سەبارەت بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما روونکردنەوە دەدرێت

هەواڵ / کوردستان :: 09/06/2019‌ :: 737‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی سلێمانی رەتیدەكاتەوە لەهەرێمی كوردستان پلەی گەرما بۆ 51 پلە بەرزببێتەوە، بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی-يش دەڵێت: "ئەو پلە گەرمایە زیاتر بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق-ە".

ئاسۆ كەمال، بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی (ئەمڕۆ 9ی حوزەیران)، بە دواڕۆژ-ی راگەیاند: "تائێستا هیچ روونكردنەوەیەك دەربارەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای هەرێمی كوردستان بۆ 51 پلە نەدراوە، پێناچێت ئەو شەپۆلە هەرێمی كوردستان بگرێتەوە و رەنگە تا رۆژی سێشەممەش پلەی گەرما بەمشێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، بۆیە ئەو شەپۆلە زیاتر ناوچەكانی باشور و ناوەڕاستی عێراق-ی گرتۆتەوە".

وتيشى: "ئەمڕۆ پلەی گەرما لەپارێزگای بەسرە 49 پلە بوو، بەغدا و عەممارە 47 پلە بووە، پارێزگای سلێمانی 38 و هەولێر 39 پلە بوون، بەڵام لەقەزاكانی خانەقین و كەلار و ناحیەی مەیدان ئەگەر پلەی گەرما 40 پلەی تێپەڕاندبێت، بەڵام بۆ نموونە پلەی گەرمای ئەمساڵ بەراورد بەساڵی رابوردوو دوو تا سێ پلە بەرزترە".

مەحمود عەبدولـلەتیف، سەرۆكی لیژنەی كەشوهەوا و بومەلەرزەزانی عێراق بەسۆمەرییە نیوزی راگەیاندبوو: "لەسبەینێوە تا رۆژی چوارشەممە پلەی گەرما دەبێتە 51 و 52 پلە كە ئەوەش بەرزترین پلەی گەرمایە لەمێژووی عێراق-دا".

پ: ئا.ح
بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە