نرخی مۆبایل به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو روو له‌ دابه‌زین ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 2528‌ جار بینراوە
خاوه‌ن دوكانێك: به‌راورد به‌ مۆبایله‌كانی تر هواوی نرخی كه‌متر دابه‌زیووه‌

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 


ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك ده‌بێت نرخی هه‌ر مۆبایلێك نزیكه‌ی 30 دۆلار دابه‌زیوه‌ و بازرگانێكی مۆبایلیش ده‌ڵێت: "به‌هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی وه‌رگرتنی باج و كێبڕكێی بازاڕ نرخی مۆبایل روو له‌ دابه‌زین ده‌كات".


كاروان حه‌یده‌ر، خاوه‌نى دوكانی مۆبایل له‌ بازاڕی كۆتری سه‌لامی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی وت: "چه‌ند رۆژێكه‌ نرخی مۆبایل رووی له‌ دابه‌زین كردووه‌، تا دێت نرخه‌كانیش به‌ره‌و دابه‌زینى زياتر ده‌چن". 

سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری دابه‌زینی نرخ كاروان وتی: "چه‌ند هۆكارێك هه‌ن بۆ دابه‌زینی نرخ به‌مجۆره‌ی ئێستا له‌وانه‌، به‌هۆی داواكاری زۆری كۆمپانیاكان له‌ حكومه‌ت كه‌ پێشتر باجێكی زۆریان خرابووه‌ سه‌ر كاڵاكانیان بۆ ئه‌مه‌ش حكومه‌ت ماوه‌یه‌كه‌ باجی هاورده‌كردنی مۆبایلی دابه‌زاندووه‌. هۆكارێكی تریش بریتیه‌ له‌وه‌ى له‌ بازاڕ كێبڕكێیه‌كی زۆر هه‌یه‌ بۆ زیاتر فرۆشتنی مۆبایل له‌ نێوان بازرگانه‌كان و خاوه‌ن دوكانه‌كان ئه‌مه‌ وایكردووه‌ نرخی مۆبایل زیاتر دابه‌زێت". 

سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكا له‌سه‌ر مۆبایلی هواوی كه‌ تا چه‌ند كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م كۆمپانیایه‌ كردووه‌ ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "به‌رهه‌مه‌كانی كۆمپانیای هواوی بازاڕیان باشه‌ و له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كه‌ش چه‌ند دۆلارێك دابه‌زیووه‌، به‌گشتی خه‌ڵك وه‌ك پێشتر به‌ گه‌رموگوڕیه‌وه‌ مۆبایلی هواوی ده‌كڕن، به‌راورد به‌ مۆبایله‌كانی تر هواوی نرخی كه‌متر دابه‌زیووه‌". 

لای خۆشییه‌وه‌ نه‌وزاد ئه‌دهه‌م، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: دابه‌زینی نرخی مۆبایل په‌یوه‌ندی به‌ دابه‌زاندنی رێژه‌ی وه‌رگرتنی باجه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی سنوره‌كانی نێوان هه‌رێم و عێراق له‌ رووی بازرگانیی و وه‌رگرتنی باجه‌وه‌ یه‌كخران. ئه‌وكات وه‌رگرتنی باج له‌سه‌ر كاڵا و شتومه‌ك زیادكرا، به‌ڵام له‌ ئێستادا وه‌رگرتنی باج كه‌مبۆته‌وه‌. 

وتیشی: "بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جگه‌ له‌وه‌ی بۆ فرۆشتنه‌وه‌ی مۆبایل باشه‌، به‌ڵام له‌ شاره‌كانی تری عێراق-یش دێن مۆبایل له‌ هه‌ولێر-ه‌وه‌ ده‌به‌ن كه‌ ئه‌مه‌ش بازاڕی مۆبایلی باشتر كردووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مۆبایلێكی زۆر هاورده‌ ده‌كرێت، بۆیه‌ نرخه‌كانیش روو له‌دابه‌زین ده‌كه‌ن". 

پ: ئا. ح
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure