕقازانجه‌كان بۆیه‌ ژماره‌یه‌كى زۆرى خوێندكار روویان كرده‌ كۆلێجه‌كانى ده‌رمانسازى و دواى ته‌واوكردنى خوێندن كه‌وتنه‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ دانانى ده‌رمانخانه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى حیساب بكرێت بۆ ساده‌ترین یاساى دارایى و ئابوورى كه‌ یاساى عه‌رز و ته‌ڵه‌به‌.
(من بایى 6 ده‌فته‌ر ده‌رمانم به‌ قه‌رز دا به‌ ده‌رمانخانه‌یه‌كى تازه‌ كه‌چى ئێستا ده‌رمانخانه‌كه‌ داخراوه‌ و ده‌رمانسازه‌كه‌ش دیار نییه‌.) ئه‌مه‌ قسه‌ى خاوه‌ن ئه‌نبارێكى ده‌رمان و پێداویستى پزیشكییه‌ كه‌ خۆى و هه‌موو هاوكاره‌كانى ئه‌و ده‌رده‌یان به‌سه‌ردا هاتووه‌. كابراى ده‌رمانساز بایى چه‌ندین ده‌فته‌ر ده‌رمان ده‌كڕێت و ئوتومبیلێكى ئاخر مۆدێل ده‌خاته‌ژێر خۆى و پاش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك بۆى ده‌رده‌كه‌وێت قازانج سه‌رى مایه‌ى خواردووه‌. ده‌رمانخانه‌كه‌ دائه‌خات و یاسایه‌كى دیاریكراو نییه‌ سنوورێكى بۆ دابنێت.
كێشه‌كه‌ ته‌نیا هه‌ر زۆرى و بۆرى نییه‌ به‌ڵكو هه‌بوونى شوێنى زۆر بۆ فرۆشتن و ساغكردنه‌وه‌ى ده‌رمان بۆى هه‌یه‌ ببێته‌ كه‌ناڵێك بۆ فرۆشتن و دابه‌شكردنى ده‌رمان و مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان.
به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ نه‌ك ته‌نیا ژماره‌ى ده‌رمانخانه‌كان زۆرن به‌ڵكو مه‌دخه‌له‌كانیش زیاترن له‌ پێویستى هه‌رێم. ته‌نیا هه‌ر له‌ شارى سلێمانیدا 25 ئه‌نبارى ده‌رمان و پێداویستى پزیشكى هه‌یه‌ كه‌ ره‌نگه‌ له‌ شارى په‌كینیش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ مه‌دخه‌ر هه‌بێت، دیاره‌ خاوه‌نى راسته‌قینه‌ى به‌شێكیش له‌و ده‌رمانخانه‌ و مه‌دخه‌رانه‌ بازرگانى ئاسایین و ته‌نیا هه‌ر مۆڵه‌ته‌كه‌ به‌ناوى ده‌رمانسازى رێپێدراوه‌وه‌یه‌.

- ئه‌ى ته‌گبیر؟
ئه‌مه‌ پرسیارێكه‌ و ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ده‌رمانسازان و هاووڵاتییاندا به‌رزى ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ كاربه‌ده‌ستانى هه‌رێم.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure