"ململانێى لایه‌نه‌كان رێگه‌نادات یاساى تایبه‌ت به‌ په‌روه‌ردە و خوێندنى باڵا هه‌بێت"

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 464‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

تائێستا له‌ هه‌رێمى كوردستان، یاسایه‌كى تایبه‌ت به‌ كه‌رتى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا نییه‌ و به‌رپرسێكى یه‌كێتى مامۆستایان-یش ده‌ڵێت: "به‌هۆى ململانێى حیزب و لایه‌نه‌كان، هه‌ردوو بواره‌كه‌ بێ یاساى تایبه‌ت به‌ خۆیانن".


ئه‌حمه‌د گه‌رمیانى، جێگرى سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان به‌ دواڕۆژ-ى راگه‌یاند: "ماوه‌یه‌كى زۆره‌ یه‌كێتى مامۆستایان له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانى بواره‌كه‌ و ليژنه‌ى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵاى په‌رله‌مانى كوردستان خه‌ریكى ئاماده‌كردنى پڕۆژه‌یاساى تایبه‌ت به‌ په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵایه‌، چونكه‌ به‌داخه‌وه‌ تائێستا ته‌نیا یاساى تایبه‌ت به‌ په‌یكه‌رى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا هه‌یه‌".

وتیشى: "له‌ خولى رابردووى په‌رله‌مانى كوردستان-دا، فراكسیۆنه‌كانى یه‌كێتى، پارتى، گۆڕان و وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا و ليژنه‌ى په‌روه‌رده‌ و لایه‌نه‌كانى دیكه‌ش پڕۆژه‌یان هه‌بوو، به‌ڵام به‌هۆى ململانێى لایه‌نه‌كان ئه‌و پڕۆژه‌ گرنگانه‌ په‌كخراون".

له‌ئێستادا لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵاى په‌رله‌مانى كوردستان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى مامۆستایان ئاماده‌كارى بۆ ده‌رچوواندنى یاساى تایبه‌ت به‌ بواره‌كانى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا ده‌كه‌ن.

له‌وباره‌یه‌وه‌ راهی رەهبەر، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان به‌ دواڕۆژ-ی راگەیاند: سێ پڕۆژەمان بۆ هەمواری یاسای پەروەردە لەهەرێم ئامادەكردووە، كە یەكێكیان پڕۆژەی وەزارەتی پەروەردەیە و دوو پڕۆژەكەی دیكەش پڕۆژەی فراكسیۆنەكانە.

وتیشى: "بۆ خوێنى باڵا پڕۆژه‌ى هاوبه‌شه‌مان ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى یاسایه‌كى گرنگ و سه‌رده‌میانە بۆ ئه‌و بواره‌ گرنگه‌ هه‌بێت، به‌پێى یاسا مافى مامۆستایان و خوێندكاران پارێزراو بێت".

پ: ئا.ح

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure