سەرکردایەتییەکی پارتی: بۆ پێكهێنانی حكومەت چیتر چاوەڕێی هیچ لایەنێك ناكه‌ین

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 09/06/2019‌ :: 319‌ جار بینراوە
ئەكرەم ساڵح

  دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار


لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دواڕۆژ، ئەكرەم ساڵح ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت: سبەی سەرۆكی هەرێم سوێندی یاسایی دەخوات و دواتر كاندیدی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ رادەسپێردرێت و لەماوەی مانگێك حكومەتی نوێ‌ پێكدێت و دەشڵێت: "پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت، چیتر چاوەڕێی هیچ لایەنێك ناكات". لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكانی نێوان پارتی و یەكێتی-ش دەڵێت: "رێككەوتنەكان هەڵنەوەشێندراونەتەوە، بەڵكو هەڵپەسێردراون".

دواڕۆژ: یەكێتی و پارتی یەكتر بە پێشلكاری و لادان لە رێككەوتنەكانی نێوانیان تۆمەتبار دەكەن، ئێستا ئەو رێكەوتنانەی لە نێوان هەردوولا كراوە، بایەخی پێشووی ماوە یاخود كۆتایی هاتووە؟
ئەكرەم ساڵح:
بەپێی رێكەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی كە لە 4ی ئازاردا كراوە، هەروەها لە پاشكۆی رێككەوتنەكە پرسی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان یەكلایی كراوەتەوە، كە دانانی پارێزگارێك كورد لە پشكی یەكێتی بە رێككەوتن دەبێت لەنێوان جەنابی كاك مەسعود بارزانی و كاك كۆسرەت، دانانی ئەو پارێزگارە لەگەڵ هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم دەبێت، بەڵام هەموو خەڵك دەزانێت كە یەكێتی پاشەكشەی لەو رێككەوتنە كردووە، چونكە بەشداریان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و دەنگدان بە كاندیدی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان نەكردووە.
سەبارەت بە بایەخی رێككەوتنەكان، ئەوا لەوانەیە پارتی بە رێككەوتنەكانی لەگەڵ یەكێتی بچێتەوە، چونكە یەكێتی پابەندی هەرسێ‌ رێككەوتن نەبووە، كە یەكێتی پابەندنەبێت ئەوا پارتیش موlزەم نییە بە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان، بۆیە ئەگەر بارودۆخەكە ئەوە بخوازێت ئەوا پارتی پێداچوونەوە بە رێككەوتنەكانیدا دەكات، بەڵام تائێستا كۆتایی نەهاتووە بەڵكو هەڵپەسێردراوە.

دواڕۆژ: ئەگەر لەگەڵ یەكێتی نەگەیشتنە رێككەوتن، پارتی بەبێ‌ یەكێتی حكومەت پێكدێنێت؟
ئەكرەم ساڵح:
پارتی لەپێناو یەكڕیزی نێو ماڵی كوردستان و سەقامیگری زیاتر بۆ هەرێم، پشوو درێژییەكی زۆری نواندووە، تەنانەت ماوەی هەشت مانگە پارتی لەگەڵ یەكێتی لە دانووستاندندایە و نەرمی زۆری نواندووە بۆئەوەی حكومەتێكی بەهێز دروستبێت و ئەو حكومەتە رەنگدانەوەی ویستی لایەنەكان و خەڵكی كوردستان بێت، بەڵام یەكێتی پابەندی رێككەوتنەكان نەبووە، بۆیە بێگومان پارتی هەنگاوەكانی دامەزراندنی كابینەی نوێ‌ دەستپێدەكات و لەسەر هیچ لایەنێكی دیكە ناوەسێت و رۆژی 10ی مانگ سەرۆكی هەرێم سوێندی یاسایی دەخوات و دواتر كاك مەسروور بارزانی وەكو كاندیدی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ رادەسپێردرێت تاوەكو لەماوەی مانگێكدا كابینەی نوێ‌ پێكبهێنێت، جا ئەگەر یەكێتی پێداچوونەوە بە خۆیدا بكات و پابەندی رێككەوتن بێت ئەوا بەدڵنیاییەوە دەرگا لەسەر هیچ لایەنێك دانەخراوە.

دواڕۆژ: بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، ئەگەر حكومەت بەبێ‌ یەكێتی دروستبكرێت ئەوا دەسەڵاتەكانی ئەو حكومەتە تاوەكو دێگەڵە دەبێت، كەوایە پێكهێنانی حكومەت بەبێ‌ یەكێـی تاچەند مەنتقییە؟
ئەكرەم ساڵح:
نەخێر وانییە، ئەو حكومەتە حكومەتی شەرعییە و هەر كەسێكیش لە دژی حكومەت بوەستێتەوە ئەوا بە دەرچوو لە یاسا هەژماردەكرێت و ئەوكات لە بەرامبەر خەڵكی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رووی راستی دەردەكەوێت، چونكە ئەم حكومەتە، حكومەتێكی شۆڕشگیڕی و رێكکەوتن لەسەركراو نییە، بەڵكو حكومەتێكی شەرعییە و لە ئەنجامی هەڵبژاردن دروستدەبێت و هەر لایەنێك لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بتوانێت 50+1 بەدەست بێنێت، ئەوا مافی خۆیەتی حكومەتی لەسەرتانسەری كوردستان پێكبێنێت و هەر لایەنێكیش پابەندی بڕیارەكانی حكومەت نەبێت ئەوا بە دەرچوو لە یاسا هەژماردەكرێت. 
لە هەموو دونیادا بە یاساو رێسا دادەمەزرێت و كاردەكات، ئێمە زۆرمان پێخۆشە ئەو حكومەتی داهاتوو، حكومەتێكی سەرجەم لایەنەكان بێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرجەی كە ناوچەكەی پێداتێپەڕ دەبێت، ئەگەرنا  لەهیچ شوێنێكی دونیادا نییە كە حكومەت لەسەر بنەمای پارێزگا و ناوچە دابمەزرێت، بۆیە لەبەرئەوە هەڵبژاردن بەشێوەیەكی مەدەنیانە كراوە، ئەوا دەبێت سەرجەم لایەنەكان پابەندبن بە یاسا و رێساكانەوە، بۆیە پارتی رەچاوی ئەو حاڵەتەی كردووە بۆیە پێیباشە حكومەتی داهاتوو رەنگدانەوە زۆربەی لایەنەكان بێت بۆ ئەوەی كورد نەك زیان بەڵكو قازانج بكات، بەڵام ناكرێت چارەنووسی ئەو میللەتە لەسەر لایەنێك بوەستێت.

دواڕۆژ: بۆچی دەبێت كەسێك بكرێتە پارێزگاری كەركوك بە دڵی پارتی بێت؟ بۆچی پارتی ئەوەندە پێداگیری لەسەر ئەو داخوازییەی دەكات؟
ئەكرەم ساڵح:
روونكردنەوەكەی كاك فەرەیدون عەبدولقادر زۆر روونە، كە پارتی داوای لێنەكردووە بكرێتە پارێزگاری كەركوك بەڵكو كاك كۆسرەت داوای لێكردووە ببێتە پارێزگاری كەركوك، دوای ئەوەی ئەوان رازی بوون و بە جەنابی سەرۆك بارزانیان وتووە، بۆیە جەنابی سەرۆك و پارتی لاری نەبووە كاك فەرەیدون عەبدولقادر وەكو كەسێكی بێلایەن ببێتە پارێزگار، كە بێگومان رەزامەندی پارتی و یەكێتی و لایەنەكانی دیكەی كەركوكی لەسەر دەبێت.
پێداگیری پارتی بۆ دانانی پارێزگارێك بۆ ئەوەیە كە كەسێكی نیشتمانپەروەر بكرێتە پارێزگاری كەركوك كە خزمەتی پارێزگاكە بكات و رەزامەندی هەموو پێكهاتەكانی لەسەربێت.

دواڕۆژ: بۆچی پارتی لە موسڵ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان رێكدەكەوێت بۆ دانانی پارێزگارێك بۆ ئەو شارە، بەڵام لەگەڵ یەكێتی ئامادەنییە پارێزگارێك دابندرێت كە بە دڵی نەبێت؟
ئەكرەم ساڵح:
پرسی موسڵ و كەركوك دوو بابەتی جیان، هەرگیز لە مێژوودا كورد داوای پارێزگاری موسڵی نەكردووە چونكە كێشەی كورد لەسەر كەركوك بووە نەك موسڵ، هەرچەندە رێژەیەكی زۆر لە دانیشتووانی موسڵ كوردن و ئەو رێژە زۆربەیان جەماوەر و لایەنگیری پارتین، پارتی لە موسڵ لیستی دووەمە، بۆیە بارودۆخی موسڵ و كەركوك جیان و لە موسڵ خیانەت نەكراوە بەڵكو داعش داگیریكردووە، بەڵام لە كەركوك پارێزگا و ئەمنیەت و ئاسایشی بە دەستی كورد بووە و لەلایەن كۆمەڵێك كەسەوە رادەستكراوە. 

دواڕۆژ: بەلای پارتی دانانی پارێزگارێكی كورد لە پشكی یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك باشترە یاخود ماوەی دۆخی پارێزگاكە بەوشێیوەی ئێستا، كە چەندین گرفت بۆ كوردانی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان دروستبووە؟ 
ئەكرەم ساڵح:
بەلای ئێمەوە دانانی پارێزگارێكی كورد باشترە، بەڵام دۆخی كەركوك لە دەستی پارێزگاریش نییە، بەڵكو ئەو پارێزگارەی ئێستا لە پشكی عەرەبە و دەسەڵاتی ئەمنی شارەكە پشگیری دەكەن، بەڵام ئەگەر دۆخی كەركوك ئاسایی نەكرێتەوە ئەوا دانانی پارێزگاری كورد كێشەكە چارەسەرناكات، بەڵكو ئەو پارێزگارەی دادەنرێت كارتۆنی و بێدەسەڵات دەبێت.
ئێمە پێمانوایە دەبێت حەشدی شەعبی شارەكە جێبهێبڵن، پێشمەرگە و سوپای عێراق لە دەرەوەی كەركوك، شارەكە بپارێزن مەلەفی ئەمنی رادەستی پۆلیس بكرێت و پارێزگارێكی كورد بە تەواوی دەسەڵاتەكانیانەوە دانبدرێت بۆئەوەی دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە.
ئێمە نیگەرانین لە دۆخی كەركوك و دەمانەوێت ئاسایی بكرێتەوە، دواتر بە رێككەوتن پارێزگارێكی كوردی بێلایەن داندرێت تاوەكو لە هەڵبژاردنی داهاتوو هەرلایەنێك توانی دەنگی پێویست بهێنێت ئەوا پارێزگار دابنێت.

پ: ک. س
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure