ئاگرێكى به‌هێز سنورى هاوینه‌هه‌وارێكى هه‌ڵه‌بجه‌ى گرتوه‌ته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 09/06/2019‌ :: 247‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

له‌ نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆوه‌ ئاگرێكى به‌هێز له‌ نزیك سه‌یرانگاى ئه‌حمه‌دئاواى سه‌ر به‌ ناحیه‌ى خورماڵ كه‌وتوه‌ته‌وه‌، تیمه‌كانى ئاگركوژێنه‌وه‌ى سنوره‌كه‌ش له‌ هه‌وڵى كۆنتڕۆڵكردنى ئاگره‌كه‌دان.


زانیار عومه‌ر، وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌رگرى شارستانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: له‌ نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یەکشەممەوه‌ به‌ هۆكارێكى نادیار ئاگرێكى به‌هێز زنجیره‌ شاخه‌كانى نزیك گوندى ئه‌حمه‌دئاوا و سه‌یرانگاى ئه‌حمه‌دئاواى سه‌ر به‌ ناحیه‌ى خورماڵى گرتوه‌ته‌وه‌ و له‌ ئێستاشدا تیمه‌كانى ئاگركوژاندنه‌وه‌ى خورماڵ سه‌رقاڵى كۆنتڕۆڵكردنى ئاگره‌كه‌ن.

وتیشی: "به‌ دیاریكراوى نازانرێت ڕووبه‌رى چه‌ند له‌ دارستانى سروشتى و پوش و پاوانى سنوره‌كه‌ سوتاون، هاوكات تا ئێستاش ڕوون نه‌بووه‌ته‌وه‌ به‌ چ هۆكارێك ئه‌و ئاگره‌ له‌و سنوره‌ كه‌وتوه‌ته‌وه‌".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: له‌ماوه‌ى سێ ڕۆژى جه‌ژندا به‌هۆى 27 حاڵه‌تى ئاگركه‌وتنه‌وه‌، ڕووبه‌رى 150 دۆنم له‌ زه‌وى كشتوكاڵى و پوش و پاوان و دارستانى سروشتى ناوچه‌كه‌ سوتاون.

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure