بڕی 100 هەزار دۆلار بە گەنجان دەدرێت

هەواڵ / ئابوری :: 09/06/2019‌ :: 21889‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

رێكخراوێكی كه‌نه‌دی بڕی 100 هه‌زار دۆلار ده‌داته‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ى خاوه‌نی بیرۆكه‌ی بزنس و بازرگانین و ئه‌و پاره‌یه‌ش هیچ زیاده‌یه‌كی ناخرێته‌سه‌ر و له‌ ماوه‌ی ساڵێك و شه‌ش مانگ ته‌واوی پاره‌كه‌ راده‌ست ده‌كرێت. 


به‌مه‌به‌ستی ئاشناكردنی گه‌نجانی خاوه‌ن بیرۆكه‌ی بازرگانی، رێكخراوی كه‌نه‌دی بۆ گه‌شه‌پێدانی كاری بزنس (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 9ى حوزه‌یرانى 2019) له‌ هه‌ولێر كۆنفڕانسێكی سازكرد و به‌رنامه‌ و پلانی بۆ گه‌نجان روونكرده‌وه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی بیرۆكه‌ و پڕۆژه‌ی بازرگانیان هه‌یه‌ و ده‌یانه‌وێ له‌ داهاتوودا بیخه‌نه‌ بواری كاركردنه‌وه‌. 

هێمن فه‌رید، نوێنه‌ری رێكخراوی كه‌نه‌دی بۆ گه‌شه‌پێدانی كاری بزنس به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: رێكخراوه‌كه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستان پڕۆژه‌یه‌كی هه‌یه‌ كه‌ هاوكاری گه‌نجان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ خاوه‌ن كاری خۆیان و داهات به‌ده‌ستبێنن.

وتیشی: "هاوكاری سه‌د گه‌نج ده‌كرێت و بڕێك پاره‌یان به‌ قه‌رز پێده‌درێت كه‌ له‌ دوو هه‌زار دۆلاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تاوه‌كو 100 هه‌زار دۆلار، ئه‌وه‌ش له‌پێناو ئه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نجه‌ بتوانێ بیرۆكه‌ و پڕۆژه‌ بازرگانییه‌كانی خۆی بخاته‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌ و بێته‌ خاوه‌نی كار". 

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: تاكه‌ مه‌رج بۆ پێدانی پاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت ئه‌و گه‌نجه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی پێیده‌درێت كاری پێبكات و داهاتی پێ به‌ده‌ستبێنێت و دواتر به‌پێی رێككاره‌كان پاره‌كه‌ی لێوه‌رده‌گیرێته‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ریشدا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی زیاده‌ی لێوه‌رناگیرێت. 

روونیشیكرده‌وه‌: ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ له‌ وڵاتان زۆر كاریگه‌ری باشی له‌سه‌ر گه‌نجان هه‌بووه‌ و بوونه‌ته‌ خاوه‌ن كاری خۆیان و داهاتیان زۆر باشه‌.

داڕشتنەوە: ک. س
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure