رۆژى (مه‌نعه‌ ته‌جه‌وله‌كه‌)ى سلێمانى

هەواڵ / که‌لتور :: 09/06/2019‌ :: 325‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

په‌نجا و شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له‌ رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا كه‌ ده‌كاته‌ 9ى حوزه‌یرانى ساڵى 1963، حكومه‌تی عێراق ره‌شبگیرییه‌كی فراوانى له‌ سلێمانی به‌ فه‌رمان و سه‌رپه‌رشتی (زه‌عیم سدیق) كه‌ عه‌ره‌بێكی ره‌گه‌زپه‌رست و دژه‌كورد بوو ده‌ستیپێكرد و خه‌ڵكێكی زۆری له‌ دانیشتوانى شاره‌كه‌ ده‌ستگیر و راپێچى (حامیه‌ی سلێمانی)ى كرد.


ئه‌و په‌لاماره‌ى زه‌عیم سدیق كه‌ به‌ رۆژى (مه‌نعه‌ ته‌جه‌وله‌كه‌) ناوده‌برێت، هه‌موو چین و توێژه‌كانی دانیشتووى شارى سلێمانیى گرته‌وه‌، هه‌ر له‌ فه‌رمانبه‌ری گه‌وره‌ی حكومه‌تی عێراق تا ده‌گاته‌ مامۆستا و خوێندكار و كاسبكار و وه‌رزشه‌وان و...هتد كه‌ كۆمه‌ڵێكى زۆریان لێ گولـله‌باران كران و به‌ كۆمه‌ڵ خرانه‌ چاڵه‌وه‌ و به‌ شۆفڵ داپۆشران.

مه‌رامى حكومه‌تى به‌عس و زه‌عیم سدیق له‌و تاوانه‌، چاوترساندنى خه‌ڵكى سلێمانى بوو بۆ ئه‌وه‌ى پشتگیریى له‌ شۆڕش نه‌كه‌ن، به‌ڵام ئاواته‌كه‌یان نه‌هاته‌دى و رۆژ به‌ڕۆژ گیانى شۆڕشگێریى لاى خه‌ڵكى سلێمانى زیاتر جۆشى ده‌دا و په‌ره‌یده‌سه‌ند.

ئێستا، ئه‌و (حامیه‌)یه‌ى ئه‌وساى سوپا مۆڵدراوه‌كه‌ى به‌عس له‌ سه‌نته‌رى شارى سلێمانیدا، (پاركی ئازادی)یه‌. پاركێكى سه‌وزى پڕ له‌ ژیان و نوێبوونه‌وه‌یه‌. جێگه‌ى پشوودان و حه‌وانه‌وه‌ى خه‌ڵكى شار و كه‌سوكارى شه‌هیدانى 9ى حوزه‌یرانى شه‌ست و سێ-یه‌. شوێنى تایبه‌تى مه‌له‌كردن و كاتبه‌رسه‌ربردن و وه‌رزشكردن و ته‌نانه‌ت (سه‌كۆى ئازادى)یشى لێیه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى ده‌نگى ره‌خنه‌ و ده‌ربڕینى بیرى ئازاد كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین سیماكانى خه‌ڵكى سلێمانى.

هه‌ر له‌م حامیه‌یه‌ى ئه‌وسا و پاركى ئازادیى ئێستادا، مۆنۆمێنتی شه‌هیدانی 9ی حوزه‌یرانی 1963یش هه‌یه‌ كه‌ ناوى سه‌رجه‌م شه‌هیده‌كانى ئه‌و كاره‌ساته‌ى له‌سه‌ر تۆماركراوه‌.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە