به‌شێك له‌و ئه‌ستێرانه‌ى بوونه‌ سیاسه‌تمه‌دار

هەواڵ / که‌لتور :: 10/06/2019‌ :: 202‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


ئاساییه‌ خه‌ڵكانێك له‌ ئۆرگانه‌كانى حزب و ژیانى سیاسییه‌وه‌ پێ بگه‌ن و بگه‌نه‌ پۆسته‌ باڵاكانى به‌ڕێوه‌بردنى وڵاته‌كانیان به‌ پۆستى سه‌رۆكایه‌تیى وڵاتیشه‌وه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ تاڕاده‌یه‌ك ئه‌وه‌ جێى سه‌رنج بێت كه‌ نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و وه‌رزشكار و ئه‌ستێره‌ به‌ناوبانگه‌كان ببنه‌ سه‌رۆك و ده‌سه‌ڵاتدارى وڵاته‌كانى خۆیان. 

 
لێره‌دا چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌و ئه‌ستێرانه‌ بیردێنینه‌وه‌ كه‌ له‌ جیهانى هونه‌ره‌وه‌ چوونه‌ته‌ جیهانى سیاسه‌ت و ئیداره‌دانى پۆست و پله‌ باڵاكانى وڵاته‌كانیانه‌وه‌.

ـ ڤلادیمێر زیلینسكى:


زیلینسكى، وه‌ك ئه‌كته‌رێكى كۆمیدى و به‌رهه‌مهێنه‌رى فیلم و به‌رنامه‌ى ته‌نزئامێزى ته‌له‌فزیۆنى و سیناریست ده‌ركه‌وتبوو، كه‌چى له‌م ساڵدا (2019) بووه‌ سه‌رۆكى ئۆكرانیا.

ـ دۆناڵد ترامپ:


ترامپ كه‌ وا خولێكى سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌مریكا ته‌واو ده‌كات و چاوى له‌ خولى دووه‌میشه‌، هه‌ر بزنسمانێكى ملیاردێر نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌وادارێكى دنیاى هونه‌ریش بوو و له‌ چه‌ندین زنجیره‌ى ته‌له‌فزیۆنیدا وه‌ك (میوانى شه‌ره‌ف) به‌شداریى كردووه‌.

ـ ئاڕنۆڵد شوارزینیگه‌ر:


شوارزینیگه‌ر ئه‌كته‌ر و هونه‌رمه‌ندى ناودارى ئه‌مریكى كه‌ ناوبانگێكى جیهانیشى هه‌یه‌، له‌ ساڵى 2003دا بووه‌ به‌ حاكمى ویلایه‌تى كالیفۆرنیا و دوو خولى له‌سه‌ریه‌ك ده‌سه‌ڵاتدارى ئه‌و ویلایه‌ته‌ى وڵاته‌كه‌ى بوو. 

ـ رۆناڵد رێگان:


رێگان-ى هونه‌رمه‌ندى ناودارى ئه‌مریكا كه‌ رۆڵى پاڵه‌وانى له‌ چه‌ندین فیلمدا بینیوه‌ و سه‌رده‌مانێك به‌ دیارترین هونه‌رمه‌ندى ئه‌مریكا داده‌نرا، دوو خولى سه‌رۆكایه‌تیى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى له‌ 1981 تا 1989 به‌ڕێوه‌بردووه‌.

ـ شێرلى تێمپڵ:


ئه‌م كچه‌ هونه‌رمه‌نده‌ هێشتا ته‌مه‌نى حه‌وت ساڵان بوو كه‌ خه‌ڵاتى ئۆسكار-ى پێبه‌خشراوه‌ و به‌مه‌یش ناوبانگێكى جیهانیى په‌یداكرد. ئه‌كته‌رێكى سینه‌مایى و ته‌له‌فزیۆنى و سه‌ماكار و نووسه‌ر بووه‌. ئه‌میش له‌ ساڵى 1974 باڵیۆزى ئه‌مریكا بووه‌ له‌ گانا و له‌ ساڵى 1989یش باڵیۆزى وڵاته‌كه‌ى بووه‌ له‌ چیكۆسلۆڤاكیا-ى پێشوو.

ـ مانى باكیاو:


ئه‌م یاریزانه‌ى فلیپین 11 جار به‌ پاڵه‌وانى جیهانیى یاریى بۆكسێن هه‌ڵبژێردراوه‌. له‌ ساڵانى 2010 و 2016یش به‌ ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نه‌كانى نوێنه‌ران و پیرانى فلیپین هه‌ڵبژێردراوه‌.

ـ میكان ماركڵ:


ئه‌م خانمه‌یش یه‌كێك بووه‌ له‌ هونه‌رمه‌نده‌ به‌ناوبانگه‌كانى هۆڵیوود، به‌ڵام كه‌ هاوسه‌رگیریى له‌گه‌ڵ هارى دۆق ساسیكس-ى شازاده‌ى بریتانى كرد، ئه‌میش بووه‌ ئه‌ندامێكى گرنگى كۆشكى كنسینگتۆن.

ـ عه‌مران خان:


سه‌رۆك و سه‌رپه‌رشتیارى تیپى نیشتیمانیى پاكستان بوو بۆ یاریى كریكێت و له‌ ساڵى 1992دا له‌ تیپى ئینگلته‌راى برده‌وه‌ و جامى جیهانیى یارییه‌كه‌ى به‌ده‌ستهێنا. چوار ساڵ دواتر حزبێكى دامه‌زراند و له‌ ساڵى 2018دا بووه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى پاكستان.

ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق
 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure